دۆناڵد ترەمپ
سبەی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، رایگەیاند هیوادارە جارێكی دیكە پەنا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی دژ بە ئێران نەبات، دەشڵێت "گفتوگۆكان بەمزووانە دەستپێدەكاتەوە".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند:"بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان بە ئەمەریكاوە كردووە بۆ ئەوەی كاتی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ دیاری بكەن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران".
گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستیپێكرد، بەڵام مانگی رابردوو بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران راگیران.
ترەمپ دەڵێت "كاتمان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دیاریكردووە، ئەوانیش حەزیان بەوەیە، دەیانەوێت گفتوگۆ بكەن". ئەوەش لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاندبوو كە بەمزوانە گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران دەستپێدەكەنەوە.
ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە تەنیشت ترەمپەوە وەستابوو وتی "كۆبوونەوەكە بەمزووانە دەكرێت، رەنگە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، بەڵام تائێستا تاران دووپاتی نەكردووەتەوە".
دوێنێ مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند:"گورزە ئاسمانیەكانی ئەمەریكا زیانێكی زۆریان بە ناوەندە ئەتۆمییەكانی ئێران گەیاندووە، بەشێوەیەك تائێستا دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانیوە قەبارەی زیانەكان بزانن".
پزشكیان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەكەر كارلسۆن یەكێك لە بێژەرە بەناوبانگەكانی ئەمەریكا وتیشی "ئێران ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەڵام ئێستا ناتوانێت رێگە بە پشكنەرانی نێودەوڵەتی بدات بچنە ناو پێگە ئەتۆمییەكانیەوە".
لە شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران كە 20 رۆژ لەمەوبەر دەستی پێكرد، ئیسرائیل بۆ یەكەمین جار بە هێرشی سەربازی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانی كردە ئامانج. هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ئیسرائیل، ئەمەریكا لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی جیادا هێرشی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان. لەو كاتەوە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی نەیانتوانیوە دەستیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بگات، هەرچەندە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی ڕایگەیاندووە كە ئەمە بۆ ئەو لە پێشینەی كاردایە.
پەرلەمانی ئێران یاسایەكی دەركرد كە هاوكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تا ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی گەرەنتی نەكات بڕیارەكەی ڕادەوەستێنێت. هەرچەند ئاژانسەكە دەڵێ تائێستا ئێران ئاژانسەكەی لەو بابەتە ئاگادار نەكردووەتەوە، بەڵام دیار نییە كەی پشكنەرەكان دەتوانن پشكنینی سەرەتایی خۆیان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەست پێبكەن. ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی تۆمەتبار كرد كە بە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێك بووە هۆی بڕیارێك لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسەوە زەمینە بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا خۆش بكات.