سبەی
لە کاتێکدا بەرەی دەسەڵات لە تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و دیموکراتیزەبوونی تورکیا، وێڕای نزیکبوونەوەی وادەی چەکدانانی پەکەکە، نەک هیچ زەمینەسازییەک بۆ پرۆسەکە نەڕەخسێندراوە، حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و هەر ئەمڕۆ سەرۆک شارەوانییەکانی سێ پارێزگا کە ئەندامی جەهەپەن و دەیان کارمەندی دیکەی شارەوانییەکان دەستگیرکراون.
هێشتا ئازاری شکستی هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2024، ئاک پارتیی دەسەڵاتداری بەرنەداوە و گرێیەکی دەرونی لەسەر دڵی ئەردۆغان و پارتەکەی دروست کردووە و لە تۆڵەی ئەوەیشدا بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری و بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە گەندەڵییان کردووە و بەرتیلیان وەرگرتووە تەنیا لە ماوەی 10مانگدا 11 سەرۆک شارەوانیی جەهەپە لەکارەکانیان دوور خراونەتەوە و خراونەتە زیندان، ئەمڕۆیش هەریەک لە موحیتین بۆجەک، سەرۆکی شارەوانیی ئەنتاڵیا، زەیدان کاراڵار سەرۆکی شارەوانیی ئادانا و عەبدولڕەحمان توتدەرە، سەرۆکی شارەوانیی سەمسور (ئادیەمەن) لەگەڵ 30 کارمەندی دیکەی شارەوانییەکان دەستگیر کراون.
لە کاتێکدا چاوەڕوانییەکان بە جۆرێک بوون وەک نیشاندانی نیازپاکی و بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، سیاسەتی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار گۆڕانکاری بەسەردا بێت و دیموکراتیزەبوونی تورکیا دەست پێ بکات، کەچی بە پێچەوانەوە گوشارەکان بۆ سەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەتیش جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە زیاتر تەشەنەیان سەندووە.
ئەمەیش چاودێرانی سیاسی و پرسی کوردی نیگەران کردووە و جەخت لەوە دەکەنەوە، تا تورکیا نەبێتە وڵاتێکی دیموکراسی، هیچ دڵنیایییەک نییە بۆ بەدیهێنان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا.
لە قەییوومدانان بۆ شارەوانییەکانی کوردەوە، بۆ دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە
هەرچەند لە دەسپێکی قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتییەوە (2013-2015) جۆرێک لە کرانەوە بە ڕووی کورددا بەدی کرا، بەڵام لە دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەمووزی 2016، ئاک پارتیی دەسەڵاتدار بە توندترین شێوە دەستی کرد بە سەرکوتکردنی کورد.
دوای گۆڕینی سیستەمی حوکمرانییش لە تورکیا لە 2018 تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیا لە دەست ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا کۆبوونەوە.
لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە بە پاساوی ئەوەی کە گوایە "ئەندامی پەکەکەن" و "داهاتی شارەوانییەکان بۆ پەکەکە" دەگوازنەوە زۆربەی هەرە زۆری ئەو سەرۆک شارەوانییانەی هەدەپە و بەدەپە لە کار لادران و قەییومیان لەجێ داندرا کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان لە 2014 و 2019 بە سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردرابوون.
ئەمەیش یەکەمجار بوو لە مێژووی کۆماری تورکیادا، قەییوم لە جێی ئەو سەرۆک شارەوانییانە دابندرێت کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون.
هەر لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی ئەوکاتی هەدەپە و دەیان پەرلەمانتار و سەدان ئەندام و چالاکوانی هەدەپە خرانە زیندان.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2024ـی شارەوانیشەوە 13 سەرۆک شارەوانیی دەم پارتی لەکار لادراون و قەییومیان لەجێ داندراوە.
لە دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازیشی لە لایەن تورکیاوە بۆ ئەمە بە پێویست زانی، قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دیکەی دەم پارتی دانەندراوە.
کەچی لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە حکومەتی تورکیا بە جۆرێکی دیکە بەردەوامە لە شەڕ پێ فرۆشتن و درووخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان، بەڵام ئەمجارە بە سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپەیەوە گرتووە و دەیەوێت تۆڵەی ئەو شکستەیان لێ بکاتەوە کە لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تووشی بوو.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی ئاداری 2024 بۆ یەکەمجار دوای تێپەرینی 22 ساڵ ئاک پارتی شکستی بەرامبەر جەهەپە تۆمار کرد و دوای تێپەڕینی 47 ساڵ جەهەپە بووەوە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا.
لە تۆڵەی ئەم شکستەدا تائێستا و بە پاساوی جیا جیا ئاک پارتی 11 سەرۆک شارەوانیی جەهەپەی لە کار دوورخستووەتەوە و ئەمڕۆ شەممە 5ـی تەمووزی 2025 سێ سەرۆک شارەوانیی دیکەی دەستگیر کرد.
جگە لەو سەرۆک شارەوانییانەی جەهەپە چەندین ئەندامی ئەنجوومەن و کاربەدەستی دیکەی ئەو شارەوانییانەیش دەستگیر کراون.
چاودێرانی سیاسی و خەمخۆرانی کورد لە چی نیگەرانن؟
ئەمەیش جگە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، هاوکات کاردانەوەی توندی دەم پارتیشی لێ کەوتووەتەوە و لە کاتی خۆیشیدا جەهەپە وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن بە توندترین شێوە دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی و هەدەپە و بەدەپە و زیندانیکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاس و فیگەن یوکسەکداغ وەستایەوە.
ئەوەی مایەی نیگەرانی چاودێرانی سیاسی و خەمخۆرانی کوردە ئەوەیە، وەک چۆن تا ئەم دواییە تورکیا دەسەڵاتی دادوەریی وەک ئامرازێک لە دژی کورد بەکار دەهێنا و بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە ئەندامی پەکەکەن پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییە کوردەکانی دەخستە زیندان، ئێستاش بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە دەخاتە زیندانەوە.