عومەر چەلیک
سبەی
بەرپرسانی توركیا و میدیا فەرمییەكانی ئەو وڵاتە، هێشتا پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بە "پرۆسەی رادەستكردنی چەك لەلایەن تیرۆریستان" ناودەبەن، وتەبێژی ئاك پارتی دەڵێت " لەمەودوا پرۆسەی ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لق و پێكھاتە نایاساییەكانی پەكەكە و سوتاندن و ڕادەستكردنی چەكەكان لە ماوەیەكی كورتدا تەواو بكرێت".
ئەمڕۆ پرۆسەی سوتاندنی چەك و دانانی لەلایەن ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە یەكەم لێدوانی دوای پرۆسەكە، عومەر چەلیك، جێگری سەرۆكی گشتیی ئاك پارتی و وتەبێژی پارتەكە رایگەیاند:"لە ڕۆشنایی ئامانجی توركیای بێ تیرۆردا یەكەم ھەنگاو سەبارەت بە پرۆسەی لەناوبردن و ڕادەستكردنی چەكەكانی پەكەكە ئەنجام درا".
چەلیك وتیشی: "لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی توركیای بێ تیرۆر، بە ڕێنمایی سەركۆمارمان دامەزراوەكانی دەوڵەت لە ھەموو بوارەكاندا بە تایبەتی دیپلۆماسیی، ھەواڵگریی و ئاسایش بەشێوەیەكی فراوان بەردەوامن لە ئەنجامدانی كارەكانیان".
"بانگەوازە مێژووییەكەی باخچەلی لەگەڵ ئەو ئیرادەیەی دەوڵەتی توركیا كە بەڕێز سەركۆمارمان خستوویەتەڕوو، تا دێت پێداگریی بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی مێژوویی بۆ ڕزگاركردنی توركیا لە بارگرانی تیرۆر بەهێزتر دەبێت بەرەوپێش دەچێت" عومەر چەلیك وای وت.
وتەبێژی ئاكپارتی ئەوەشی خستەڕوو: "لە قۆناغی ئێستادا بۆ گەیشتن بە ئامانجی 'توركیای بێ تیرۆر ئاستێكی گرنگ و هەستیار تێپەڕێندراوە، دەبێت لەمەودوا پرۆسەی ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لق و پێكھاتە نایاساییەكانی پەكەكە و سوتاندن و ڕادەستكردنی چەكەكان لە ماوەیەكی كورتدا تەواو بكرێت، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە كە بە ئیرادەی سەركۆمارمان وەك پڕۆژەیەكی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجەكانی بگات".
عومەر چەلیك دەشڵێت " ئامادەباشی دژ بە ھەموو جۆرە تێكدانێك بەردەوام دەبێت، ئەو ئیرادەیەی پرۆژە سیاسییە نەخوازراوەكانی ئەوانەی تیرۆر وەك ئامڕازی شەڕی بە وەكالەت بەكاردەھێنن و بە ئامانجی ئیمپریالیستییەوە لە ناوچەكەمان نزیك دەبنەوە تێكدەشكێنێت ئیرادەی توركیای بێ تیرۆرە، سەرچاوەی ئیلهامە بۆ تێگەیشتن لە ناوچەی بێ تیرۆر".
لەلایەكی دیكەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی مەهەپە رایگەیاند:"ئامانجی توركیای بێ تیرۆر بە هەنگاوی ڕاستەقینە و دروست دەچێتە پێشەوە، لەگەڵ چەك ڕادەستكردنی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی جوداخواز، هاوكات وەچەرخانێكی مێژوویی و كۆتاییهاتنی سەردەمێكی تاریك هاتووەتە ئاراوە".
دەوڵەت باخچەلی هەروەها نوسیوێتی: "بە تەواوبوونی قۆناغی ڕادەستكردنی چەكەكان لە وادەیەكی دیاریكراودا، بیرەوەرییە تاڵەكان نامێنن و گەلی تورك دەبێتە ئەندازیار و چەقی سەدەی نوێ".
سەزای تەمەللی، جێگری هاوسەرۆكی دەم پارتی لەبارەی رێوڕەسمی چەكدانانی پەكەكە رایگەیاند:''پەكەكە هەنگاوی گرنگی ناوە." دەشڵێت " دەبێت حكومەتی توركیا دەستەواژەی 'توركیای بێ تیرۆر' بۆ پرۆسەی چارەسەری بگۆڕێت".