رێكخراوێكی ئەمەریكی ئاماری شەش مانگی هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە

#تورکیا#هەرێمی کوردستان#پەکەکە
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • (1،484) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆك، (140) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، (54) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.
Primary Asset

گرافیکی سبەی

سبەی

رێكخراوی  CPTی ئەمەریكی ئاماری شەش مانگی هێرشەكانی توركیای بۆسەر هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە، بەپێی ئامارەكە  لە یەكی كانوونی دووەم بۆ 30ی حوزەیران، سوپای توركیا (1،678) هێرش و بۆردومانی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.

ئامارەكەی رێكخراوی CPTی ئەمەریكی بەمشێوەیەیە:

 (1،484) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆك، (140) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، (54) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.

وەك رێكخراوەكە دەڵێت " بە هۆی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای توركیا لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، (نۆ) هاووڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی بە شێوەیەك (سێ) هاووڵاتی شەهید و (شەش) هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.

هەر بەپێی ئامارەكە، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، سوپای توركیا (1،232) هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران، (397) هێرشی لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، (43) هێرشی لە ڕێگەی هەلیكۆپتەر، (پێنج) هێرشی لە ڕێگەی بەكارهێنانی چەكی سوك و (یەك) هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە.

"بە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، سوپای توركیا، (550) هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە كە (541) هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆك و (نۆ) هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون. بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەكان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (8٪) زیادیانكردووە.

بەوتەی ئەو رێكخراوە ئەمەریكیە، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەكلایەنەی پەكەكە لە مانگی ئادار، سوپای توركیا هیچ هێرش و بۆردومانێكی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە.

هێرشەكانی توركیا لە كاتێكدان، گفتوگۆكانی ئاشتی، نێوەندگیری و دانوستانەكان لەنێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان و لایەنەكانی باكوری كوردستان لەئارادابوون، جگە لەوەی بڕیارە  11 ی تەموز گروپێك لە گەریلاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان چەك دابنێن، ئەمەش وەك نیازپاكی و هاندانی توركیا بۆ هەنگاونان لە پرۆسەی ئاشتی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی