هەم تاڵ و هەم شیرین؛ پڕۆسەى ئاشتى لە چاوى کەسوکارى گەریلاکانى پەکەکەوە

8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەشێک لە کەسوکارى گەریلاکان رەخنە لە پەکەکە دەگرن، هەندێکی تریش بە شانازییەوە باسیان لە ئەندامانی خێزانەکەیان کرد کە لە شەڕی ئەو گروپەدا گیانیان لەدەستداوە، پێیان وایە ئەم قوربانیدانە زەمینەی بۆ دانوستانەکانی ئاشتی خۆش کردووە.
  • زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیادایە. پرۆسەی ئاشتی ناتوانێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە بەردەوام بێت
  • روون نییە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات. پرسیارێک هەیە لەبارەی چارەنووسی هەزاران چەکداری بە رەچەڵەک تورک لە ناو پەکەکە کە ئایا ڕێگەیان پێدەدرێت بچنەوە نێو کۆمەڵگەی تورکیا یاخود نا؟
Primary Asset

ململانێی پەکەکە لەگەڵ تورکیا کە 40 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بە یەکێک لە درێژخایەنترین ململانێکانی جیهان دادەنرێت

سبەى

کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیارى هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانى ئاشکراکرد، لەیلا هیوای خواست کە ڕەنگە بەم زووانە بتوانێت جارێکی دیکە کوڕەکەی ببینێتەوە.

سێ ساڵ لەمەوبەر کوڕەکەی کە لەفە فرۆش بوو، ماڵەکەی بەجێهێشت و پەیوەندی بەو گروپەوە کرد. لەوکاتەوە لەیلا تەنها دوو ڤیدیۆی کوڕەکەی بینیوە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەیبینیوە. کە دوایین جار لە مانگی ئازاردا بڵاوکرایەوە.

لەیلا کە لە ترسی تۆڵەسەندنەوە ناوەکەی گۆڕداوە دەڵێت: "کاتێک بۆ یەکەمجار گوێم لە ڕاگەیاندنەکەیان بوو، زۆر دڵخۆش بووم، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هیچ شتێک نەگۆڕاوە". 

ململانێی پەکەکە لەگەڵ تورکیا کە 40 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بە یەکێک لە درێژخایەنترین ململانێکانی جیهان دادەنرێت. شەڕەکە زیاتر لە 40 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە کە بەشێکی زۆریان خەڵکی مەدەنی بوون.

بەشێک لە کەسوکارى گەریلاکان قسەیان بۆ کەناڵى (بی.بی.سی) کردووە و رەخنەیان لە پەکەکە گرتووە، هەندێکی تریش بە شانازییەوە باسیان لە ئەندامانی خێزانەکەیان کرد کە لە شەڕی ئەو گروپەدا گیانیان لەدەستداوە، پێیان وایە ئەم قوربانیدانە زەمینەی بۆ دانوستانەکانی ئاشتی خۆش کردووە.

ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن پەکەکە وەک ساتێکی مێژوویی سەیر دەکرێت. بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی فەرمی لەگەڵ تورکیا دەستی پێنەکردووە و ئاگربەستێکیش بەشێوەیەکی فەرمی رانەگەیەنراوە و لەهەردوولاشەوە راپۆرتی قوربانیانی گیانی بەردەوام هەیە.

پەکەکە لە سەرەتادا بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە تورکیا دامەزرا، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکانەوە سەرنجی خۆی گۆڕیوە بۆ داواکردنی ئۆتۆنۆمییەکی زیاتری کولتووری و سیاسی بۆ کورد.

لەیلا کە لە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی کوردستانی عێراق لەسەر سنووری تورکیا دەژی، دەڵێت ناوی پەکەکەى نەبیستبوو، تا کوڕەکەی - کوردێکی عێراقی لە بیستەکانی تەمەنیدا - ڕۆژێک چووەوە ماڵەوە و باسی ئایدۆلۆژیای ئەو گرووپەی کرد. 

لەیلا دەڵێت کوڕەکەی وردە وردە سەربەخۆتر بووە و جێگەی خۆی دروستکردووە و جلەکانى خۆی شۆردووە و قاپەکانیشی شۆردووە. ئێستا پێی وایە ئەوکات پەکەکە ئامادەی دەکرد بۆ ژیانێکی سەختی شاخ.

(بی.بی.سی) بە مۆڵەتێکی دەگمەن بۆ وێنەگرتنی پەکەکە گەشتێکی بۆ چیاى قەندیل کرد. ئەم زنجیرە چیایە بە جوانییە سروشتییەکانی ناسراوە، پەناگەی هەزاران چەکداری پەکەکەیە بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا. 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی تیمەکە لە بازگەی پەکەکە، وێنەی گەورەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردە و دامەزرێنەری گروپەکە، کە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی تاکەکەسی لە تورکیا سزاکەی بەسەر دەبات، لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی شاخەکاندا دەبینران. بەڵام کاتێک (بی.بی.سی) گەیشتە ئەو بازگەیە، پەکەکە ڕێگەی نەدا بچنە ژوورەوە. دواتر بەرپرسانی پەکەکە ڕایانگەیاند، سەرقاڵى دانوستانن و نایانەوێت سەرنجی میدیاکان ڕابکێشن.

"داماڵینی چەک بابەتی گفتوگۆ نییە"

تائێستا وردەکاریی لەبارەى وادەى ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە دیاری نەکراوە. پەکەکە لە بەیاننامەیەکی نووسراودا جەختیکردەوە "جدییە" سەبارەت بە پرۆسەکە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیادایە. پرۆسەی ئاشتی ناتوانێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە بەردەوام بێت".

 بەڵام ئاماژەیەک بۆ ئەو ئاڵنگارییەى کە لە پێشە لە لێدوانەکانی فەرماندەیەکی باڵای خۆجێیی پەکەکە لە عێراقدا دەبینرێت، کە پێیوایە "داماڵینی چەک بۆ گفتوگۆ نییە". ئەو کە تا ئێستاش گومانی لە نیازی تورکیا هەیە، دەڵێت: "هەرکاتێک هۆکارەکانی شەڕی چەکداری نەهێڵران، چیتر چەک هیچ سوودێکی بۆ هیچ لایەنێک نابێت".

هەندێک ئامادەیی رواڵەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ پەکەکە، بە هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی کورد بۆ دەستووری نوێی تورکیا کە ئامانج لێی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی 22 ساڵەی تورکیایە، دەزانن، بەڵام ئەو ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

ئەردۆغان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" وەسف کرد و دەڵێت: "سەردەمێکی نوێ لە دوای "نەهێشتنی تیرۆر و توندوتیژی" دەست پێدەکات.

بۆ هەندێک خێزان کە ئازیزانیان لە شەڕی پەکەکە کوژراون، بیرکردنەوە لە کۆتایی هاتنی ململانێکان هەم تاڵە و شیرینە و هەم دڵتەزێنە.

کاوە تەکور دوو ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی 21 ساڵیدا کوژرا، خوشکەکەی بە ناوی ڕوندەک کە لە شاری سلێمانی عێراق نیشتەجێیە، دوایین جار لە چیای قەندیل لە ساڵی 2019 بینیویەتی. لە ماڵەکەیاندا کە وێنەی کاوە لە دیوارەکانی ژووری میواندا ڕیزکراون، ڕۆندەک دەڵێت مردنی براکەی ژیانی خێزانەکەی گۆڕی. بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت: "هەمیشە خەون بەوەوە دەبینم".

ڕۆندەک کە تەمەنی لە بیستەکاندایە، تائێستاش دوا گفتوگۆیان لەبیرە و دەڵێت: “پرسیارم لێکرد حەز دەکەیت لەگەڵم بێتەوە ماڵەوە، وتی ”هەرگیز". "تەنانەت داوای لێکردم بچمە شاخ و لەگەڵیدا بچم".

بۆ ڕوندەک و بنەماڵەکەی کە پشتیوانی پەکەکە دەکەن، هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە ساتێک پڕە لە "شانازی و ئازار، بەتایبەتی دوای قوربانییەکى وەها گەورە". 

ئەو پێی وایە: "ئەم قوربانیدانانە و ئەو شەهیدانەی لەدەستمان دا، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی جیهان باسی ئاشتی بکەن".

روون نییە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات

پرسیارێک هەیە لەبارەی چارەنووسی هەزاران چەکداری بە رەچەڵەک تورک لە ناو پەکەکە کە ئایا ڕێگەیان پێدەدرێت بچنەوە نێو کۆمەڵگەی تورکیا. تا ئێستا دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایاننەگەیاندووە کە ئایا ئەو چەکدارانە وەک تاوانبار لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت یان نا. بەڵام میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە ئەو چەکدارانەی لە تورکیا تاوانیان ئەنجام نەداوە، ڕەنگە بتوانن بێ ترس لە لێپێچینەوە بگەڕێنەوە، هەرچەندە ڕەنگە سەرکردەکانی پەکەکە ناچار بکرێن دووربکەونەوە بۆ وڵاتانی دیکە یان لە عێراق بمێننەوە.

سەرەڕاى پەکەکە، تورکیا دەیەوێت هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاواى کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە رۆژهەڵاتى کوردستانیش خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە.

لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا، هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، زنجیرەیەک هێرشیان دەستپێکرد بۆ گرتنەوەی ناوچە سنوورییەکان کە لەلایەن گروپە کوردەکانی سوریاوە کۆنترۆڵکرابوون کە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ناسراون. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی کوردی و عەرەبی دەکات بە ناوی "هێزەکانی سوریای دیموکرات" کە بەهاوکاری هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، کە (داعش)یان لە روبەرى چارەکێکی سوریا دەرکرد. یەپەگە دەڵێت گرووپێکی سەربەخۆیە لە پەکەکە، بەڵام تورکیا ئەمە قبوڵ ناکات و ئەو گرووپە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت.

ئەردۆغان دەڵێت: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە "هەموو لقەکانی ئەم ڕێکخراوە لە باکووری عێراق و سوریا و ئەوروپا دەگرێتەوە".

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەرچەندە جەختیکردەوە کە بڕیارەکەی پەکەکە "رێگە خۆشدەکات" بۆ پرۆسەیەکی نوێی سیاسی و ئاشتی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، چەکداماڵینی پەکەکە هێزەکانی سوریای دیموکرات ناگرێتەوە، بەو پێیەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ڕێککەوتنیان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سوریا واژۆکردووە.

هەروەها لە ئێران، گرووپی پژاک پشتیوانی خۆى بۆ "ڕەوتی نوێ" لە تورکیا نیشانداوە، بەبێ بوونى هیچ نیازێک بۆ  چەک داماڵین و خۆ هەڵوەشاندنەوە. پژاک لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بە ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" دادەنرێت. لە ساڵی 2011ەوە ئاگربەستێکی نەنووسراو لە نێوان ئەم گرووپە و حکومەتی ئێراندا هەیە. تورکیا دەڵێت پژاک لقی ئێرانی پەکەکەیە، بەڵام گروپەکە ئەوە ڕەتدەکەنەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی