سێ مانگ؛ گەڕێکى نوێی ناکۆکى نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر تەوتینى مووچە

#هەرێمى کوردستان#عێراق#تەوتینى مووچە
19 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 19 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد کە 17 ى تەمموز ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر دەربڕى تایبەتە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆ تەواوکردنى پڕۆسەى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەپێى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق.
Primary Asset

سبەى

چاوەڕواندەکرێت گەڕێکى دیکەى ناکۆکییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر تەوتینى مووچەى فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، کە بەپێی رێککەوتنى نێوانیان دەبێت لەماوەى سێ مانگدا جێبەجێ بکرێت، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان سورە لەسەر پڕۆژەى هەژمارى من.

یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد کە 17 ى تەمموز ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر دەربڕى تایبەتە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆ تەواوکردنى پڕۆسەى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەپێى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق.

رێککەوتنەکە سێ مانگى دیاریکردووە بۆ تەواوکردنى کارەکانى لیژنەکە لەو بارەیەوە و جەختیکردووەتەوە کە لەو کاتە بەدواوە مووچە تەنها لە رێگەى لە رێگەى ئەو سیستمەوە لەلایەن بەغدادەوە بۆ فەرمانبەرانى هەرێم دابین دەکرێت.

بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغداد بۆ “سبەى”، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەکانى ئەم دواییەى لەگەڵ پەرلەمانتار و لایەنە کوردییەکان جەختى لەجێبەجێکردنى تەوتینى مووچە کردووەتەوە بەپێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى و بە روونى گومانى خۆى نیشانداوە لە گەیشتنى پارەى مووچە بەتەواوى بە مووچەخۆران.

سودانى ئاماژەى بەوەکردووە، مەبەستى ئەوان لە جێبەجێکردنى تەوتین ئەوەیە بەروونى ئەوە مسۆگەر بکەن کە ئەو پارەیە دەگاتە دەستى مووچەخۆران، جەختیشیکردووەتەوە ئەوان ئاگادارى هەژمارى من نین و کۆدى ئەلیکترۆنى فەرمانبەرانیان رادەستنەکراوە. 

بەوتەى سەرچاوەکە، لەدواى رێککەوتنى ئەم دواییەوە بەغداد سورە لەسەر جێبەجێکردنى تەوتین ئەوەش کێشەکانى هەرێم و بەغداد لەو بارەیەوە زیندوو کاتەوە، هەرچەندە پێشتر بەغداد بە جۆرێک لە جۆرەکان نەرمى لەو بارەیەوە نواندبوو.

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رۆژى 14 ى تەمموز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت جەختیکردەوە کە حکومەتى هەرێم پابەند نەبووە بە یاساى بودجە و بڕیارى دادگاى فیدراڵى کە یەکێکیان تایبەتە بە تەوتینى مووچەى فەرمانبەران.

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 20 ى حوزەیران لە وتارێکدا لەبارەى رێککەوتنى هەرێم و بەغداد جەختیکردەوە، ئەو پەڕى مرونەتیان بەرانبەر بەغداد نیشانداوە و رازى بوون بە رادەستکردنى 230 هەزار بەرمیل نەوت و 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتى.

هەروەها باسى تەوتینى مووچەى کرد وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە و وتى "بەحساب سیستمى تەوتینیش جێبەجێ بکرێت کە ئەمەش بەشێکە لەو ئەرکەى حکومەتى هەرێم لە مێژەوە جێبەجێی کردووە، هەژمارى من خزمەتگوزارییەکانى زۆر لە تەوتین زیاترە".

وادەردەکەوێت دەسەڵاتدارانى عێراق ئەمجارە سورتربن لەسەر جێبەجێکردنى تەوتین، لەکاتێکدا پێشتر نەرمیان لەو بارەیەوە نیشاندا بوو، دواى ئەوەى هەرێم سوربوونى خۆى لەسەر هەژمارى من دەربڕى کە لە ساڵى 2023 راگەیەنرا.

بەپێی دوایین ئامارەکانى حکومەتى هەرێم،  زیاتر لە 400،000 مووچەخۆری حکومی، مووچەی مانگی پێنج بەشێوەیەکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن.

ئامارەکان دەریدەخەن کە زۆرترین بەشداربوو لە سنورى پارێزگاى هەولێرە بە 239 هەزار و 280 فەرمانبەر، لەدواى ئەویش دهۆک دێت بە 125 هەزار و 770 فەرمانبەر، دواتر سلێمانى بە 35 هەزار و 790 فەرمانبەر.

دوو بڕیار و رونکردنەوەیەک

دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەماوەى نزیکەى ساڵێکدا دوو بڕیارى لەسەر "تەوتینى" مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەرکرد، لەگەڵ رونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە، لەیەکەم بڕیاریدا جەختى لە تەوتین کردەوە لە بانکە حکومییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم، بەڵام دواى کەمتر لە مانگێک پرسی هەماهەنگى بەغداد و هەرێمى کردە بەشێک لە جێبەجێکردنى پڕۆسەکە، دوایین جار و لە 18 ى شوباتى ئەمساڵدا فەرمانبەرانى هەرێمى سەرپشککرد لە بانکە مۆڵەت پێدراوەکان مووچەکانیان تەوتین بکەن، بەبێ دیاریکردنى هیچ وادەیەک بۆ تەواوکردنى.

بڕیارى یەکەمى دادگا لە رۆژى 21 ى شوباتى 2024 دەرکرا، کاتێک دادگا دواى چەند دانیشتنێک سکاڵایەکى یەکلاکردەوە لەبارەى "تەوتینى" موچەى فەرمانبەران و هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراقى پابەندکرد بە "تەوتینى" موچە.

بڕیارەکە هەردوو سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستانى پابەندکرد بە تەوتینى مووچەى سەرجەم موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە بانکە حکومییەکانى عێراق و بڕینى پارەى مووچە لە پشکى هەرێم، هەروەها رێگەى بە هەر فەرمانگەیەکى هەرێمى کوردستانیشدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق بکەن لەو بارەیەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتى هەرێم لەبەغداد.

بڕیارەکە هەروەها سەرۆک وەزیرانى عێراق پابەند دەکات بە خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەدواى تەوتینى مووچەکانیان و پێنەدانى پارەى مووچە بەشێوەى قەرز.

بڕیارەکە لەدواى دەرچوونى بەبڕیارێکى مێژویی دانرا لەلایەن بەشێکى زۆر لە مووچەخۆران و لایەنە سیاسییەکانەوە، بەڵام لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە پێشوازى لێنەکرا و جەختیکردەوە کە هەر پڕۆسەیەکى لەو شێوەیە دەبێت لە رێگەى حکومەتى هەرێمەوە بێت، بۆ ئەوەش جەختى لەپڕۆژەى هەژمارى من کردەوە لەجیاتى تەوتینى مووچە.

بەهۆى ناکۆکییەکان لەسەر تەوتینى مووچە، دادگاى فیدراڵى عێراق رۆژى 12 ى ئازاى 2024 رونکردنەوەیەکى لەبارەى پڕۆسەکەوە بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە کە جێبەجێکردنى بڕیارەکە پێویستى بەکاتە و حکومەتى هەرێمى پابەند کرد بە هەماهەنگیى لەگەڵ بەغداد لەو بارەیەوە و وەزارەتى دارایی عێراقى پابەندکرد بە خەرجکردنى مووچەى ئەو فەرمانبەرانەى کە هێشتا مووچەکانیان تەوتین نەکراوە بەشێوەى کاش تا ئەوکاتەى مووچەکانیان تەوتین دەکرێت.

هەمان رۆژ، دادگاى فیدراڵى لەسەر پێگەى فەرمى خۆى نوسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراقى بڵاوکردەوە کە تێیدا پێدانى مووچەى لەمانگى ئازارى 2024 مەرجدارکردووە بە تەوتینى مووچە.

ئەو بڕیارانە کۆتاییان بە پرسى تەوتین نەهێنا و فەرمانبەرانى هەرێمى نەکردە خاوەنى هەژمارى بانکى خۆیان لە بانکە حکومییەکانى عێراق، بەپێچەوانەى ئەوەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر پەرەى بە پڕۆژەى هەژمارى مندا وەک جێگرەوەى سەرەکى تەوتین.

دوایینجار دادگاى فیدراڵى رۆژى 18 ى شوباتى 2025 لەسەر بنەماى سکاڵایەکى سەرۆک کۆمارى عێراق، بڕیارێکى دیکەى لەبارەى تەوتینى مووچە دەرکرد کە خوێندنەوەى جیاوازى بۆ کرا.

بڕیارەکە هەردوو وەزارەتى دارایی عێراق و هەرێمى پابەندکردووە بە جێبەجێکردنى رێوشوێنەکانى تەوتینى مووچە لە بانکە مۆڵەت پێدراوەکانى بانکى ناوەندى عێراق بەهەمان رێوشوێنەکانى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى عێراق.

دوایین بڕیارى دادگاى فیدراڵى یاسانانى دابەشکرد، بەشێکیان بە دانپێدانان بە پڕۆژەى هەژمارى من لێکیاندایەوە بەو پێیەى فەرمانبەرانى سەرپشککردووە لە تەوتینى مووچەکانیان لە بانکە مۆڵەت پێدراوەکان نەک تەنها بانکە حکومییەکان، بەشێکى دیکەشیان دەڵێن لەبەرئەوەى دادگا ناوى هەژمارى منى نەهێناوە و جەختى لە تەوتینى مووچە بەهەمان رێوشوێنەکانى عێراق کردووەتەوە، دانپێدانان نییە بە هەژمارى مندا. بەڵام حکومەتى هەرێم بڕیارەکەى بە دانپێدانان بە هەژمارى من لێکدایەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی