"بە ئیرادەی ئازادیی خۆمان چەكەكانمان لەناودەبەین"؛ ئەو گەریلایانەی چەك دادەنێن پەیامێكیان بڵاوكردەوە

#تورکیا#پەکەکە#هەرێمی کوردستان
13 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ، لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی بانگەوازی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك" كە توركیا وەك پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، گروپێكی گەریلا "مەراسیمێكی سیمبولیكی لەناوبردنی چەكیان ئەنجامدا" و ڕاگەیەندراوێكیشیان بڵاوكردەوە.
Primary Asset

ژمارەیەک گەریلای پەکەکە

سبەی

گروپێكی گەریلا بەناوی گروپی (ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی) ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند، "لە چوارچێوەی بانگەوازییەكەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و وەك نیازپاكییەك بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بە ئیرادەی ئازادیی خۆمان چەكەكانمان لەناودەبەین".

ئەمڕۆ، لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی بانگەوازی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك" كە توركیا وەك پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، گروپێكی گەریلا "مەراسیمێكی سیمبولیكی لەناوبردنی چەكیان ئەنجامدا" و ڕاگەیەندراوێكیشیان بڵاوكردەوە.

رێورەسمەكە بە بەشداری نوێنەری لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و باكوری كوردستان و توركیا و عێراق و چەندین كەسایەتی لە گوندی جاسەنەی سورداش سەر بە قەزای دوكانی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی گروپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بەمشیوەیەیە:

"بۆ ڕای گشتی و گەلەكەمان"

بەناوی گرووپی (ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی)ـیەوە كە بۆ خێراییدان بە پرۆسەی گۆڕان و وەرچەرخانی دیموكراتی پێكهێندراوە؛ سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشكەشی ئامادەبووان و هەموو شاهیدانی ئەم چالاكییە دیموكراتییە مێژووییەمان دەكەین.

ئێمەی ژنان و پیاوانی شەڕڤانانی ئازادی كە لە مێژوویی جیاجیادا بە ئامانجی شەڕكردن لە دژی هێرشەكانی نكۆڵیكردن و قڕكردنی كورد بەشداریمان لە ڕیزەكانی پەكەكەدا كردووە، چەكمان هەڵگرتووە و لە هەرێم و شوێنی جیاجیا تێكۆشاوین، ئەمڕۆ وەك وەڵامێك بۆ بانگەوازییەكەی ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالان كە لە ڕاگەیا‌ندراوەكەی بەرواری ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ـیدا بڵاوی كردبووەوە؛ هاتووین بۆ ئێرە. هاتنەكەمان لەسەر بنەمای بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ بۆ (ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی)ـی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەكانی ١٢ـیەمین كۆنگرەی پەكەكەیە كە لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا ئەنجامی دا.  وەك نیازپاكی و هەنگاوی بڕیارداری لە پێناوی بەكرداری سەركەوتنی پرۆسەی (ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی) و لە ئێستاشەوە بە ئامانجی بەردەوامیدان بە تێكۆشانی ئازادیی و دیموكراسیی و سۆسیالیزمیمان بە ڕێبازی سیاسەتی دیموكراتی‌ و یاسایی و هاوكات لەسەر بنەمای دەركردنی یاساكانی ئێنتیگراسیۆنی دیموكراتی؛ لە ئامادەبوونی ئێوەدا بە ئیرادەی ئازادی خۆمان چەكەكەمان لەناو دەبەین.

هیوادارین ئەم هەنگاوەمان ببێت بە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەكەمان بە تایبەتی بۆ ژنان و گەنجان و بۆ گەلانی توركیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و سەرجەم مرۆڤایەتی و ئاشتی و ئازادی لەگەڵ خۆی بهێنێت.

پڕ بەدڵ هاوڕاین لەگەڵ بانگەوازییەكەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان كە دەڵێت: “بڕوام بە هێزی سیاسەت و ئاشتی كۆمەڵایەتی هەیە، نەك چەك. بانگەوازی لە ئێوەش دەكەم ئەم پرەنسیپە پراكتیزە بكەن” و مایەی شانازی و سەربەرزییەكی گەورەیە كە هەڵدەستین بە جێبەجێكردنی بنەماكانی ئەم پرەنسیپە مێژووییە.

دەزانین كە تا ئێستا هیچ شتێك بە ئاسانی و بێ قوربانی و بەبێ تێكۆشان بەدینەهاتووە، بەپێچەوانەوە هەموو شتێك ڕۆژانە بە قوربانی گەورە و بە تێكۆشانی بێ وێنە بەدەستخراوە. هەڵبەت لە ئێستا بەدواشەوە هەر بە تێكۆشانی سەخت و دژوار بەردەوام دەبێت. زۆر باش بەم ڕاستییە دەزانین و لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنی گەورە و دەستكەوتی دیموكراتییانە لەناخی دڵمانەوە بڕوامان بە فكر و پارادایمی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەیە و متمانەمان بە خۆمان و وەكو كۆمەڵەی هاوڕێیانیش متمانەمان بەهێزی هەرەوەزیمان هەیە.

لە ژینگەیەكی وەهادا كە گوشار و تاڵانكاری فاشیستی برەوی سەندووە، ناوچەكەمان؛ ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە بە گۆمی خوێن و گەلەكەمان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ژیانی ئاشتەوایی، ئازادی و یەكسانی و دیموكراتی هەیە، گرنگی و ڕاست و هەنووكەیی ئەم هەنگاوە مێژووییەمان دەبینین و هەستی پێدەكەین.

بەو هیوایەین كە هەموو لایەك، ژنان و گەنجان، كرێكار و ڕەنجدەران، هێزە سۆسیالیستی و دیموكراتەكان، واتا سەرجەم گەلان و مرۆڤایەتی؛ د‌رك بە نرخ و بایەخی ئەم هەنگاوە ئاشتی و دیموكراتییانەیەمان بكەن، تێبگەن و ڕێزی لێبگرن.

هەر لەم سۆنگەیەوە بانگ لە سەرجەم هێزە ناوچەیی و جیهانییەكان دەكەین كە بەرپرسن لە هەموو ئێش و ئازارەكانی گەلەكەمان، ڕێز لە مافە ڕەوا و نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی گەلەكەمان بگرن و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموكراتییانە بكەن.

بانگەوازی لە گەلان بەتایبەتی ژنان و گەنجان، كرێكار و ڕەنجدەران، هێزە دیموكرات و سۆسیالیستییەكان، ڕۆشنبیر، نووسەر، ئەكادیمیست، مافناس، هونەرمەند و سیاسەتمەداران دەكەین كە بەشێوەیەكی ڕاست لەم هەنگاوە مێژووییەمان بگەن و لەپاڵ ئێمە و گەلەكەمان بن. هەروەها داوادەكەین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی و دیموكراتییانەی كێشەی كورد چالاكانەتر تێبكۆشن و لە ئاستی جیهانیدا تێكۆشانی دیموكراتییانە، سۆسیال ئینتەرناسیۆنالی و پشتگیری و پشتیوانی بكەین.

بانگەوازیش لە گەلەكەمان و سەرجەم هێزە سیاسییەكانی دەكەین كە بەشێوەیەكی ڕاست تێبگەن لە تایبەتمەندییەكانی ئەم قۆناغە مێژووییەی ئێستا و ئەم پرۆسەی (ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی)ـیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێكردووە و ئەركەكانیان لە هەموو بوارەكانی پەروەردەیی، ڕێكخستنی و چالاكییدا بەسەركەوتوویی جێبەجێ بكەن و برەو بە ژیانی دیموكراتییانە بدەن.

زوڵم و داگیركاری كۆتایی دێت و ئازادی و هاوخەباتی سەردەكەوێت.

پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی مسۆگەر سەردەكەوێت.

١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥”

گرووپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی