ئەحمەد خاتەمی
سبەی
بەرپرسێكی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەی، لەكاردانەوەدا تەلئەڤیڤ و حەیفا دەكێڵن، دەشڵێت "ئێران هیچ كات چۆك دانادات".
ئەحمەد خاتەمی، وتاربێژی نوێژی هەینی تاران ڕایگەیاند:" ئەمەریكا دەڵێت نابێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدات و نابێت مووشەكی دوور مەودا و مامناوەندی هەبێت"، هۆشداریشیدا لە ئەگەری ئەوەی ئیسرائیل هێرش بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات و دەڵێت "ئەوكات تەلئەڤیڤ و حەیفا دەكێڵین".
"ئێران هیچ كات بەچۆكدا نایەت"
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، خاتەمی بە ئاماژەدان بە جەختكردنەوەی خامنەیی لەسەر پێویستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاكی ئێران، وتی" ئەوە زۆرەملێییە ئەگەر كەسێك یان حكومەتێك بە وڵاتێكی دیكە بڵێت نابێت بە هیچ شێوەیەك یۆرانیۆم بپیتێنین و ئێرانیش هیچ كات بەچۆكدا نایەت".
ئەحمەد خاتەمی هەروەها قسەكانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، سەبارەت بە ئەنجامنەدانی هەر جۆرە دانوستانێك لەگەڵ ئەمەریكای دوپاتكردەوە، روو لەو وڵاتە و سێ وڵاتی ئەوروپی رایگەیاند" ئێوە باس لە چالاككردنی میكانیزمی گەرانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران دەكەن، لە كاتێكدا ئەمەریكا لە ماوەی چوار دەیەی رابردوو سزای بەسەر ئێران سەپاندووە و ئێستاش بە سەپاندنەوەی ئەو سزایانە ناتوانێت هیچ ئامانجێك دەستەبەر بكات".
دوای ئەوەی سێ وڵاتی ئەوروپی میكانیزمی چالاكردنەوەی سزاكانی نێودەوڵەتیەكانیان بۆ سەر ئێران جێبەجێ كرد ڕێگە خۆش بوو بۆ گەڕانەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكانی پێشوو بۆ سەر ئێران.
بەم پێیەش ئەو سزایانەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٠ بەسەر تاراندا سەپێندرابوون، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە ٢٨ی ئەیلول بە كاتی ئێران، دووبارە سەپێندرانەوە.
ئەم سزایانە بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەغەكردنی ناردنی چەكی ئاسایی بۆ تاران، سەپاندنی سزا بەسەر بەرنامەی مووشەكی ئێران و كۆنترۆڵكردنی هەموو ئەو كەشتییە ئێرانیانەی كە گومانی پێشێلكردنی سزاكانیان لێدەكرێت، تەنانەت لە ئاوە جیهانیەكاندا.
لای خۆشییەوە زۆرێك لە شارەزایانی دۆخی ناوچەكە دەڵێن" گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان دەتوانێ كاریگەریی وێرانكەرتری لەسەر ئابووریی لاوازی ئێران هەبێت و بژێوی ژیانی ئێرانییەكان خراپتر بكات و مەترسییەكانی شەڕیش زیاتر بكات". هەروەها هۆشداری دەدەن "لە قسەی هەراسانكەری بەرپرسانی ئێران كە مەترسی شەڕ زیاتر بكات."
ئەمەریكا چوار مەرج بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دادەنێت
ئەمەریكا چوار مەرجی تاڵی بۆ ئێران دیاریكردووە، تاوەكو بە دووربێت لە جەنگێكی نوێ، بە پێچەوانەشەوە رەتكردنەوەی مەرجەكان، ئێران بەرەو سیناریۆ تاریكەكان دەبات. گرنگترین مەرجەكان راگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیەتی، كە تاران لە ئێستادا بە بیانوی جیاجیا رەتیدەكاتەوە.
بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرای كردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چوار مەرجی توندی وەكو بنەمایەك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان بۆ ئێران دیاریكردووە. بەرپرسەكە دەڵێت لە كاتی رەتكردنەوەی مەرجەكاندا، ئەوا واشنتۆن پەرە بەهەڵكشانە سەربازییەكان تاكو دەستپێكردنەوەی گەڕێكی نوێی جەنگ دەدات.
سەرچاوەیەك بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست چوار مەرجەكەی روون كردەوە، بریتین لە دانوستانی راستەوخۆ، راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنوورداركردنی پرۆگرامی مووشەكی و راگرتنی هاوكاری دارایی بۆ بریكارەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم مەرجانە كە بەربەستە هەرە دیارەكانی خولەكانی پێشووی دانوستان بوون، پێدەچێت رووبەڕووی نەخێر و رەتكردنەوەی تاران ببنەوە. سەرچاوەكە دەڵێت، ئیدارەی ئەمەریكا پێیوایە كاتی ئەوە هاتووە فشارەكان لەسەر ئێران توندتر بكرێنەوە. هەروەها بڕوایان وایە، كە سزاكان "ژینگە" بۆ "چارەسەری دیپلۆماسی" دروست دەكەن.
مەرجەكانی ئەمەریكا هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی میكانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان كە بە "سناپباك" ناسراوە، كە بەهۆی ملنەدانی ئێران بۆ راگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەی، بەتایبەتی لەلایەن ئەوروپییەكانەوە بەسەریدا سەپێندراوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت، سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر تاران، سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئێراندا دروستكردووە و فشارەكانی لەسەر ئابووری وڵاتەكە زیاتر كردووە، كە لە بنەڕەتدا بەدەست كاردانەوەی گەمارۆكانی پێشووەوە دەناڵێنێت.