سزاى نوێ لە ئەوروپاوە؛ ئێران لەبەردەم مەترسی گەڕانەوەى سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکاندایە

#ئێران#ئەوروپا#سزا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا: ئەگەر پێشکەوتنی کۆنکرێتی لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ڕوونەدات، هەر سێ وڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا تا کۆتایی مانگی ئاب میکانیزمی گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران چالاک دەکەن.
  • وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەگەر ئەوروپا هەوڵی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بدات ئەوا بە تەواوەتی لە پرۆسەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دوور دەکەوێتەوە.
Primary Asset

سبەى

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا سزای بۆ سەر نۆ کەس و قەوارەی ئێرانیدا پەسەند کرد، وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش رایگەیاند، ئەگەر پێشکەوتنێک لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران نەکرێت ئەوا سەرجەم سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەر ئەو وڵاتەدا دەگەڕێننەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەمموز کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاری سزادانی نۆ کەس و قەوارەی ئێرانی پەسەندکرا.

ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، بەهۆی توندوتیژی دژی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردن، سزایان بەسەر هەشت کەس و ڕێکخراوێکی سەر بە ئێران سەپاند.

راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە، ئەو ڕێکخراو و کەسانە بە ئەنجامدانی پێشێلکاری لە دەرەوەی وڵات بە ناوی حکومەتی ئێرانەوە بەرپرسیارن، لە وانە کوشتنی نایاسایی وەکو لەسێدارەدان، بێسەروشوێنکردنی ئەو کەسانەی وەک نەیار یان ڕەخنەگری کۆماری ئیسلامی ئێران سەیر دەکرێن.

لای خۆشیەوە ژان نویل باریۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کە ئەگەر پێشکەوتنی کۆنکرێتی لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ڕوونەدات، هەر سێ وڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا تا کۆتایی مانگی ئاب میکانیزمی گەڕاندنەوەی  ئۆتۆماتیکی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران چالاک دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند ئەگەر ئەوروپا هەوڵی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بدات ئەوا بە تەواوەتی لە پرۆسەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دوور دەکەوێتەوە.

عەراقچی هۆشداریشیدا کە وڵاتەکەی کاردانەوەی تایبەتی دەبێت لە بەرانبەر گەڕانەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی.

بە گوێرەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک کە ساڵی 2015 واژۆکرا لە ئەگەری ئەوەی ئێران پابەندییەکانی جێبەجێ نەکات ئەوا سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش و یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.

لەو نێوانەشدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا داوای لە لایەنەکان کرد کە پرسی ئەتۆمی ئێران بە دیپلۆماسی چارەسەر بکەن. وتیشی" گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و ڕێگە چارە نییە".

لاڤرۆڤ جەختیشی کردەوە لەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی بسەلمێنێت کە ئێران بەدوای دروستکردنی چەکى ئەتۆمیدا دەگەڕێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئێران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە و هیچ وڵاتێک ناتوانێت ڕێگری لێبکات و پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەردەوام ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان چاودێریکردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی