بەڵگەنامە؛ ناوەڕۆکى پێشنیازەکانى هەرێم و بەغداد بۆ رێککەوتن لەسەر نەوت و مووچە و داهات و تەوتین

#هەرێم#عێراق#نەوت#مووچە
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وەرەقەکەیدا و لەبارەى رادەستکردنى نەوت دوو پێشنیازى خستووەتەڕوو، یەکەمیان تایبەتە بەوەى ئەگەر کۆمپانیاکان بەشداربن و دووەمیان تایبەتە بەوەى کۆمپانیاکان بەشدار نەبن.
  • حکومەتى عێراق لە وەرەقەکەی پێنج خاڵیدا دوو قۆناغى دیاریکردووە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و جەختدەکاتەوە دواى جێبەجێکردنى سەرجەم خاڵەکان ئامادەیە مووچە رەوانە بکات.
Primary Asset

سبەى

هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دوو وەرەقەى جیاوازیان بۆ رێککەوتن ئامادە کردووە و هەریەکەیان پێشنیازى جیاجیاى لەبارەى نەوت و مووچە و داهات و تەوتینى مووچە خستووەتەڕوو.

ئەو دوو وەرەقەیە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق تاوتوێکران و سەرۆک وەزیران لیژنەیەکى لە پێنج وەزیر پێکهێنا بۆ یەکلاکردنەوەى پرسەکە و بەرزکردنەوەى راسپاردە لەو بارەیەوە بەمەبەستى بڕیاردان لەسەریان.

وەرەقەکەى هەرێم

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وەرەقەکەیدا و لەبارەى رادەستکردنى نەوت دوو پێشنیازى خستووەتەڕوو، یەکەمیان تایبەتە بەوەى ئەگەر کۆمپانیاکان بەشداربن و دووەمیان تایبەتە بەوەى کۆمپانیاکان بەشدار نەبن.

بەپێى پێشنیازى یەکەم، هەرێم رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنى نەوت بە سۆمۆ جگە لەو بڕەى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی پێویستە و بەرهەمى ئێستاى بە 282 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە خەمڵاندووە کە دواى لێدەکردنى 65 هەزار بەرمیلى رۆژانە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی ئەوەى دیکەى رادەستى سۆمۆ دەکرێت.

بەپێى پێشنیازى دووەم، هەرێمى کوردستان ئامادەیە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ بکات تا ئەو کاتەى دەگەنە رێککەوتن لەسەر لایەنى راوێژکارى تایبەتمەند بۆ دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوت.

لەسەر پرسی داهات، هەرێمى کوردستان رەزامەندیداوە لەسەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و باج بەبەغداد، حکومەتى هەرێم هەروەها داوایکردووە بەغداد مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیران و سەرجەم مانگەکانى دیکەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خەرج بکات تا پەسەندکردنى بودجە.

وەرەقەکەى بەغداد

حکومەتى عێراق لە وەرەقەکەی پێنج خاڵیدا دوو قۆناغى دیاریکردووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەبارەى نەوت و جەختدەکاتەوە دواى جێبەجێکردنى سەرجەم خاڵەکان ئامادەیە مووچە رەوانە بکات.

لە قۆناغى یەکەمدا جەختى لەسەر رادەستکردنى تەواوى نەوتى هەرێم کردووەتەوە جگە لەوەى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی پێویستە. بەغداد داوایکردووە هەرێم لەکۆى 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بکات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی تەرخان بکرێت.

لە قۆناغى دووەمدا کە هاوکات لەگەڵ قۆناغى یەکەم دەبێت بۆ ماوەى مانگێک جێبەجێ بکرێت، دەبێت وەزارەتى نەوتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى راستەقینەى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دیارى بکات.

حکومەتى عێراق هەروەها داوادەکات مانگانە ئەو بڕەى داهاتى ناوخۆ کە رادەستدەکرێت لە 200 ملیار دینار کەمتر نەبێت.

هەروەها دەبێت لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەماوەى 90 رۆژدا بەپێی بڕیارى دادگاى فیدراڵى.

حکومەتى عێراق هەروەها جەخت لە پێکهێنانى لیژنەیەک دەکاتەوە بۆ تاتوتوێکردنى پرسی بەشە بودجە هەرێمى کوردستان بەپێی خەرجى راستەقینە لەماوەى دوو هەفتەدا.

لە کۆتایی وەرەقەکەدا حکومەتى عێراق جەختیکردووەتەوە، لەئەگەرى جێبەجێکردنى سەرجەم خاڵەکان، ئامادەیە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان رەوانە بکات.

نوسینگەى سودانى: لە نزیکترین کاتدا بڕیار دەدرێت

نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا بڕیار لەسەر پرسەکانى رادەستکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان  و مووچە و تەوتین دەدرێت.

نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، وەک پابەندبوونى حکومەت بە جێبەجێکردنى یاساى بودجە و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لەبارەى پابەندییە داراییەکانى هەرێم و بەغدا، ئەنجومەنى وەزیران دوو وەرەقەى تاوتوێکردووە کە یەکێکیا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى فیدراڵ و ئەوەى دیکەشیان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ئامادەکرابوو

رونیشیکردووەتەوە، وەرەقەکان تایبەت بوون بە پرسی رادەستکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى و دۆسیەى مووچە و تەوتین، لەسەر بنەماى ئەوەش سودجانى فەرمانیکرد بە پێکهێنانى لیژنەیەک بەسەرۆکایەتى وەزیرى پلاندانان و ئەندامێتى وەزیرانى، ئاوەدانکردەوە، خوێندنى باڵا، داد و تەندروستى بۆ تاوتوێکردنى هەردوو وەرەقەکە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێم و بەغداد.

نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق باسى لەوەشکردووە، لیژنەکە دواتر راسپاردەکانى لەو باریەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزدەکاتەوە بۆ گرتنەبەرى بڕیارى گونجاو لەبارەیانەوە لە نزیکترین کاتدا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی