سبەی
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی، پەیوەندییەکی بۆماوەیی دەدۆزێتەوە لە نێوان رەچەڵەکی میسرییەکان و شارستانیەتی کۆنی میزۆپۆتامیا یان وڵاتی نێوان دووروبار (عێراق) و لە رێگەی شیکردنەوەی جیناتی ئێسکەر پەیکەرێکەوە گومانی ئەوە زیاتر دەکات کە رەچەڵەکی میسرییە کۆنەکان دەگەڕێتەوە بۆ میزۆپۆتامیا.
توێژینەوە زانستییەکە دوێنێ چوارشەممە (2ـی تەمموزی 2025) گۆڤاری زانستی نەیچەر بڵاوی کردوەتەوە، رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنی و ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بەشێکی ناوەڕۆکەکەیان بڵاوکردوەتەوە، تایبەت بە پەیوەندیی بۆماوەیی نێوان شارستانیەتی کۆنی میسرییەکان و وڵاتی میزۆپۆتامیا، کە توێژەران لە رێگەی شیکاریی جیناتی تەواوەتی بۆ ددانی ئێسکە پەیکەرێکی کۆن کە تەمەنی لەنێوان 4495-4880 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە گۆڕێکی کۆنی میس دۆزیویانەتەوە؛ گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامە.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، چوار لەسەر پێنجی جیناتی ئێسکە پەیکەرەکە پەیوەندی بە باکوری ئەفەریقا و ناوچەی دەوروبەری میسرەوە هەیە، بەڵام یەک لەسەر پێنجی جینۆمەکە پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی نێوان روباری دیجلە و فورات نیشان دەدات کە بە مانگی بەپیت ناسراوە و شارستانیەتی میزۆپۆتامیا لەوێدا گەشەی کردووە.
دانیال ئەنتوان، ئەمینداری شوێنەوارەکانی میسر و سودان لە مۆزەخانەی بەریتانیا دەڵێت: ئەو دۆزینەوەیە زۆر بە بایەخە یەکەم بەڵگەیە کە پێشتر لە توێژینەوەکانی پێشوودا نەدۆزراوەتەوە.
بەڵگەکانی پێشووی توێژینەوەکانی شوێنەوار ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان شارستانیەتی میسر و میزۆپۆتامیا کردووە، بەتایبەتی لە پیشەسازی گۆزەکاریی و نوسینەکانیان، هەروەک خاڵی لەیەکچوو هەبووە لەنێوان ددان و ئێسکەپەیکەر و ئەگەری پەیوەندی رەچەڵەکی لەنێوان باوو باپیرانیان، بەڵام ئەو توێژینەوە نوێیە پەیوەندیی جیناتیشی دۆزیوەتەوە.
بەوتەی ئەنتوان: روباری نیل رەنگە پێشتر رێگەیەکی خێرای گواستنەوەی ئاوی بووبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بوەتە هۆی کارئاسانیی گواستنەوەی کولتوور و بیرۆکەکان و تەنانەت مرۆڤیش.
ئەو ئێسکە پەیکەرەی کە توێژینەوەکەی لەبارەوە کراوە، لە کۆمەڵە گۆڕێکی ناوچەی نوێراتی شوێنەواریی و لەناو ژوورێکی هەلکۆڵراو لە بنارێکی بەردین دۆزراوەتەوە.
شیکارییەکان بۆ ئێسکە پەیکەرەکە دەریخستووە کە کەسەکە هەوکردنی جومگەکانی هەبووە و بەهۆیەوە جومگەکان تووشی داخوارن بوون، کەسەکە رەگەزی نێرە و لە شەستەکانی تەمەنیدایە، بە ئەگەری زۆر لە پیشەسازیی گۆزەکاریی کاری کردووە، ئەوەش بەپێی ووتەی جوێل ئێریچ، توێژەری بەشداری لە توێژینەوەکە و زانای شوێنەواری زیندەیی لە زانکۆی لیڤەرپول جۆن مۆریس.
پیاوەکە پێش یان ماوەیەکی کەم لە سەرەتای شارستانییەتی میسری کۆن ژیاوە، ئەوکاتەی میسر و سەروو و خواروو یەک کیان و دەوڵەت بوون، ماوەیەکی زۆر سەقامگیریی سیاسی و رۆشنبیری بەرقەرار بووە، هەر لەو سەردەمەدا هەرەمەکانی جیزە بونیاتنراون.
لینۆس جیرلاند فلینک، توێژەری بەشدار لە توێژینەوەکە و زانای بواری بۆماوەیی کۆن لە زانکۆی ئابریدین لە سکۆتلەندا، لەوبارەیەوە دەڵێت: لەوکاتە دەسەڵاتی ناوەندیی لە میسر دروست بووە، هەر لەوکاتەدا شار-دەوڵەتەکانی سۆمەری لە میزۆپۆتامیادا رەگیان داکوتا و نووسینی میخی وەک سیستەمێکی نووسین سەریهەڵداوە و دۆزراوەتەوە.
توێژەران بە پێویستی دەزانن شیکاریی زیاتر بۆ ترشی ناوەکی و جیناتە کۆنەکانی میسرییە کۆنەکان بکرێت بۆ رونکردنەوەی زیاتری گواستنەوەی نێوان شارستانیەتی و رۆشنبیرییەکان، بەتایبەتی میسری کۆن و میزۆپۆتامیا.
ئەو دۆزینەوە نوێیە لەکاتێکدایە، پێشر زانای شوێنەوار ئەی وادڵ کتێبێکی لەسەر رەچەڵەکی فیرعەن و میسرییە کۆنەکان نوسیووە و رەچەڵەکی گەڕاندونەتەوە بۆ وڵاتی میزپۆتامیا و شارستانیەتی رافیدەین.
کتێبەکە ساڵی 1999 بڵاوکرایەوە و لەلایەن وەرگێڕی عێراقی غەزعەل ماجیدی وەرگێڕدرایە سەر زمانی عەرەبی، ئەوکاتە بەوە تۆمەتبار کرا کە زیادەڕۆیی کردووە لە نوسینی کتێبەکە و مێژووی شێواندووە. بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیەی کە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، جارێکی تر ئەوەی سەلماندوەتەوە کە پەیوەندییەکی زنجیرەیی بۆماوەیی هاوشێوە هەیە لەنێوان میسرییە کۆنەکان و شارستانیەتی میزۆپۆتامیا، هەروەک هاوشێوەیی ئێسکە پەیکەرەکان و جیناتەکان و پیشەسازیی گۆزەکاریی ئەوەندەی دیکە پەیوەندییەکە بەهێز دەکات.