حەماس: بە تەواوەتی ئامادەین بۆ ئاگربەست لە غەززە

#حەماس#غەززە#ئیسرائیل#ئاگربەست#ئەمەریکا#نێوەندگیر
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بزوتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد، بە ئەرێنی وەڵامی پێشنیازێکیان داوەتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، بە تەواوەتی ئامادەن بچنە گفتوگۆکانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان و ئەنجامدانی دانوستان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان.
Primary Asset

سبەی

بزوتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد، بە ئەرێنی وەڵامی پێشنیازێکیان داوەتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، بە تەواوەتی ئامادەن بچنە گفتوگۆکانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان و ئەنجامدانی دانوستان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان.

حەماس لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ راوێژە ناوخۆییەکان و لەگەڵ گروپ و هێزە فەلەستینییەکان تەواوبوون سەبارەت بە دەستپێشخەریی و پێشنیازێک بۆ راگرتنی هێرشە دوژمنکارانەکان بۆ سەر گەلەکەمان لە غەززە، بۆ ئەوەش وەڵامی خۆیان بە نێوەندگیرەکان بە ئەرێنی داوەتەوە، تا ئەوپەڕی ئامادەن بەپەلە بچنە گەڕێکی نوێ دانوستانەوە.

لەوبارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسی گروپێکی چەکداری نزیک لە حەماس بڵاوی کردەوە، تائێستا مەترسییەکان بەردەوامن سەبارەت بە گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکان لە دەروازەی رەفەحی میسرەوە، لەلایەکی ترەوە هیچ گرەنتی و دڵنیاییەک نییە بۆ خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ وەڵامی نێوەندگیرەکان (میسر و قەتەر) دراوەتەوە بە ئەرێنی و ئامادەن دەستبەجێ بچنە ناو گفتوگۆ و دانوستانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە. 

سەرچاوەیەکی میسری بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: میسر و قەتەر بەردەوامن لەسەر نێوەندگیریی، وەڵامی حەماسیان بەدەستگەیشتووە، کە ئاماژەی ئەرێنی تێدایە بۆ رێککەوتن، بەڵام هەندێک داواکارییان هەیە پێویستی بە کارکردنی زیاترە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس پشتبەستن بە زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی فەلەستینی بڵاوی کردەوە؛ پێشنیازە نوێیە خۆی دەبینێتەوە لە ئاگربەستێک بۆ ماوەی 60 رۆژ بەرامبەر ئازادکردنی نیوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان، لەبەرامبەردا ئیسرائیل ژمارەیەک دەستگیرکراو و زیندانی ئازاد دەکات و دواتر دەچنە قۆناغێکی نوێی دانوستان و گفتوگۆوە.

راگەیەندراوەکەی حەماس دوای ئەوە هات، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: ئیسرائیل بە ئەرێنی وەڵامی دەستپێشخەرییەکی داوەتەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ و لەو ماوەیەشدا ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ.

تائێستا بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ نەداوە و هەڵوێستی خۆی لەسەر ئاگربەست رانەگەیاندووە، بڕیارە رۆژی دووشەممە نەتەنیاهۆ سەردانی کۆشکی سپی بکات و سێیەم دیداری خۆی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامبدات.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ژمارەیەک چەکداری حەماس هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێک کە لە نزیک سنوورەکانی غەززە و لەناو خاکی ئیسرائیل بەڕێوەدەچوو، سەرەڕای رفاندنی 251 کەس، زیاتر لە 1219 کەسیان کوشت و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش برینداربوون، ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێک کە تائێستا بەردەوامە و زیاتر لە 60 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و هەزارانی دیکەش برینداربوون، سەرەڕای ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لە دانیشتوانی کەرتی غەززە.

سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2023 بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاگربەست راگەیاندرا، سەرەتای 2025 بۆ ماوەی 60 رۆژ جارێکی دیکە بە نێوەندگیریی قەتەر و ئەمەریکا و میسر ئاگربەستێک دیکە راگەیەندرا و بەهۆیەوە ژمارەیەک بارمتە و دەستگیرکراو ئازادکراون، بەڵام دواتر لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە ئیسرائیل بە چڕیی دەستی بە هێرشەکانی کردەوە بۆ سەر حەماس لە غەززە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی