پەرلەمانی كوردستان شەش خولی بەخۆوە بینیوە و (730) ئەندام سوێندی یاساییان تیادا خواردووە
سبەى
پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (33) ساڵی تەمەنیدا هەشت ساڵ بەشێوەی فەرمی لەكار خراوە كەدەكاتە دوو خولی هەڵبژاردن و بەهۆى بەردەوامى پەکخستنییەوە سوێندە یاساییەكەی پەرلەمانتاران پوچەڵ دەبێتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان.
بەپێی راپۆرتەکە کە دەست "سبەى" کەوتووە، وێڕای ئەوەی دوای دوو ساڵ بۆشایی یاسایی و بێ پەرلەمانی لە هەرێم، لە 20/10/2024 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەم ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت كە هەشت مانگ تێپەڕیوە، هێشتا وەك ئەوە وایە هیچ نەكرابێت و ئەو بۆشاییە یاساییەی لەهەرێمدا هەبوو بەردەوامە. چونكە لەیەكەم دانیشتندا ئەندامان تەنها سوێندی یاساییان خوارد و دانیشتنەكە بە كراوەیی مایەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو رەوشەی لە هەشت مانگی رابردوودا گوزەراوە، پێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێنانەیە كە لیستەكان لەسەروبەندی بانگەشەكاندا بە دەنگدەرانیانداوە. ئۆباڵیشی دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی سەرەكی پارتی و یەكێتی كە بەرپرسیارن لێی. ئەو هێزانەش كە بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون، یەك هەڵوێست نین و دابەش بوونە، هەر بۆیەش هیچ كاریگەرییەكیان بەسەر گۆڕانكارییەكانەوە نەبووە و نیە.
پەرلەمان لە هەرێمی كوردستاندا
پاش شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان بەرەی كوردستانی و ڕژێمی بەعس، لە 26/10/1991 حكومەتی عێراق دەستی كرد بە كێشانەوەی دامودەزگا كارگێڕییەكانی لە ناوچەكانی كوردستان، ئەوەش بۆشاییەكی یاسایی و كارگێڕی درووست كرد، بەرەی كوردستانیش كە لەو كاتەدا لە حەوت حزب پێكهاتبوو، وەكوو دەسەڵاتی ناوچەكە لە ئاست ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژە سیاسی و ئیداری و یاساییەدا و لەپێناو بەڕێوەبردنی هەرێم و دانانی دەسەڵاتی یاسا، بیری لە دامەزراندنی سیستمێكی پەرلەمانی كردەوە لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەربەخۆی ئازاد و دیموكراتییەوە.
سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی لیژنەیەكی تایبەتی (15) كەسی لە دادوەر و پارێزەر و مافپەروەران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی ناو بەرە پێكهێنا، ئەم لیژنەیە دوای چەند دانیشتنێك لە نێوان 23/12/1991 تاوەكو 28/1/1992 پرۆژە یاسایەكیان پێشكەش بە سەركردایەتیی سیاسی بەرەی كوردستانی كرد، لە ڕۆژی 28/4/1991 لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە بڕیاری لەسەر درا و بەناوی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان ـ عێراق پەسەند كرا. ئەوە بوو یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 ئەنجامدرا. بۆ یەكەم جار لە مێژوودا پەرلەمانی كوردستان دامەزرا و پاشان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ٤/٧/١٩٩٢ پێكهات.
شەش خول و 406 یاسا
پەرلەمانی كوردستان ئامرازی گواستنەوەی دەسەڵات بوو لە قۆناغی شۆڕشگێڕییەوە بۆ قۆناغی یاسایی، كە لە تەمەنی خۆیدا (406) یاسا و (151) بڕیارە یاسای دەركردووە.
پەرلەمانی كوردستان شەش خولی بەخۆوە بینیوە، (730) ئەندام سوێندی یاساییان تیادا خواردووە، لەوانە (546) پیاو و (184)یان ژن بوون، كە (42) كەس لەو ئەندامانە دووەم جار یا سێیەمجار بووە كاندیدكراونەتەوەو بوونەتەوە ئەندامی پەرلەمان.
بەپێی یاسا ژمارەی ئەندامانی هەر خولێك دیاریكراون، بە شێوەیەك: (خولی یەكەم 105 ئەندام، خولی دووەم تا پێنجەم هەریەكەی 111 ئەندام و خولی شەشەمیش 100 ئەندام كە كۆی گشتی دەكاتە 649 ئەندام)، بەڵام بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی هەندێك لە ئەندامان و شوێنگرتنەوەیان لەلایەن ئەو كەسەی لە ریزبەندیدا بەدوایدا هاتووە، ژمارەی ئەندامان لەو ماوەیەدا لە (649) ئەندامەوە هەڵكشاوە بۆ (730)، واتە (81) ئەندام زیاتر چوونەتە پەرلەمانەوە.
لە پێنج خولی رابردوودا (9) سەرۆك و (9) جێگری سەرۆك و (4) سكرتێری بەخۆوە بینیوە، ئەمە جگە لە خولی شەش كە هێشتا بێ سەرۆكایەتییە.
پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا؟
لە ئێستادا ئەو دامەزراوەیە، كە تەمەنی (33) ساڵە، لە (6/11/2022 تا ئێستا) كە ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگە سڕ كراوە. هەرچەندە پێشتریش چەند جارێك پەكی خراوە، جارێكیان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە لە ناوەڕاستی نەوەدەكان ماوەی دوو ساڵ و نیو پەكی خرا، جارێكی تریش لە سالانی 2015 تا 2017 ماوەی دوو ساڵ پەكی خرا.
واتە پەرلەمان بەشێوەی فەرمی لەتەمەنی خۆیدا ماوەی شەش ساڵ و نیو بە سوڕی مت بووندا رۆیشتووە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی ململانێی سیاسییەوە چەندین جار كارەكانی راگیراوەو هیچ كارێكی نەكردووە، بۆ نمونە:
لە خولی یەكەمدا (1992-2005) بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ماوەی (دوو ساڵ) لەكار خراو پێنج ساڵیش تەنها لەلایەن لیستی پارتی و پێنج نوێنەرەكەی پێكهاتەی كریستیانەكانەوە بەڕێوە برا.
لە خولی دووەمدا لە (30/1/2005) هەلبژاردن كرا كەچی لە (4/6/2005) پەرلەمان دەستبەكار بوو و ماوەی (چوار مانگ) لەكار خرا.
لە خولی سێیەمدا لە كات و ساتی خۆیدا دەستبەكار بوو و كۆتایی پێهات و لەكار نەخرا.
لە خولی چوارەمدا لە (21/9/2013) هەڵبژاردن كرا، هەرچەندە لە (6/11/2013) یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەنجامدا، بەڵام تاكو رۆژی (29/4/2014) ئینجا دانیشتنی ئەنجامدایەوەو لەم دانیشتنەدا هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا، واتە سەرەتاكەی ماوەی (شەش مانگ) لەكار خرا، دواتریش بەهۆی رێگریكردنی پارتی لە سەرۆكەكەی (2015-2017) ماوەی (دوو ساڵ) لەكار خرا، كە كۆی گشتی خولەكە (دوو ساڵ و شەش مانگ) لەكار خرا.
لە خولی پێنجەمدا لە (30/9/2018) هەڵبژاردن كراو لە (18/2/2019) هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا و دەستبەكار بوو، واتە ماوەی (پێنج مانگ) لەكار خرا، دواتریش بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی ماوەی (دوو ساڵ) لەكار خرا..
خولی شەشەم لە (20/10/2024) هەڵبژاردن كراو لە (2/12/2024) ئەندامان سوێندی یاساییان خواردووە، كەچی تا ئێستا كە ماوەی (هەشت مانگ)ە لەكار خراوە.
بە شێوەیەكی گشتی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (33) ساڵی تەمەنیدا ماوەی (8) ساڵ بەشێوەی فەرمی لەكار خراوە كەدەكاتە دوو خولی هەڵبژاردن، ئەمە جگە لەوەی لە هەندێك لە خولەكاندا لەكاتی خولی گرێدانی كاركردندا چەندین جار هەبووە ماوەی دوو مانگ و سێ مانگ و ناراستەوخۆ لەكار خراوەو بەهۆی ململانێی پارتی و یەكێتیەوە هیچ دانیشتنێك ئەنجامنەدراوە.
20 ساڵ بەبێ یاسای بودجە
لەماوەی (33) ساڵدا تەنها (13) جار یاسای بودجەی تیادا پەسەند كراوە، واتە حكومەتی هەرێم پێشتر (8) ساڵ و دوای ساڵی (2013) لە هەردوو خولی چوارەم و پێنجەمدا ماوەی (12) ساڵە بەبێ یاسا بودجەی خەرج كردووە، واتە هەرێمی كوردستان لە تەمەنی (33) ساڵەیدا (20) ساڵی بەبێ یاسای بودجە بەڕێكردووە.
لەو ماوەیەدا (9) كابینەی بەخۆوە بینیوە، كە (7) كەس وەك سەرۆك وەزیران و (6) كەس وەك جێگر و زیاد لە (300) كەس وەك وەزیر متمانەیان پێدراوەو سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام هیچ سەرۆكێك یا هیچ وەزیرێك نە متمانەی لێ وەرگیراوەتەوەو نە بانگهێشتیش كراوەتە پەرلەمان بەمەبەستی لێپێچینەوە.
پێکهاتەى پەرلەمان
پەرلەمانی كوردستان لەو ماوەیەدا (9) كەس وەك سەرۆكی دیوان كاریان تیادا كردووە، (5) پارتی و (3) یەكێتی و (1) بزوتنەوەی گۆڕان بوون.
لە ئێستادا پەرلەمان جگە لە سەرۆكایەتی دیوان، كە سەرۆك (یەكێتی)ە و جێگر (پارتی)ە، لە (9) بەڕێوەبەرایەتی پێكدێت، تێكڕای فەرمانبەرانی بریتین لە (701) فەرمانبەر. هەر لەم چوارچێوەیەدا (47) راوێژكاری هەیە.
پەرلەمان جگە لە تەلاری تایبەتی خۆی لە هەولێری پایتەخت، لە چوار پارێزگای (دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و كەركوك) لەگەل ئیدارە سەربەخۆكانی (سۆران، زاخۆ، راپەرین، گەرمیان) و لە ئاكرێ نوسینگەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ یەكتربینینی نوێنەرانی ناوچەكان لەگەڵ هاولاتیاندا.
مانگانە پەرلەمانی كوردستان بڕی نزیكەی (1.200.000.000) یەك ملیار و دووسەد ملیۆن دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرەكانی و (300.000.000) سێسەد ملیۆن وەك نەسرییەی بەڕێوەچوونی كاروبارەكان و بڕی نزیكەی (830.000.000) هەشتسەد و سی ملیۆن دیناریش وەك موچەی پەرلەمانتاران خەرج دەكرێت.
پەرلەمان (158) ئۆتۆمبێل و (54) شوققەی هەیە لە (ناز ستی) و (65) خانووش لە گوندی ئیتالی یەك.
سوێندى پەرلەمانتاران
بەپێی دامەزراوەى پەى، ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت پێچەوانەی ئەو سوێندەیە كە ئەندامان خواردوویانە، چونكە جێبەجێنەكردنی یاسا و هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و پەكخستنی پەرلەمان پێچەوانەی ئەو سوێندەیە كە دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان كەوتۆتەوە، بەمەش سوێندە یاساییەكەی ئەندامان پوچەڵ دەبێتەوە.
پێشیوایە، لە حاڵەتی بەردەوام بوونی ئەم رەوشەدا، ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن دادگەی ئیتیحادییەوە بڕیاری پوچەڵ كردنەوەی هەڵبژاردن و دووبارە بوونەوەی بدرێت و ئەمەش گرفتێكی تر رووبەڕووی هەرێم دەكاتەوە. بەتایبەت لە ئێستادا پەیوەست بەم بابەتە چەند سكالایەك لە دادگەی ناوبراو تۆمار كراون.