سبەى
سەرکردەیەکى چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتدار لە عێراق ئاشکرایکرد، سەرکردەکانى گروپە چەکدارەکان حکومەت و چوارچێوەى هەماهەنگیان ئاگادارکردووەتەوە کە پەیوەندییان بە هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکى عێراقەوە نییە.
عامر فایز سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگى بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاند "ئیدانەی بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و هێرشەکانى دیکەی لەو جۆرە دەکەین کە لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەنجام دەدرێن کە دەیانەوێت سەقامگیری و ئاسایشی عێراق تێکبدەن و حکومەتی عێراق شەرمەزار بکەن".
وتیشى "حکومەتی عێراق جدی دەبێت لە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان. ئێمە ڕازی نابین کە عێراق بۆ هیچ ململانێیەکی ناوچەیی ڕابکێشرێت. ئەم بابەتە پەیوەستە بە کۆدەنگی سیاسی، هەروەها کۆدەنگی نێوان گروپە چەکدارەکان".
بەوتەى عامر فایز، ئاڕاستەی ئێستای کوتلە چەکدارەکان لەگەڵ سەقامگیریی عێراقدایە و دژی تێوەگلانی وڵاتن لە هەر شەڕێکی لاوەکی یان هەر ململانێیەکی دیکەی ناوچەیی.
جەختیشیکردەوە، سەرکردەکانى ئەو گروپانە چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشە درۆنییەکانەوە نییە و دوورن لەو کارانەوە.
شەوى 14 ى تەمموز بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەى نەوتى خورمەڵە لە سنورى پارێزگاى هەولێر، ئەوەش دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر لە خستنەخوارەوەى درۆنێکى دیکە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر.
هەروەها رۆژى 15 ى تەمموز وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرلەبەیانی سێشەممە (15ـی تەمموزی 2025) لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک و هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
سەباح نوعمان وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، دوو کێڵگەى نەوتى لە هەرێمى کوردستان بە درۆن رووبەڕووى هێرش بوونەتەوە، ئەوەش هەڕەشەیەکى راستەوخۆیە لەبەرژەوەندى عێراقییەکان و هەوڵەکانى دەوڵەت بۆ بەدیهێنانى سەقامگیریی.
وتیشى “سروشت و کاتى هێرشەکان ئاماژەیە بۆ بوونى نیازێکى قێزەون کە ئامانجەکەى تێکەڵکردنى دۆسیەکان و زیانگەیاندنە بە عێراق و دامەزراوەکانى”.
بەوتەى سەباح نوعمان، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق فەرمانیکردووە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لێکۆڵینەوەیەکى بەپەلە و فراوان دەستپێبکەن بۆ دیاریکردنى ئەو کەسانەى لەپشت هێرشەکانەوەن و رێوشوێنى توند بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەى کە لە هێرشەکان تێوەگلاون بەبێ هیچ کەمتەرخەمییەک.
جەختیشیکردووەتەوە، حکومەتى عێراق و سەرجەم دامەزراوەکان رێگە بە هچ هەڕەشەیەک نادەن کە بەرژەوەندى عێراق بخەنە مەترسییەوە و سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکان بۆ پاراستنى دامەزراوەکان و پتەوکردنى سیستمى بەرگرى دەگرنەبەر، بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە کردەوانە.
لاى خۆیەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داواى لە حكومهتى فيدراڵى عێراق کرد ههموو ڕێكارێكى بهپهله و پێويست بگرێته بهر بۆ ڕێگهگرتن لهو هێرشانه و دۆزينهوهى هێرشبهران و سزادانيان.
جەختیشیکردووەتەوە، ئهو هێرشانه سهقامگيرى و سهروهريى وڵات و وهبهرهێنانى ناوخۆيى و بيانى دهخهنه مهترسييهوه.
هەر لەبارەى هێرشەکانەوە، کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی 14 و 15 مانگی تەمموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.
جەختیشیکردووەتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق دەسەڵاتی خۆی پیادە بکات بۆ ڕێگریکردن لە لایەنە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناو خۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتیەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا کردووە.
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر دەڵێت، “ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی.ئەمەریکا ھانی حکومەتی عێراق دەدات لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە”.