سبەی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی چەکدانانی سیمبولی پەکەکە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت) لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق تاوتوێی میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پرۆسەی دوای چەکدانانی پەکەکە دەکات.
ڕۆژنامەی تەقیوم'ی نزیک لە ئاک پارتی بڵاوی کردووەتەوە دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمموزی 2025 ئیبراهیم کاڵن گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەیش چۆنێتی دروستکردنی میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پرۆسەی دوای چەکدانانی پەکەکە بووە.
لە لایەکی دیکەیشەوە میت چرکە بە چرکە چاودێری ئەو ناوچەیەی سلێمانی دەکات کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە لە چیا بێنە خوارەوە و لە ڕێوڕەسمێکدا لەوێ چەکەکانیان بە شێوەی سمیبولی دابنێن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە چاوەڕێ دەکرێت 10 بۆ 12ـی تەمموز پرۆسەی چەکدادانەکە دەست پێ بکات، لە بەرامبەردا ڕۆژنامەی حورییەت باس لەوە دەکات کە ڕۆژی هەینی چەکدانانە سیمبولییەکەی پەکەکە بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژنامەی تەقیوم ئاماژە بەوە دەدات بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک لە گەریلاکان لە شاخەوە دێنە خوارەوە و لەو ناوچەیەی سلێمانی چەکەکانیان ڕادەست دەکەن.
دواتریش کۆد و زانیارییەکانی سەر چەکەکان تۆمار دەکرێن.
ڕۆژنامەی تەقیوم سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە پەیامێکی نوێی ئۆجەلان لەبارەی چەکدانانی پەکەکە بڵاودەکرێتەوە.
لای خۆیشیەوە کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکی ئاماژەی بەوە دا کە بە هۆی کێشەی یاساییەوە، پەیامەکەی ئۆجەلان ڤیدیۆیی نابێت.
پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەپێی ئەو میکانیزمە هاوبەشە دەبێت کە لەلایەن ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر دروست دەکرێت.
هەر بۆ ئەم مەبەستە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی میت سەردانی هەولێری کرد و ژمارەیەک لە بنکە سەربازییەکانی تورکیای لە هەرێمی کوردستان بەسەر کردەوە.
بەر لەوەی گەریلاکان چەکەکانیان دابنێن، میت چرکە بە چرکە چاودێری ناوچەکە دەکات.
کۆی ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە دوێنێ شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و پێرێش لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوەوە.