سبەی
لەگەڵ بە ئامانجگرتنی باڵەخانەکان و خاپوورکردنی ژێرخانی مرۆیی غەززە، ئیسرائیل پلانی نوێی بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە هەیە و دەیەوێت لە کەمپی مرۆییدا کۆیان بکاتەوە.
سەبارەت بە پلانەکە، ئیسرائیک کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "فەرمانم بە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و وەزارەتی بەرگریی کردووە، ناوچەیەکی نوێ بە ناوی "شاری مرۆیی" لە باشووری غەززە لەناو داروپەردووی رەفەح بنیات بنێن."
بیرۆکەکە؛ بەپێی وتەی کاتز ئەوەیە لە قۆناغی یەکەمدا، نزیکەی 600 هەزار فەلەستینی کە ئاوارەی ناوچەی مەواسین بوون و لەوێ دەژین، دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە لێیان بخرێنە ئەو شارە مرۆییەوە، هەروەها ئەو هاوڵاتییانەی لەو شارەدا دەژین رێگەیان پێنەدرێت جێیبهێڵن.
لە قۆناغی دواتردا وەک کاتز بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، هەموو دانیشتوانی کەرتی غەززە کە نزیکەی دوو ملیۆنە، لەو شارەدا جێگایان دەکرێتەوە. سەبارەت بە پاراستنی ئەو ناوچەیە، کاتز رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئاسایشی شارەکە دەپارێزێت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رادەسپێردرێن بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە، هەروەها لە رێگەی چوار ناوەندی دابەشکردنی هاوکاریی مرۆییەوە، هاوکارییەکان بەسەر دانیشتوانی شارەکەدا دابەشدەکرێن.
ئامانجی پلانەکە، وەک وەزیرەکەی ئیسرائیل باسی لێوە دەکات بۆ هاندانی فەلەستینییەکانە بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتانی دیکە و جێهێشینی کەرتی غەززە.
دوێنێ 7ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی رۆیتەرز رەشنوسی پلانێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە. رەشنووسەکەی رۆیتەرز ناوی "ناوچە کاتییەکانی مرۆیی" بوو.
بەپێی رەشنووسەکە کە رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، لە ناوخۆی کەرتی غەززە، یان دەرەوەی کەرتەکە، ئەو ناوچانە دروست دەکرێن و دانیشتوانی غەززەی تێدا نیشتەجێ دەکرێن. پلانە بۆ ئەوەیە خۆبەخشانە و کاتییانە هاوڵاتییانی غەززە تێدا نیشتەجێ بکرێن، ئەوەش لە پێناو داماڵینی دیدگای توندڕەوی و ئامادەکردنییان بۆ نیشتەجێکردنیان لە وڵاتانی دیکە.
بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرز رێکخراوی مرۆیی غەززە (Gaza Humanitarian Foundation)، لەپشت پلانەکەوەیە، بەڵام رێکخراوەکە ئەوە رەتدەکاتەوە.