لە كامپی هۆل دەستبەسەریان كردووە؛ كچێكی ئێزدی دوای 11 ساڵ لە دەستی داعش رزگار دەكرێت

#ئێزدی#شنگال#داعش
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی سەرچاوە ناوخۆییەكان، كچێكی ئێزدی بەناوی "ریهام حەجی" كە تەمەنی بیست ساڵی تێپەڕاندووە، لەلایەن چەكدارانی داعش لە نزیك شنگال لە ساڵی 2014 كاتێك تەمەنی نۆ ساڵ بووە رفێندراوە.
Primary Asset

ریهام حەجی

سبەی

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان، كچێكی ئێزدی پاش 11 ساڵ رفاندنی لەژێر دەستی ئەندامانی داعش رزگاركراوە، ئەو كچە لە كامپی هۆل دەستبەسەر بووە.

بەوتەی سەرچاوە ناوخۆییەكان، كچێكی ئێزدی بەناوی "ریهام حەجی" كە تەمەنی بیست ساڵی تێپەڕاندووە، لەلایەن چەكدارانی داعش لە نزیك شنگال لە ساڵی 2014 كاتێك تەمەنی نۆ ساڵ بووە رفێندراوە.

بەوتەی سەرچاوەكان، ریهام خۆی و نزیكەی 30 كەسی دیكەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندراون، بەڵام ئێستاش چارەنوسی زۆربەیان نادیارە، لەوانەش خوشكێكی و پێنج برای.

ریهام حەجی ئەمڕۆ دوای نزیكەی 11 ساڵ لە شنگال بە كەسوكارەكەی شادبووەوە.

داعش لە سێی ئابی 2014 هێرشێكی بەرفراوانی كردەسەر قەزای شنگال كە زۆرینەیان لە پێكهاتە و ئاینی ئێزدین، كۆمەڵكوژی دژ بە ئێزدیەكان ئەنجامدا و بە سەدان كەسی كوشت، جگە لەوەی 6417 كەسی لە ژن و منداڵ و پیاو رفاند تا ئێستا سێ هەزار و 587 كەسیان رزگاركراون، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوان.

تا ئێستا  93 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە كە 274 روفاتیان تێدا بووە و رادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە.

نوسینگەی رزگاربوانی ئێزیدی ئاماژەی بەوەكردووە؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی رزگاریان بووە و لە كامپەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن 135.860 كەسە، 189.337 كەسیش لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێم و دەرەوەی كامپەكان نیشتەجێ بوون.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی