سبەی
یەكێک لە گەورەترین پارچە بەردی مەریخ کە لە سەر زەوی دۆزراوەتەوە و زۆر دەگمەنە لە زیادکردنێکدا لە نیۆیۆرک بە 4ملیۆن و 300هەزار دۆلار فرۆشرا.
نەیزەکەکە بە ناوی ئێن دەبلیو 16788ناسراوە، کێشەکەی نزیکەی 24.5 کیلۆگرامە و نزیکەی 38 سانتیمەتر درێژە.
ئەو پارچە بەردە لە پاییزی ساڵی 2023 لە ناوچەیەکی دوورەدەستی وڵاتی نەیجیریا دۆزراوەتەوە و قەبارەکەی 70%ـی ئەو پارچە بەردانەی مەریخ زیاترە کە پێشتر پارچە دۆزراونەتەوە.
پارچە بەردەکە، نەیزەکێکی مەریخە، کە لە دوای تێپەربوونی ئەستێرە بچوکەکان یان دورەپەرێزەکان لە بەرگەهەوای زەویدا دەمێننەوە.
ناوەندی زیادکردنی ئاشکرای ساتبیز لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا ئەم پارچە بەردەی مەریخ کە رەنگەکەی قاوەیی مەیلەو سوورە بەشێوەیەکی دەگمەن وەسف کردووە.
بەپێی زانیارییەکان تائێستا نزیکەی 400 نەیزەکی مەریخی لە سەر زەوی دۆزراوەتەوە.
کاساندرا هاتن، جێگری سەرۆکی بەشی زانست و مێژووی سروشتی لە ناوەندی زیادکردنی ساتبیز لە رونکردنەوەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵیت: ئەمە گەورەترین پارچەیە کە لە مەریخەوە کەوتوەتە سەر زەوی، ئەوەش باوەڕپێنەکراوە کە پارچەیەکی ئەوەندە گەورە لەو هەسارەیەوە بگاتە زەوی.
دەشڵێت: روبەری 70%ـی زەوی لە ئاو پێکهاتووە، جێی شانازییە و بەختەوەرین کە ئەم نەیزەکە کەوتوەتە سەر وشکانی و نەکەوتوەتە ناو ئاوی زەریا و دەریاکان، چونکە ئەو کاتە دۆزینەوەی بۆ ئێمە مەحاڵ دەبوو.
زانیاریی و وردەکاریی لەبارەی بە ئەو کەسەی کە پارچە بەردەکەی کڕیوە دیار نییە و ناشزانرێت براوەتە کوێ و چۆن دەپارێزرێت.
ناوەندی زیادکردنی ئاشکرای ساتبیز رایگەیاند: بە ئەژمارکردنی باج و تێچووی یارمەتیدەر نرخی کۆتایی ئەو پارچە نەیزەکەی مەریخ دەگاتە نزیکەی 5.3 ملیۆن دۆلار.
هەر لەو زیادکردنەدا کە زیاتر لە 100 بابەتی لەخۆگرتبوو، ئێسکەپەیکەری دایناسۆرێکی سیراتۆسۆری سەرەتای سەردەمی جوراسیک بە 26 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، هەروەها کەلەسەرێکی جۆرێکی پاچیسیفالۆساورس بە یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار فرۆشرا.