چەند پرسیارێک پێش بەکارهێنانی .. چۆن زۆرترین سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین؟

#زیرەکی دەستکرد#سود#زیان#پرسیار
16 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • زیرەکی دەستکرد بووەتە یەکێک لە تەکنەلۆژیا خێرا گەشەسەندووەکان و یەکێک لە بەکارهێنراوترین تەکنەلۆژیاکانی ئەمڕۆی جیهان
  • لە یارمەتیدانی چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بیرکارییەوە تا داڕشتنی بەرنامەی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی ژیانی کەسی و پیشەییمان
  • بەوتەی شارەزایان خێرایی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد لەم ساڵانەی دواییدا بێ وێنە بووە، ئەمەش نیگەرانی و پرسیاری نوێی لەنێو تاکەکاندا دروستکردووە
Primary Asset

سبەی

زیرەکی دەستکرد بووەتە یەکێک لە تەکنەلۆژیا خێرا گەشەسەندووەکان و یەکێک لە بەکارهێنراوترین تەکنەلۆژیاکانی ئەمڕۆی جیهان، لە یارمەتیدانی چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بیرکارییەوە تا داڕشتنی بەرنامەی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی ژیانی کەسی و پیشەییمان، ئەم ئامرازانە بە شێوازی جۆراوجۆر دەچنە ناو ژیانی رۆژانەمانەوە. بەوتەی شارەزایان خێرایی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد لەم ساڵانەی دواییدا بێ وێنە بووە، ئەمەش نیگەرانی و پرسیاری نوێی لەنێو تاکەکاندا دروستکردووە.

ساشا لوچیونی توێژەری زانستی کۆمیپتەر و یەکێک لە کەسە بەناوبانگەکان لە دنیای مۆدێلی زیرەکی دەستکرددا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی 100 ژنی کەناڵی (بی.بی.سی) رایگەیاند: بە سوود وەرگرتن لەم تەکنۆلۆژیایە پێویستە پێشتر لە خۆمان بپرسین چۆن بتوانین بە شێوازێکی باش سوودی لێوەربگرین، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت وەک چۆن لایەنە باشەکانی مرۆڤ بەرز دەکاتەوە، هەروەها دەتوانێت مەترسیەکی گەورەی هەبێت بە جۆرێک وای لێ بێت کە ئەوان ئێمە بەڕێوە ببەن.

پێویستە مرۆڤ چەند پرسیارێک لە خۆی بکات کە ئایا ئامێرێکی باشمان هەڵبژاردووە یان نا؟ یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان ئەوەیە کە لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرددا، بۆ هەموو پێداویستەکانی مرۆڤ دروست نەکراوە. زۆرێک لە ئێمە ئامێرەکانی چات جی پی تی یان گوگڵ بەکار دەهێنین کە توانای بەرفراوانیان هەیە، بەڵام لە زۆرێک لە بابەتەکاندا بەرنامەیەکی تایبەت هەیە کە بۆ چارەسەری کێشەیەکی تایبەت درووستکراوە. بەنموونە ئەپڵیکەیشنێک یارمەتی ئەوەت دەدات کە لە بابەتێکی بیرکاری، وڵامەکەی وەربگریتەوە، هەڵبژاردنی ئامێرێکی باش بۆ پێداویستییەکی تایبەتی خۆت، لە جیاتی بەکارهێنانی سیستەمی گشتگیر دەتوانێت باشترین ئەنجام بەدەست بهێنێت. 

پرسیارێکی تر ئەوەیە کە ئایا دەتوانین بە وڵامدانەوەکانی زیرەکی دەستکرد بڕوا بکەین؟ لە کاتێکدا کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت  هەندێک وڵام بداتەوە کە وا دیارە راست و درووستە، بەڵام وڵامەکانی هەمیشە باوەڕ پێکراو نییە. مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد دەتوانن هەندێک زانیاریت پێبدەن کە ئەگەری هەیە لە راستیدا بوونی نەبێت، بۆیە پێویستە ئەو وڵامانەی کە لە زیرەکی دەستکرد وەریان دەگرین باش هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین، بە دیدێکی رەخنەگرانە سەیریان بکەین. بە وردی پێداچوونەوە بە داتا و زانیارییەکانی وەرگیراو دەتوانیت رێگریی بکەیت لە روودانی کێشە و هەڵە بۆ وەڵامەکانت.

یەکێکیتر لەو پرسانە ئەوەیە کە کام زانیاریانە بدەینە زیرەکی دەستکرد و ئایا لە راستیدا پێویستیمان پێی هەیە؟ یەکێک لە گرنگترین رەچاوکردنەکان لە کاتی کارلێککردن لەگەڵ سیستەمی زیرەکی دەستکرد، پاراستنی نهێنی و ئاسایشی داتاکانە. زیرەکی دەستکرد بە بەکارهێنانی داتای گەورە کاردەکات بۆ راهێنانی مۆدێلەکان و پێشبینی کردنیان. ئەمەش واتە ئەو زانیاریانەی کە تۆ دایدەنێیت، جا دەق بێت یان وێنە، لەوانەیە لە وەڵامەکانی داهاتوودا هەڵبگیرێت و بەکاربهێنرێت. بۆیە پێش ئەوەی هەر زانیارییەکی کەسی یان هەستیار بخەیتە ناو سیستەمەکانی زیرەکی دەستکردەوە، پێویستە دڵنیا بیت لەوەی کە بە تەواوی ئاگاداری سیاسەتەکانی پاراستنی نهێنی ئەوانیت. 

یەکێک لە ئەپەکانی Meta AIداتای پرسیاری بەکارهێنەری لە فیدێکی گشتیدا هاوبەش دەکرد، بەبێ ئەوەی هەندێک کەس ئاگاداربن. لە هەندێک حاڵەتدا زانیاری کەسی وەک وێنەی پرسیارەکانی کۆلێژ یان پرسیارە تایبەتەکان هاوبەش دەکران، کە لە کۆتاییدا نیگەرانی ئاسایشیی لێکەوتەوە. بۆیە زۆر گرنگە پێش بەکارهێنانی ئەپێک پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی پاراستنی نهێنیدا بکەیت.

زۆر کات ئێمە لە هەندێک ئامێری زیرەکی دەستکرد وەک جێگرەوەیەک بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤ یان بڕیاردانی ئەخلاقی بەکاری دەهێنین. زیرەکی دەستکرد پێویستە ئامێرێک بۆ بەهێزبوونی مرۆڤایەتی بێت، نەک جێگرەوە. 

نابێت رێگەی پێ بدەین بڕیاری ئەخلاقی و کەسیمان بۆ بدات. لەبری ئەوەی پشت بە زیرەکی دەستکرد ببەستن ، باشترە کە بۆ بڕیارەکامان خۆمان رۆڵێکی گرینگمان هەبێت و لە کەسانیتر بۆ بابەتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی یارمەتی وەرگرین. هەروەها زیرەکی دەستکرد لە سەرچاوەیەکی زۆر کەڵگ وەردەگرێت، لە وزەوە هەتا ئاو، کە دەتوانێت کێشەی ژینگەیی چڕتر بکاتەوە، کە هەر بەو هۆیەوە، پێویستە لە ئەم ئامێرانە لە بارودۆخی نائاسایی و بە پێی بارودۆخی گونجاو بەکاری بهێنین.

بێ گومان زیرەکی دەستکرد بووە بە یەکێک لە گرنگترین و کارامەترین ئامرازەکانی ژیانی دیجیتاڵیمان. بەڵام بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر سوودی لێ وەربگرین، پێویستە بە ئاگاداری و وریاییەوە بەکاری بهێنین.

هەڵبژاردنی ئامێرە گونجاوەکان، دڵنیابوون لە وردی وەڵامەکان، پاراستنی نهێنی و سنووردارکردنی بەکارهێنانی بۆ ئەوەی کە پێویستە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە ببێتە ئامرازێکی بەسوود و بەرپرسیار بۆ پێشکەوتنی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی