سبەی
لە توێژینەوەیەکی زانستی دەگمەندا لە زانکۆی کۆپنهاگن دەرکەوتووە کە هەموو مرۆڤە چاوشینەکان لە سەرانسەری جیهاندا پەیوەندیان بە کەسێکەوە هەیە و یەک باوانی هاوبەشیان هەیە. ئەم تویژینەوە نوێیە ئەو گۆڕانکارییە نوێیە بۆماوەییە ئاشکرا دەکات کە دەبێت هۆی گۆڕینی رەنگی چاو لە قاوەییەوە بۆ شین.
لە توێژینەوەیەکی زانستیدا کە لەلایەن زانایانی زانکۆی کۆپنهاگنەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە چاویان شینە، لە یەک باپیرەوە هاتوون کە نزیکەی 6 بۆ10هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاوە. ئەم توێژینەوەیە نەک هەر دەرچەیەکی نوێ پیشکەش بە جینێکی رەنگی چاو دەکات، بەڵکو بەگشتی ئاماژەیە بۆ پەیوەندی بۆماوەیی مرۆڤەکان کە لە رابردوویەکی دوورەوە تا ئێستا بەردەوام بوون.
گۆڕانی بۆ ماوەیی؛ هۆکاری سەرەکی رەنگی چاوی شین
بەپێی توێژینەوەکان، لە سەرەتاوە هەموو مرۆڤەکان رەنگی چاویان قاوەیی بووە. ئەم رەنگی چاوە لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر مادەی میلانین (ئەو مادەی کە رەنگی پێست و قژ و چاو دیاری دەکات) لە بیلبیلەی چاودا درووست دەبێت. دۆزینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە نزیکەی 6 هەزار ساڵ لەمەوبەر گۆڕانکارییەک لە جینی OCA2 روویداوە کە بەرپرسیارە لە بەرهەمهێنانی پڕۆتینی "P" کە پرۆتینێکە لە بەرهەمهێنانی مادەی میلانین رۆڵی هەیە. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی میلانین لە چاودا و ئەنجامەکەی گۆڕینی رەنگی چاو بووە لە قاوەییەوە بۆ شینە.
کلیلی بۆماوەیی، یەکسان بۆ هەموو چاوە شینەکان
ئەوەی کە ئەم توێژینەوەیە سەرنجڕاکێشتر دەکات کە ئەم گۆڕانکارییە لە هەمان خاڵ لە DNA تەواوی مرۆڤە چاو شینەکان لە جیهاندا روویداوە. واتە هەموو مرۆڤە چاو شینەکان لە ئاستی بۆماوەیی لەیەک سەرچاوەوە دێن.
بۆچی چاوی شین جیاوازە لە چاوی قاوەیی؟
لە کاتێکدا هەمەچەشنییەکی زۆر لە نێوان مرۆڤە چاو قاوەییەکاندا هەیە و بڕی مادەی میلانین لە ئەواندا دەتوانێت لە کەسێک بۆ کەسێکیتر جیاواز بێت، لە چاوی شیندا ئەم گۆڕانکارییە لە بڕی مادەی میلانیندا نییە. ئەمە بەو واتایە دێت کە چاوی شین لە رووی جینیەوە لە یەک دەچێت، هەرئەمەش جەخت لە بنچەی هاوبەشیان دەکاتەوە. لە تەواوی چاوە شینەکاندا بە تەواوی هەمان گۆڕانکاری لە هەمان خاڵە بۆماوییەکان روویدا.
ئەم گۆڕانکارییە نە سوودی هەیە نە زیانیشی هەیە
بە پێچەوانەی باوەڕە باوەکان، ئەم گۆڕانکارییە بۆماوەییە نە کاریگەرییەکی باشی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان و نە کاریگەری زیانبەخشیشی هەیە. توێژینەران ئەم گۆڕانکاریانە، هاوشێوەی زۆرێک لە تایبەتمەندی بۆماوەییەکانی تر وەکوو پەڵەیەک، رەنگی قژ و تەنانەت کەچەڵی ئەزانن. ئەم تایبەتمەندیانە هیچیان لە ڕووی مانەوەی مرۆڤ کاریگەرییەکی راستەوخۆی نەبووە و تەنیا رەنگدانەوەی تاقیکردنەوەی بێکۆتاکانی سرووشت لە تێکەڵەی جینە جیاوازەکانە.
ئەم توێژینەوەیە نەک هەر سەرنجی زۆری بۆ تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی مرۆڤ راکێشاوە، تەنانەت هاودەنگی بۆماوەیی هەموو مرۆڤەکان نیشان دەدات. لە بنەمادا ئەم توێژینەوەیە دەتوانێت وەک سەرچاوەیەک بۆ نیشاندانی پەیوەندی نزیکی هەموو مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا بەکاربهێنرێت. لە جیهانێکدا کە هەمەجۆری بۆماوەیی زۆر فراوانە، ئەمەمان بیردەهێنێتەوە کە هەموو مرۆڤەکان لە کۆتاییدا لە یەک سەرچاوەی هاوبەشدا لە دایک بوون.
تاقیکردنەوەی زیاتر سەبارەت بەم بابەتە
توێژینەران هیوایان وایە کە بە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە دەتوانێت زانیاری زیاتر لەبارەی چۆنیەتی تایبەتمەندییە بۆماوەییە جیاوازەکان لە نەوەکانی رابردووەوە بۆ نەوەکانی ئێستا دەگوازرێنەوە بزانین. ئەم زانیاریانە ئەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ باشتر تێگەیشتن لە پرۆسەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ و چۆن گۆرانکارییەکان بە درێژایی مێژوو روویانداوە.
توێژینەوەکانی ئەم دواییەی زانکۆی کۆپنهاگن تەنها رەنگی چاوی مرۆڤ روون ناکاتەوە، بەڵکو پەیامێکی گەورەتری تێدایە؛ هەموو مرۆڤەکان لە یەک باپیری هاوبەشەوە لە رووی بۆماوەییەوە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە. ئەم تویژینەوەیە دەری دەخات کە تێکەڵاوی بۆ ماوەییەکانی سرووشت دەتوانێت تایبەتمەندی نوێ درووست بکات کە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە گشتگیر دەمێنێتەوە.