ترەمپ سەرپەرشتی دەکات؛ ناوەڕۆکی رێککەوتنی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس بڵاوکرایەوە

#ئیسرائیل#ئەمەریکا#دۆناڵد ترەمپ#حەماس#کەرتی غەززە
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیکە. حەماس بە دواین پرۆپۆزەڵی ئەمەریکا رازی بووە، رێککەوتنەکە لە 13 خاڵ پێکدێت، گۆڤاری مەجەلەی سعودیی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی بڵاوکردووەتەوە.
Primary Asset

ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە

سبەی

ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیکە. حەماس بە دواین پرۆپۆزەڵی ئەمەریکا رازی بووە، رێککەوتنەکە لە 13 خاڵ پێکدێت، گۆڤاری مەجەلەی سعودیی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی گۆڤاری مەجەلە دۆناڵد ترەمپ پەلەیەتی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و دەیەوێت پێش کۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەنگاوی کردەیی بۆ رێککەوتنەکە دەستیپێکردبێت و گەیشتبنە رێککەوتن، یان نزیکبن لە رێککەوتن. 

لەیەکەم کاردانەوەشدا بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی وەڵامی ئەرێنیی بە نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان داوە و ئامادەیە بۆ رێککەوتن و دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی رێککەوتنەکەوە.

رەشنوسی رێککەوتنەکە کە گۆڤاری مەجەلە بڵاوی کردوەتەوە، وردەکاریی زۆری تێدایە و بەمشێوەیەیە:

بەپێی رێککەوتەکە، بۆ ماوەی 60 رۆژ ئاگربەست رادەگەیندرێت، لەو ماوەیەدا 10 بارمتەی زیندووی ئیسرائیل و 18 تەرمی بارمتەی ئیسرائیل رادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە.

رۆژی یەکەم: ئازادکردنی هەشت بارمتەی زیندوو

رۆژی حەوتەم: رادەستکردنی پێنج تەرمی بارمتەکان

رۆژی 30: ئازادکردنی پێنج بارمتە

رۆژی 50: ئازادکردنی دوو بارمتە

رۆژی 60: رادەستکردنی هەشت تەرمی بارمتەکان

هەر بە پێی رێککەوتنەکە، هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەست پێدەکاتەوە، بەڵام لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکان و خاچی سورەوە دابەشدەکرێت.

لە ماوەی 60 رۆژی ئاگربەستدا، هەموو چالاکییە هێرشبەرییەکانی ئیسرائیل بەپێی رێککەوتن، بۆ سەر کەرتی غەزە رادەگیرێت. بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو رۆژانەی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیکراوەکان ئەنجام دەدرێت، بۆ ماوەی 10 بۆ 12 کاتژمێر جوڵە و چاودێریی ئاسمانی لە ئاسمانی کەرتی غەرززە رادەگیرێت.

لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەوە، دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی یەکجارەکی و راگرتنی شەڕی غەززە دەست پێدەکات. دانوستانەکان دەربارەی ئازاکردنی تەواوی بارمتەکان و ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکانی لای ئیسرائیل دەبن.

سەبارەت بە رۆڵی ئەمەریکا، وەک لە پرۆپۆزەڵی رێککەوتنەکەدا هاتووە، ئەمەریکا رۆڵی کاریگەری دەبێت لە جێبەجێکردنی ئاگربەست وەک خۆی. دۆناڵد ترەمپ بەشیكی سەرەکی دەبێت و بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی کاتی وەک خۆی، ئەگەر هەردوولا لە ماوەی دانوستانی کاتی ئاگربەستدا گەیشتنە رێککەوتن، ئەوا رێککەوتنی یەکجارەکی کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە بەدیبێت.

لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا، حکومەتی ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات. ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان، هاوکات دەبێت لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان، ئازادکردنەکان بەبێ ئەنجامدانی مەراسیم بەڕێوەدەچن.

لە رۆژی دەـیەمی ئاگربەستدا، حەماس پابەند دەکرێت بە پێدانی زانیاری لەسەر تەندروستی و بەڵگەی مانەوەی بارمتەکان لە ژیاندا. لە بەرامبەردا ئیسرائیل زانیاری لەسەر زیندانیکراوانی فەلەستینی پێشکەش دەکات. حەماس پابەند دەکرێت بە پاراستنی تەندروستی بارمتەکان و ئاسایشی ژیانیان لە ماوەی ئاگربەستدا.

نێوەندگیرەکان، ئەمەریکا، میسر و قەتەر، دڵنیایی دەدەن لە جێبەجێکردنی ئاگربەست 60 رۆژییەکە و کارکردن بۆ ئاگربستی درێژخایەنتر.

بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەیکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە ناوچەکە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکە و بەڕێوەبردنی دانوستانەکان.

لە دواین خاڵی رێککەوتنەکەدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ خۆی رێککەوتنی ئاگربەستەکە رادەگەیەنێت. ئەمەریکا و ترەمپ، پابەندن بە کارکردن بۆ دڵنیایی دان بە بەردەوامیدان بە دانوستانەکان بە ئاقارێکی باشدا هەتا رێککەوتنی کۆتایی ئەنجامدەدرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی