سبەی
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە بەشێک لە مێشکی سمۆرە لە کاتی خەوی زستانەدا نیشانەکانی تینوێتی ناچالاک دەکات. تەنانەت ئەگەر ئاویشیان پێ بدرێت، دوودڵە لە خواردنەوەی. ئەم میکانیزمە ڕێگە بە سمۆرەکان دەدات بۆ ماوەی چەند مانگێک بژین بەبێ ئەوەی هەست بە پێویستی ئاو بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی گروپی زانستی تەکنا میدیا، توێژەرانی زانکۆی یێڵ نهێنی سەرسوڕهێنەری مانەوەی سمۆرە زەوییە سێزدە هێڵییەکانیان لە کاتی خەوی زستانەدا دۆزیوەتەوە؛ ئەو بوونەوەرانەی کە دەتوانن چەند مانگێک بەبێ خواردن و ئاو بخەون، هیچ زیانێک بە جەستەیان نەگات.
ئەم سمۆرانە کە لە بەشێک لە ئەمەریکای باکوور دەژین توانایەکی ناوازەیان هەیە بۆ بەرگەگرتنی بارودۆخی فیزیۆلۆژی زۆر سەخت. ئەنجامە تازە بڵاوکراوەکانی توێژینەوەکانی تیمێکی زانکۆی یێڵ دەری دەخەن ئەم سمۆرانە بە هاوکاری میکانیزمە پێشکەوتووەکان جەستەیان لە دۆخێکی جێگیردا دەپارێزن کە هاوشێوەی خەوی ئاسایی نییە و زیاتر لە جۆرێک لە هەڵپەساردنی بایۆلۆجی دەچێت.
تینوێتی سنووردار بکە و بەبێ خواردنەوە شێدار بمێنەرەوە
یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوەکان توانای سمۆرەکانە بۆ روبەڕوبونەوەی تەواوەتی تینوێتی. تەنانەت ئەگەر ئاویش لەبەردەستدا بێت، سمۆرەکە لە کاتی خەوی زستاندا ئامادە نییە بیخواتەوە. توێژەران پێیانوایە بەشێک لە مێشکی ئاژەڵەکان سیگناڵەکانی تینوێتی ناچالاک دەکەن، ئەمەش سەرچاوەی ئاوی لەش دەپارێزێت و رێگریی دەکات لە زوو بەئاگابوونەوە لە کاتی خەوی زستانەدا.
بەوتەی زانایان، ئەم سمۆرانە بەر لە چوونە ناو خەوی زستانە بڕێکی بەرچاو ئاو لە جەستەیاندا هەڵدەگرن، لە هەمان کاتدا کانزا گرنگەکانی وەک سۆدیۆم و پۆتاسیۆم دەگوازنەوە بۆ شانە تایبەتەکان بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەش. جگە لەوەش هۆرمۆنە دژە میزهەڵگرەکان لە جەستەیاندا چالاک دەبن، ئەمەش رێگریی دەکات لە دەردانی ئاو لە لەش و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە رێگریی کردن لە وشکبوونەوە.
دۆزینەوەی ئەم میکانیزمە ئاڵۆزانە تەنها بە باشتر تێگەیشتن لە رەفتاری سمۆرە سنووردار نییە. زانایان پێیانوایە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر چۆنیەتی کارکردنی جەستەی سمۆرەکان لە کاتی خەوی زستانەدا دەتوانێت لە داهاتوودا بۆ مەبەستی پزیشکی و بۆشایی ئاسمانی بەکارهێنانی فراوانی هەبێت. بۆ نموونە: پاراستنی ئەندامەکانی مرۆڤ لەکاتی نەشتەرگەرییە درێژخایەنەکاندا، لە گەشتە درێژخایەنەکانی بۆشایی ئاسمان بۆ پاراستنی ژیانی کەشتیوانان، ئیلهامبەخشن بۆ پەرەپێدانی شێوازی نوێ لە پزیشکی فریاگوزاری و چاودێری گرنگ.
هەرچەندە ئەم دۆزینەوانە دەرگای تێگەیشتنێکی باشتریان لە فیزیۆلۆژیای خەوی زستانە کردووەتەوە، بەڵام هێشتا زۆر پرسیار بێ وەڵام ماونەتەوە. ئێستا توێژەران بەدوای ئەوەدان کە بە وردی بزانن کە مێشک و ئەندامەکانی دیکە لەم حاڵەتە نیمچە چالاکەدا چۆن کاردەکەن.