سودانى و مالیکى کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو دەکەن

#سودانى#مالیکى
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ماليكى تەمەن 75 ساڵ، دوو خولى یەک لەدواى یەک (2006-2014) سەرۆک وەزیران عێراق بوو. لەماوەى دەسەڵاتیدا عێراق رووبەڕووى ئاڵنگارى زۆرى ئەمنى و سیاسی بووەوە، لەناویاندا شەڕى ناوخۆیی و هێرشى داعش.
  • راگەیاندنى کاندیدکردنى مالیکى بۆ ئەو پۆستە لەکاتێکدایە، چەند مانگێک لەمەوبەر محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق کە لەکۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت خۆى کاندید دەکاتەوە.
Primary Asset

سبەى

هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، نورى مالیکى تاکە کاندیدیانە بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو، لەکاتێکدا محەمەد شیاع سودانى کە بە هاوپەیمانێتییەک دەچێتە هەڵبژاردنەوە خواستى خۆى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆک وەزیران راگەیاندووە.

عەقیل فەتلاوى وتەبێژى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکەیان تاکە کاندیدیانە بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو.

ئەوە یەکەمجارە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بەفەرمى مالیکى وەک کاندید بۆ خولى داهاتووى سەرۆک وەزیران بناسێنێت، کە لە بازنەى بەغداد بە ژمارە یەکى لیستەکەى بەشدارى هەڵبژاردن دەکات.

ماليكى تەمەن 75 ساڵ، دوو خولى یەک لەدواى یەک (2006-2014) سەرۆک وەزیران عێراق بوو. لەماوەى دەسەڵاتیدا عێراق رووبەڕووى ئاڵنگارى زۆرى  ئەمنى و سیاسی بووەوە، لەناویاندا شەڕى ناوخۆیی و هێرشى داعش.

راگەیاندنى کاندیدکردنى مالیکى بۆ ئەو پۆستە لەکاتێکدایە، چەند مانگێک لەمەوبەر محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق کە لەکۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت خۆى کاندید دەکاتەوە.

سودانى لە دیدارى زانکۆى ئەمەریکى لە سلێمانى بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد، کە خۆى بۆ هەڵبژاردن کاندید دەکاتەوە هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆژەی چاکسازی لە عێراق.

سودانى دواتر لە ئایارى ئەمساڵدا پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق راگەیاند.

هاوپەیمانێتییەکە کە ناوى “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە” هەریەکە لە سودانى و فالح فەیاز، ئەیاد عەلاوى سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتمانى، ئەحمەد ئەسەدى وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، نوسەیف خەتابی پارێزگارى کەربەلا لە خۆدەگرێت.

هاوپەیمانێتییە نوێیەکە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، ژمارەیەک لە هێزە نیشتیمانییەکان بەشدارن لە پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.

ئەو هێزانەى بەشدارن لە هاوپەیمانێتییەکە پێکهاتوون لە، تەیارى فورات، هاوپەیمانى عەقدى وەتەنى، هاوپەیمانى نیشتمانى، هاوپەیمانى ئیبداعى کەربەلا، گردبوونەوەى سۆمەر، گردبوونەوەى ئەجیال، هاوپەیمانى چارەسەرى نیشتمانى.

هەروەها جەختیکردووەتەوە، بەرژەوەندى عێراق و عێراقییەکان ئامانجى یەکەمیانە، لەگەڵ بەردەوامیدان بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى ئابورى نیشتمانى، بنیتنانى ژێرخان و پرۆژە ستراتیژییەکان، دابینکردنى ئارامى و سەقامگیریی و پەیوەندى پتەو لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و عەرەبی و جیهانى.

هاوپەیمانێتییە نوێیەکە دەشڵێت، هاوپەیمانێتییەکە "لەسەر ئەو هەنگاوە بەرچاوانە بنیاتنراوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستهێنراوە، لەژێر رۆشنایی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان، رەخساندنی هەلى کار،  گرنگیدان بە خێزانەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ڕەچاوکردنی خواستەکانی هاوڵاتییان.

هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025)  بەرێوەدەچێت.

پێشتر سەرچاوە سیاسییەکانى یەکێک لە حزبە شیعەکانى پێکهێنەرى چوارچێوەى هەماهەنگى، بڕیارەکەى سودانیان بە "کودەتا بەسەر لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو" وەسف کردبوو و پێیانوابوو، گۆڕانى هەڵوێستى سودانى لەو بارەیەوە پەیوەندى بە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی بازرگانی ئەمەریکا بۆ بەغداد و دیدارەکەی لەگەڵ سودانى هەبووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى مەدا کە مانگى رابردوو بڵاویکردەوە.

بەوتەى سەرچاوەکان، چاوەڕواندەکرا سودانی سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سیاسی بکات بەڵام خۆی کاندید نەکات، لەبەرانبەر داواى لایەنە شیعەکان بۆ دەستبەرداربوون لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.

دەشڵێن، لیژنەیەکی تەکنیکی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کە تایبەتمەندە لە هەڵبژاردن، پێشبینی ئەوە دەکەن سودانی لانیکەم 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانى عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی