سبەی
قائیمقامی قەسری شیرین لە پارێزگاری کرماشان سەردانی دەروازەی پەروێزخان دەکات و ئاشکرای دەکات، نیگەرانیی ئەمنییان هەبووە لە دەروازەی پەروێزخان و بەپێویستی دەزانێت کێشەکانی دەروازەکە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە شۆفێران و سوتەمەنی قاچاخ چارەسەر بکرێن.
محەمەد شەفیعی قائیمقامی قەسری شیرین بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێرانی (ئیرنا) راگەیاندووە: سەردانی دەروازەی سنوریی پەروێزخانیان کردووە، بەمەبەستی کارئاسانیی و هەماهەنگی بازرگانی و ئابوری و لەوبارەیەوە وتویەتی: سەرەڕای شەڕی 12 رۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریی لە دەروازەکە بەردەوام بووە و گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کردوەتەوە.
بەشێکی دیکەی سەردانەکە بەوتەی شەفیعی پەیوەست بووە، بە چارەسەرکردنی کێشەی شۆفێرەکان دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ کاری شۆفێرەکان، هەردوولا نیگەرانیی ئەمنیان هەبوە لە دەروازەکە، بەشێکیان چارەسەرکراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستیان زانیووە رێگریی لە سوتەمەنی قاچاخ بکرێت و لایەنی هەرێمی کوردستان بەڵێنیان داوە رێگریی لە گواستنەوەی سوتەمەنی قاچاخ و مۆڵەتپێنەدراو بکات.
ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردەوە؛ عەباس ئیسماعیل عەلی جەختی لە گرنگی دەستەبەرکردنی ئاسایش لە دەروازەی سنووری پەرویزخان کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی، هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە پرسە ئەمنی و سیاسی و بازرگانییەکاندا.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ دڵنیابوون لە ئاسایش مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ بازرگانی و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان. دەستەبەرکردن و پتەوکردنی ئاسایش بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق گرنگە و لەسەر ئەوە هاوڕاین. تا ئەمڕۆش لە دەروازەی سنووری پەرویزخان تووشی هیچ کێشەیەکی ئەمنی نەبووین.
هەر لەبارەی سەردانەکەوە، راگەیاندنی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڵاوی کردەوە، قائیمقامی قەسر شیرین و وەفدێکی یاوەری سەردانی دەروازەکەیان کردووە و لە کۆبونەوەیەکدا باس لە کێشەو گرفتی شۆفێرانی عێراقی لەناو خاکی ئێران کراوە، عەباس ئیسماعیل سەپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان سەرجەم کێشە و گرفتی شۆفێرانی خستەڕوو داوای کردووە بەدواداچون بکرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێت.
هیوای خواستووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لەدەروازەی پەروێزخانەوە جوڵەی بازرگانی زیاد بکەن و ئارامی و ئاسایشی شوفێران و گەشتیاران بەتەواوی بپارێزرێت و ئەو کێشەو گرفتانەش کە رووبەڕوی شۆفێرانی بارهەڵگری عێراقی دەبێتەوە بەتەواوی چارەسەر بکرێت.