قائانی: ئێران و حزبوڵڵا و سەركردە سیاسیەكانی حەماس ئاگاداری هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەر نەبوون

#ئیسرائیل#ئێران#حەماس#حزبوڵڵا
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی"ئێران ئینتەر ناشیۆناڵ"، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ساڵیادی كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند:"  لە حەوتی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣، دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل سەردانی بەیروتم كردووە و لەگەڵ نەسروڵا كۆبوومەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكان".
Primary Asset

قائانی

سبەی

فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، بێئاگایی وڵاتەكەی و حزبوڵڵا و سەركردە سیاسیەكانی حەماس لە هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەر بۆسەر ئیسرائیل دەردەبڕێت.

"هیچ زانیارییەكی پێشوەختەمان نەبووە لەسەری"

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی"ئێران ئینتەر ناشیۆناڵ"، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ساڵیادی كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند:"  لە حەوتی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣، دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل سەردانی بەیروتم كردووە و لەگەڵ نەسروڵا كۆبوومەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكان".

قائانی جەختیكردۆتەوە لەوەی، "ئەوان و حەسەن نەسروڵا و سەركردە سەرەكییەكانی حەماس ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی حەوتی تشرینی یەكەمی حەماس نەبوون".

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت " دیدارەكەم لەگەڵ نەسروڵا رۆشنایی خستۆتە سەر وردەكاری و كاتی یەكەم هێرشی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵەدا".

دەشڵێت " نەسروڵڵا بڕیاریداوە رۆژی هەشتی ئۆكتۆبەر لەبەری باكورەوە پەلاماری ئیسرائیل بدات".

" سەركردە سیاسییەكانی حەماس و ئەمینداری حزبوڵڵا هیچ زانیارییەكی پێشوەختەیان لەسەر ئۆپەراسیۆنی حەوتی تشرینی یەكەم نەبووە، كە لەلایەن حەماسەوە ئەنجامدراوە". قائانی وا دەڵێت.

هێرشەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر

لە حەوتی ئۆكتۆبەری 2023، چەكدارانی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی هێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر خاكی ئیسرائیل لە سنورەكانی غەززەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی كوژران و 250 كەسی سڤیلیش بە بارمتە گیران، ئەوەش بووە هۆی دەستپێكی شەڕێكی خوێناویی لەنێوان هەردوولا و تائێستاش بەردەوامە.

وەك پاڵپشتییەك بۆ حەماس، ژمارەیەك گروپی چەكداری سەر بە ئێران هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، ئەوانیش حیزبوڵڵای لوبنانی، حوسییەكانی یەمەن و ژمارەیەك گروپی عێراقی.

هەرچەندە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران رەتیكردەوە پەیوەندییان بە هێرشەكانەوە بێت، بەڵام سەركردەكانی حەماس نەیانشاردەوە كە لەلایەن وڵاتێكی ناوچەكەوە پاڵپشتی كراون بۆ هێرشەكان و مەبەستیان ئێران بوو.

لەبەرانبەردا ئیسرائیل، ئیسماعیل هەنییە سەركردەی یەكەمی حەماسی لەناو خاكی ئێران كوشت و دواتر زۆرینەی سەركردەكانی حەماسی لەناوبرد، حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان و جێگرەوەكەی و زۆرینەی سەركردەكانی ئەو گروپەشی لەناوبرد.

هێرشەكانی سوریا

كانوونی یەكەمی 2023، ئێران حكومەتی ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بە كوژرانی ئەفسەرێكی پلەباڵای سوپای پاسداران لە هێرشێكی موشەكیدا، لەكاتێكدا پێشتر ژمارەیەك ئەفسەری دیكەی پاسداران كە بۆ پاڵپشتیی لە رژێمی بەشار ئەسەد چوبوونە ئەو وڵاتە كوژرابوون.

هێرشەكانی 2025

شەوی هەینی و بەرەبەیانی هەمانڕۆژ (13ـی حوزەیرانی 2025) ئیسرائیل ژمارەیەك هێرشی ئاسمانی كردە سەر تارانی پایتەخت و ناوچە جیاوازەكانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و فڕۆكەخانە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەهۆیەوە فەرماندەی سوپای پاسداران و سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكان و دوو جێگری و ژمارەیەكی ئەفسەری پلەباڵا و زانای ئەتۆمی و فیزیایی ئێران كوژران، لەبەرامبەردا ئێران بە هێرشی موشەكی و درۆنی خوكوژ وەڵامی هێرشەكانی دایەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی