سبەی
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەڵامی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەداتەوە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت ئەوە تۆمەتێکی رەتکراوەیە و هیچ بەڵگەیەکی نییە بۆ سەلماندنی.
سەباح نوعمان، وتەبێژ بەناوی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند: ئەوەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە لە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمیی عێراق، بەهیچ بیانوییەک قبوڵکراو نییە و ئیدانەی دەکەین، بەتایبەتی کە بەڵگە نییە ئەو تۆمەتە بسەلمێنێت، داوا دەکەین ئەگەر بەڵگەیەکی هەیە بخرێتە بەردەستی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنییەکانی لە چەندین بۆنەدا دووپاتی کردوەتەوە کە سازش لەسەر مافەکانی خەڵکی عێراق و ئاسایشیان ناکات، درێغییش ناکات لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایشی سەرتاسەری عێراق بدات.
وتەبێژەکەی سودانی دەڵێت: ئاڵنگارییە هەنوکەییەکان پێویستی بە هاوکاریی و هەماهەنگی هەیە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، لە بری ئەوەی پەنا ببرێتە بەر راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی راپۆرت و لێدوان، ئەوەش دەرفەت بۆ هەلپەرستان دەخوڵقێنێت، کە زیان بەو دامەزراوانە بگەیەنن کە پارێزگاریی لە عێراق دەکەن، پاساو دەداتە دەستی دوژمنان بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق.
رونکردنەوەکەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دوای ئەوە هات کە، شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە کە: لە چەند میدیایەکی ئەلکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل.
وەزارەتی ناوخۆی دەڵێت: هەمو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە ڕاستی. نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی واش ئەنجام دراون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: شەوی رابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆلەوانی لە نزیک هەولێر کەوتۆتە خوارەوە. ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر.