پێکدادان لەنێوان هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانى سوریا روویدا

11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

سبەى

لە دەوروبەرى حەلەب پێکدادان لەنێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات و هێزە ئەمنییەکانى سوریا روویدا، دواى ئەوەى هێزێکى سوریا بەبێ مۆڵەتى هەسەدە هەوڵیدا بچێتە ناوچەکە، ئەوەش بەپێی روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەمموز روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە کە لەدەوروبەرى ناوچەى دیر حافر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەب گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئاسایشی گشتی سەر بە حکومەتی سوریا رویداوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان پێکدادنەکە کاتێک رویداوە کە هێزەکانی ئاسایشی سوریا بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە و وەرگرتنی رەزامەندی  هەوڵیانداوە بچنە ئەو ناوچەیە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە زیانی گیانی ئەو پێکدانانە بڵاونەکراوەتەوە و روانگەی سوری لە زاری چەند سەرجاوەیەکی ئاگادارەوە  ئەو ڕاپۆرتانەى رەتکردەوە کە  باس لە  کوژرانی دوو ئەندامی هەسەدە دەکەن لەو ئاڵۆزیانەدا.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕەتیکردەوە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت گەنجانی دەمامکدار هەڕەشە لە ڕاپەڕینی چەکداری عەرەب لە دژی هێزەکانی هەسەدە دەکەن دەشڵێن ئەو ڤیدیۆیانە کۆنە و تایبەت بە ئێستا نییە.

پێکدادانى نێوان هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانى سوریا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى شەڕ و ئاڵۆزییەکانى سوەیدا کە سێ رۆژە بەردەوامە.

شەڕەکە لە رۆژی شەممە لە نێوان چەکدار درووزەکان و چەکدارە بەدەوەییەکان کە سەر بە چەند عەشیرەتێکن سەریهەڵدا. لە بنەڕەتدا شەڕەکە وێنەیەکی مەزهەبی وەرگرتووە، چونکە درووزەکان شیعەن، چەکدارەکانی دیکە سوننەن. هەردوولایان چەکیان پێیە، سوننەکان پشتیوانی حکومەتەکەی شەرعیان هەیە، درووزەکان پشتیوانی سوپای ئیسرائیلیان هەیە. بەرەی سوننە و شیعەی سوەیدا، یەکتر بە ئاسانی قبوڵ ناکەن. هەر شتێک لەلایەن گرووپێکیانەوە بە هەڵوێستی دوژمنکارانە لێکدەدرێتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەی ئێف پی، هۆکاری شەڕەکە ئەوە بووە کە چەکدارێکی بەدەوییەکان، بازرگانێکی سەوزە و میوەی درووزەکانیان رفاندوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی درووزەکان دەست بەتۆڵەکردنەوە بکەنەوە و شەڕەکە پەرەیسەندوە.

شەڕی نێوان هۆزەکانى سوەیدا و درووزەکان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەردەوام ئەو دوو بەرەیە لە ناکۆکی و پێکداداندا بوون لەگەڵ یەکتر.

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکە حکومەتی کاتی سوریا بڕیاریدا بە جوڵاندنی هێز بەرەو سوەیدا، لەلایەن درووزەکانەوە ناردنی هێز بە لایەنگری بۆ هۆزە سوننەکان لێکدەدرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی