یەكەم پەیامی ئەردۆغان دوای چەكدانانی گروپێك گەریلای پەكەكە

#تورکیا#پەکەکە#کورد#ئەردۆغان#باخچەلی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ پرۆسەی سوتاندنی چەك و دانانی لەلایەن ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
Primary Asset

ئەردۆغان و باخچەلی

سبەی

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەھەپە، بەبۆنەی ئەوەی گروپێكی پەكەكە چەكەكانیان لەناوبرد، دڵخۆشی خۆی گەیاندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا.

ئەمڕۆ پرۆسەی سوتاندنی چەك و دانانی لەلایەن ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

میدیای فەرمیی توركیا بڵاویكردەوە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتیی مەھەپە، ئەنجام دا.

وەك میدیای توركیا ئاماژەی پێداوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا، "باخچەلی دڵخۆشی خۆی بەبۆنەی لەناوبردنی چەكەكانی گروپێكی ڕێكخراوی تیرۆریستیی پەكەكە لە چوارچێوەی ئامانجەكانی توركیای بێ تیرۆردا گەیاندە ئەردۆغان".

هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا جەخت كرایەوە "لەسەر ئەوەی كە پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر بەھاوكاری كردنی یەكێتیی و یەكبوونی وڵات بەردەوام دەبێت".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند: "هیوادارم ئەو هەنگاوە گرنگەی كە ئەمڕۆ لە رێگای گەیشتن بە ئامانجمان بۆ توركیایەكی بێ تیرۆر نرا، ببێتە مایەی خێر".

ئەردۆغان وتیشی: "لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە كە لەم رێگەیەدا كە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەمان، ئاسوودەیی گەلەكەمان و چەسپاندنی ئاشتییەكی هەمیشەیی لە ناوچەكەمان گرتوومانەتەبەر، بمانگەیەنێت بە ئامانجەكانمان."

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان رۆژی چوارشەممە (9ـی تەمموزی 2025) پەیامێكی ڤیدیۆیی لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی بڵاوكردەوە، كە هاوشانی ئەو شەش هاوڕێی دیكەی وەستابوون.

پەیامەكەی ئۆجەلان لە (19ـی حوزەیرانی 2025) تۆماركراوە و نۆی تەمموز بڵاوكراوەتەوە، تیایدا دەڵێت:" لێرەدا كۆتایی بەتەڤگەری پەكەكە دەهێنین كە وەك كاردانەوەیەك لە دژی نكۆڵیكردن لە هەبوونی كورد دەركەوت و بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێكی جیا ستراتیژییەكەی شەڕی رزگاری نەتەوەیی بوو. ئێدی دان بە هەبوونی گەلی كورددا نراو و لەم سۆنگەیەوە ئامانجە سەرەكییەكە بەدی هاتووە. لەم واتایەدایە كە ماوەكەی بەسەر چووە".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی