نوسینگەى سودانى: لە نزیکترین کاتدا بڕیار لەسەر رادەستکردنى داهات و مووچە و تەوتین دەدرێت

#هەرێم#عێراق#مووچە
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، وەک پابەندبوونى حکومەت بە جێبەجێکردنى یاساى بودجە و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لەبارەى پابەندییە داراییەکانى هەرێم و بەغدا، ئەنجومەنى وەزیران لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا دوو وەرەقەى تاوتوێکردووە کە یەکێکیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى فیدراڵ و ئەوەى دیکەشیان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ئامادەکرابوو
Primary Asset

سبەى

نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا بڕیار لەسەر پرسەکانى رادەستکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان  و مووچە و تەوتین دەدرێت.

نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، وەک پابەندبوونى حکومەت بە جێبەجێکردنى یاساى بودجە و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لەبارەى پابەندییە داراییەکانى هەرێم و بەغدا، ئەنجومەنى وەزیران لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا دوو وەرەقەى تاوتوێکردووە کە یەکێکیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى فیدراڵ و ئەوەى دیکەشیان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ئامادەکرابوو

رونیشیکردووەتەوە، وەرەقەکان تایبەت بوون بە پرسی رادەستکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى و دۆسیەى مووچە و تەوتین، لەسەر بنەماى ئەوەش سودانى فەرمانیکرد بە پێکهێنانى لیژنەیەک بەسەرۆکایەتى وەزیرى پلاندانان و ئەندامێتى وەزیرانى، ئاوەدانکردەوە، خوێندنى باڵا، داد و تەندروستى بۆ تاوتوێکردنى هەردوو وەرەقەکە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێم و بەغداد.

نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق باسى لەوەشکردووە، لیژنەکە دواتر راسپاردەکانى لەو بارةیەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزدەکاتەوە بۆ گرتنەبەرى بڕیارى گونجاو لەبارەیانەوە لە نزیکترین کاتدا.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، كە بڕگەیەكی تایبەت بە پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ زیادكرابوو، هیچ رێككەوتنێك لەنێوان هەولێر و بەغداد نەكرا، دواجار بڕیاردراوە لیژنەیەك دروست بكرێت كە پێنج وەزارەتی حكومەتی عێراق لەخۆدەگرێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو رەشنوسی رێككەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغداد ئامادەكراوە، تا لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان تاوتوێی بكەن.

هەریەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق رەشنوسی خۆیان ئامادەكردووە، لیژنەكە لەسەر هەر رەشنوسێكیان رێككەوتن بكات، ئەوكات كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەكرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت.

بەغداد ئامادە نییە قەرزی کۆمپانیاکان بۆ هەرێم بداتەوە

بەپێی زانیارییەكان، پێشتر كێشەكان لەسەر بڕی ئەو نەوتەبوو كە بەغداد داوای لە هەرێم كردووە، كە هەموو نەوتی بەرهەمهێندراو بووە، بەڵام بەغداد ئامادەنییە قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانیش بداتەوە و بەرپرسانی عێراق وتویانە دەبێت هەرێم خۆی قەرزی كۆمپانیاكان بداتەوە، بەڵام لەسەر داهاتی ناوخۆ و ئەو نەوتەی بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت لێكنزیكبوونەوە هەبووە.

كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند :"كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەی مووچەوە نەدا، لیژنەیەكی پێكهێنا لە وەزیرەكانی داد، تەندروستی، دارایی، پلاندانان، خوێندنی باڵا بۆ تاوتوێكردن و یەكلایی كردنەوەی هەردوو پرۆژە پێشنیازەكەی حكومەتی ئیتحادی و هەرێم لەبارەی چارەسەری مووچەو نەوت و داهات و تەوتین".

وتیشی :"پرۆژەیەك لەهەردوو پرۆژەكەی هەرێم و ئیتحادی گەلالە دەكەن و دەیخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران".

بریار نەدان لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەی دوو مانگ (پێنج و شەش) یان وەرنەگرتووە،دیاریش نییە كەی بڕیار لەسەر ناردنی دەدرێت.

دوو رۆژە شاندێکی هەرێم لە بەغدادە

بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد و رێککەوتن لەسەر پێشنیازێکی نوێ بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و وەڵامدانەوەی رەشنووسەکەی حکوومەتی عێراق شاندێکی هەرێمی کوردستان لە دوێنێ دووشەممەوە لە بەغدادن.

شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ ئیحسان عەوادی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبونەوە و دواتر کۆبونەوەکانیان لەگەڵ شاندە تەکنیکییەکانی بەغداد درێژە پێدا.

پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، پێش بەڕێکەوتنی شاندەکە بۆ بەغداد، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵیان راگەیاندووە، ئامادەن نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغداد بکەن بۆ ئەوەی بەپێی رێککەوتنی پێشوو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی بکرێت.

زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە

هەرێم و بەغداد دەیانەوێت لە رێگەی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردە و رادەستكردنی نەوتی هەرێمەوە بە بەغداد كێشەی مووچە چارەسەر بكەن، كە زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەكردنی راگیراوە، لەكاتێكدا دانوستانەكانی چەند مانگی رابردووی هەردولا لەو بارەیەوە شكستیان هێنا.

رێككەوتنی كۆتایی

رۆژی 23ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28ـی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستی پێنەكردەوە.

دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان

مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا. نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بەڵام سكاڵایەكی حكومەتی عێراق، كۆتایی پێهێنا.

رۆژی 25ـی ئازاری ساڵی 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس ڕاگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "ڕێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە، بە جۆرێك وەك حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس ڕایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە. جگە لە ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنكەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی