ئەو سیستمە بەرگرییانەى عێراق پشتیان پێدەبەستێت کورتمەودا و سنووردارن
سبەى
ماوەى 10 رۆژە ئاسمانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەبێ بەرگری ماوەتەوە، ئەوەش دواى تێکشکاندنى دوو سیستم لەکۆى سێ سیستمى بەرگری، کە بەوتەى بەشێک لە شارەزایان رێگەى خۆشکردووە بۆ هێرشە درۆنى و مووشەکییەکان.
رۆژى 24 ى حوزەیران، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو سیستەمی ڕاداریان لە دوو بنکەی سەربازی لە عێراق بە ئامانج گرت، ئەوەش دواى چەند کاتژمێرێک لە هێرشى ئێران بۆ سەر دامەزراوەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە قەتەر– کە گەورەترین دامەزراوەی سەربازی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – وەک تۆڵەسەندنەوەی بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئەمەریکاوە.
بەهۆى هێرشەکانەوە، سیستمى چاودێرى ئاسمانى لەهەردوو بنکەی تاجی لە باکوری بەغداد و سیستمى هاوشێوە لە بنکەی ئاسمانی سەربازى ئیمام عەلی لە سنورى ناسریە لە پارێزگای زیقارى باشوری عێراق تێکشکێنران.
بنکەی تاجی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن سەربازانی ئەمەریکاوە بەکاردەهێنرا زۆرجاریش بووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکى.
ئەو دوو سیستمە بەشێک بوون لە سێ سیستمى بەرگرى ئاسمانى عێراق، لە ئێستاشدا تەنها سیستمى چاودێرى ئاسمانى لە کەرکوک ماوە، کە دەوترێت لە فڕۆکەخانەى سەربازى شارەکە دانراوە، لەکاتێکدا فڕۆکەخانەکە شەوى 30 ى حوزەیران رووبەڕووى هێرشى مووشەکى بووەوە، بەڵام نازانرێت ئامانجى سیستمەکە بووە یاخود نا.
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەرەتاى ئەم مانگە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى (بی بی سی)، دانى بە لاوازى سیستمى بەرگرى ئاسمانى وڵاتەکەیدا نا، دواى ئەوەى فڕۆکەکانى ئیسرائیل ئاسمانى عێراقیان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە قوڵایی خاکى ئێران لەشەڕى 12 رۆژەدا.
سودانى رایگەیاند، حکومەتەکەی خاڵە لاوازەکانی ژێرخانی بەرگری وڵاتەکەی دەستنیشانکردووە و لە ئێستاوە دەستیکردووە بە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە کۆریای باشوور و فەرەنسا. بەڵام دوای پەرەسەندنی ئەم دواییە بڕیاریدا پرۆسەکە خێراتر بکات.
ئەو سیستمە بەرگرییانەى عێراق پشتیان پێدەبەستێت کورتمەودا و سنووردارن، وەک سیستمی سی ڕامی ئەمەریکی کە بۆ پاراستنی ناوچە تایبەتەکانی وەک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بەکاردێت. عێراق خاوەنی هیچ سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای وەک پاتریۆت یان ئێس ٣٠٠ نییە سەرەڕای ئەوەی باس لە گرێبەستی چاوەڕوانکراو دەکرێت لەگەڵ فەرەنسا، لەوانە رادار و سیستەمەکانی وەک MICA VL، خواستی هاوکاری لەگەڵ کۆریای باشوور و ئیتاڵیا.
جگە لەو سێ سیستمە بەرگرییە کە بە شێوەیەکى نیمچەیی ئاسمانى عێراقيان دەپاراست، چەند سیستمێکى بەرگریى دیکە بوونیان هەیە کە تایبەتن بە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و بنکەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان و تەنها بۆ پاراستنى ئاسمانى ئەو بنکە و بارەگایانە بەکاردەهێنرێن، کاتێک رووبەڕووى هێرش دەبنەوە.
دواى کەمتر لە هەفتەیەک لە لەکارخستنى دوو سەرەکیترین سیستمى بەرگرى ئاسمانى عێراق، هێرشى درۆنى و مووشەکى بۆ سەر چەند ناوچەیەکى عێراق و هەرێمى کوردستان ئەنجامدران.
هێرشەکان درەنگانى شەوى 30 حوزەیران لە کەرکوکەوە دەستیان پێکرد، کاتێک چوار موشەک لە فڕۆکەخانە و گەڕەکى عروبە کەوتنە خوارەوەو بەهۆیەوە کەسێک برینداربوو، شەوى دواتر دوو درۆن لە نزیک سلێمانى و لە ناوچەکانى تاسڵوجە و بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى 70 کەوتنە خوارەوە، رۆژى یەکى تەمموزیش درۆنێک لە سنورى زاخۆ کەوتە خوارەوە.
جەبار یاوەر شارەزاى سەربازى و ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، لە کوردستان و عێراق سیستمێکى گشتگیرى بەرگریى و چاودێرى ئاسمانى بوونى نییە، "ئەوەش یەکێکە لە کەموکورتییە گەورەکان و وڵاتانى هاوپەیمانان تەنها لەدەورى کەمپ و شوێنەکانى خۆیان دایانناوە کە بەشێکى لەناو فڕۆکەخانەکانە لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ پاراستنى مەوداى ئاسمانى ئەو شوێنانە، بۆ رێگریکردن لە رۆکێت و درۆن".
وتيشى "عێراق ویستى لەم ماوەیەدا پەرەبدات بەو سیستمە و ئاسمانى وڵاتى بەسەر سێ زۆندا دابەشکردبوو، سێ پێگەى سیستمى بەرگرى و چاودێرى ئاسمانى هێنا و یەکێکیانى ناونا ناوچەى باکور لەسنورى کەرکوک، یەکێکى تر لە بەغداد، ئەوەى تریش لە سنورى ناسریە، لەم شەڕەدا ئەوەى بەغداد و ناسریە تێکشکێنران و تەنها ئەوەى کەرکوک ماوەتەوە کە ناتوانێت چاودێرى تەواوى ئاسمانى وڵات بکات، چونکە ئەو سیستمانە پێکەوە کاردەکەن".
باسى لەوەشکرد، ئەگەر عێراق بیەوێت هەموو ئاسمانەکەى بپارێزێت دەبێت هەموو ئاسمانەکەى دابەش بکات بەسەر مەوداى تواناى ئەو سیستمانەدا، پاشان فەرماندەیی کۆنتڕۆڵى بۆ دابنرێت، هەروەها سیستمەکان لەسەر بنەماى فڕۆکە و رۆکێتى دوژمن و دۆست پڕۆگرام بکرێن، بەڵام ئەوە لە عێراقدا نییە.
ئامانج لە هێرشکردنە سەر سیستمەکانى بەرگرى، لەکارخستنى تەواوەتى سیستمەکان بوو بۆ ئەوەى نەتوانرێت چاودێرى ئاسمان بکرێت بۆ رێگریکردن لە هێرشى درۆنى و موشەکى، وەک ئەوەى دواى لەکارخستنیان دەبینرێت کە بە درۆن و رۆکێت هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەک، ئەوەش بەوتەى جەبار یاوەر.