لەکاتی گونجاودا سەردانی ئۆجەلان دەکەم؛ مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای دەم پارتی دەكات

#ئۆجەلان#بارزانی#پەکەکە#تورکیا#کورد#
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • پێشوازییەكە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەكەكانیان دانا و پاشان سوتاندیان، ئەمەش وەك بەدەمەوەچوونی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبە بۆ چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە.
Primary Asset

بارزانی و باکرهان

سبەی

ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی  كرد.

پێشوازییەكە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەكەكانیان دانا و پاشان سوتاندیان، ئەمەش وەك بەدەمەوەچوونی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبە بۆ چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە.

ئەمڕۆ ئەو شاندەی لە هەرێمی كوردستان ئامادەی پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بوون، كە شاندێكی باڵای دەم پارتی لەنێودا بوو، سەردانی بەشێك لە لایەنە سیاسیەكانیان كرد، لەوانەش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.

بارەگای بارزانی ناوی ئەندامانی شاندەكەی بڵاوكردووەتەوە كە بەمشێوەیەیە: ئەحمەد تورك و لەیلا زانا و سری ساكێك و تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی و چیدەم قلێچگون ئوچار هاوسەرۆكی هەرێمەكانی دیموكرات و مەڕال دانشبەشتاش پارلمانتاری دەم پارتی و بەردان ئوزتورك بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی دەم پارتی.

بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، "لە دیدارەكەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە بارزانی كرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژیی لە پشتیوانیكردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و داوایان كرد بارزانی لە ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیكردنی ئەو پڕۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەردەوام بێت، هەروەها وێڕای گەیاندنی پەیام و داواكەی ئۆجەلان داواشیان كرد كە بارزانی سەردانی ئۆجەلان بكات".

وەك لە راگەیەندراوی بارەگای بارزانیدا هاتووە:" لای خۆیەوە بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو هەنگاوانەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر هەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست، ئەوەشی ڕاگەیاند پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێكی باش، دەساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی كێشەكان چارەسەر ناكرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەكترقبوڵكردن و دیپلۆماسی ببەسترێت".

" بارزانی ئاماژەشی بەوە دا لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناكات و سەبارەت بە داواكارییان بۆ سەردانی ئۆجەلان ڕایگەیاند لە هەلومەرجێكی گونجاودا سەردانەكە ئەنجام دەدرێت، داواشی كرد هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە توركیا بن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی