سبەی
ڕۆژنامەنووسێک ئاشکرای دەکات بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە ئیبراهیم تاتڵیسەس، هونەرمەندی بەناوبانگی تورکیا لە تەمەنی 24-25 ساڵیدا سوننەت کراوە.
ڕۆژنامەنووس بورهان ئاکداغ لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەی "ماگەزین بەهانە" ئاماژەی بەوە دا کە قسەی لە زاری برایەکی تاتڵیسەس دەرهێناوە و بۆی دەرکەوتووە بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە ئیبراهیم تاتڵیسەس لە تەمەنی 24-25 ساڵیدا سوننەت کراوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژە بەوە دەدات لە کاتی قسەکردن لەگەڵ حوسێن تاتڵی، برای ئیبراهیم تاتڵیسەس قسەی لێ دەرهێناوە و لێی پرسیووە: "حوسێن تەمەنت چەند بوو کە سوننەت کرای؟" حوسێن گوتویەتی: "3 یان 4 یان 5 ساڵ بوون"، منیش پرسیم: "بە تەنیا سوننەت کرای؟"، ئەویش گوتی: "نا لەگەڵ کاکم لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵیسەس".
ئاکداغ دواتر لە حوسێنی پرسیووە ئیبراهیم چەند ساڵ لەو گەورەترە، ئەویش گوتوویەتی: "کاکم 21 ساڵ لەمن گەورەترە".
ئاکداغ سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە بەم جۆرە بەبێ ئەوەی ئاگای لێ بێت ئەو قسەیەی لە زاری حوسێن دەرهێناوە.
چەندین ساڵ لەمەوبەر کاتێک لە بەرنامەیەک پرسیاری ئەوە لە ئیبراهیم تاتڵیسەس دەکەن ئایا تەمەنی 16 ساڵیدا سوننەت کراوە، دەڵێت: "یاخوا ڕووی نەبوونی ڕەش بێت. ئەو سەردەمە سوننەت زۆر گران بوو و ئێمەیش هەژار و دەستکورت بووین. لەگەڵ سێ برام و دوو کوڕەمامم بڕیار بوو پێکەوە سوننەت بکرێین. بە هۆی ئەوەی هەموو ساڵێک دایکم یان ئامۆژنم دووگیان دەبوو، سوننەتکردنەکە هەر دوا دەخرا، دەیانگوت با بوەستین بزانین ئەگەر کوڕ بوو هەموویان پێکەوە سوننەت دەکەین. ئیدی بەم جۆرە کارەکە زۆر دواخرا و زۆربەمان گەورە بووین. بەم جۆرە من و چوار برام و دوو کوڕەمامم پێکەوە سوننەت کراین".
ئیبراهیم تاڵیسەس
گۆرانیبێژ، دەرهێنەر، ئەکتەر و پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی و خاوەنکار ئیبراهیم تاتڵیسەس لە 1952 لە ڕها (ئورفا) لەدایک بووە.
لە 1962ـەوە دەستی کردووە بە گۆرانی گوتن و نازناوی ئیمپراتۆری گۆرانی تورکی پێ دراوە.
ئیبراهیم تاتڵیسەس پاشناوی خۆی تاتڵی' بووە کە بە واتای شیرین دێت و دواتر پاشناوەکەی گۆڕاوە بۆ تاتڵیسەس و ئەویش بە واتای "دەنگخۆش" دێت.
تاتڵیسەس سێ جار هاوسەرگیری کردووە و ئێستاش سینگڵە و حەوت منداڵی هەیە.
هەرچەند لە میانی پرۆسەی سڕینەوەی هونەری کوردی و بە تورکیکردنی ئاوازە کوردییەکان، ئیبراهیم چەندین گۆرانی گوتووە کە خودی ئاوازەکانیان کوردی بوون و تورکێندراون، بەڵام بە پێچەوانەی بەشێکی دیاری ئەو هونەرمەندە کوردانەی وابەستە و پابەند بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەشارنەوە، چەندین گۆرانی کوردیشی گوتووەتەوە.
ئیبراهیم خاوەنی چەندین ئەلبومی گۆرانی و دەیان فیلمە و 17 جاریش خەڵاتی بە شایستە زاندراوە.
لە 14ـی ئاداری 2011 لە کاتی گەڕانەوە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بە چەک هێرش دەکرێتە سەر تاتڵیسەس و بە سەختی بریندار دەکرێت.
لە کاتی داگیرکردنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، ئیبراهیم تاتڵیسەس پشتیوانی خۆی بۆ سوپای تورکیا دەربڕی و ئەمەیش ڕەخنەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
لە یەکێک لە نوێترین بەرنامەکاندا هولیا ئەفشار، هونەرمەندی بەناوبانگی تورکیا دانی بەوە دا کە لە کاتێکدا لە تورکیا گوتنی گۆرانی کوردی قەدەغە بوو، ئیبراهیم تاتڵیسەس لەبەر ئەوەی باوکی هولیا ئەفشار حەزی لێ بووە گوێی لە گۆرانی کوردی بێت، ئیبراهیم تاتڵیسەس چەندین گۆرانی بە کوردی تۆمار کردووە.
ئیبراهیم دایکی کورد و باوکی عەرەبە و هولیا ئەفشار کە بە "ماڤی" ناسراوە باوکی کوردە و دایکی تورکە.