بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی ١٩٦٧ەوە؛ حاخامێكی جولەكە خۆی بۆ پەرلەمانی سوریا كاندید دەكات

#سوریا#جوولەکە#هەڵبژاردن
2 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە 2025-10-05، یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل لە سوریا بكرێت، ژمارەی كورسییەكانیش 210 كورسی دەبێت، 70 ئەندامیان لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریاوە دیاری دەكرێن، ئەمجارە و دوای 58 ساڵ كاندیدێكی پێكهاتەی ئایینی جوولەكە بەشداریی دەكات. هەرچەندە ئەو هەڵبژاردنە لەناوچە كوردییەكان بەڕێوەناچێت.
  • هێنری یوسف دەڵێت: "من باوەڕم بە سوریایەكی یەكگرتوو هەیە بۆ هەموو سورییەكان، لە حەسەكەوە تا سوەیدا، لە دەرعاوە تا لازقیە و لە دیمەشقەوە تا حەلەب". هاوكات دووپاتی كردەوە، "بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ هاووڵاتییانی تاراوگەی سوریا لە ئەمەریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر بەبێ مەرج، كە كۆمەڵێك سزای ئەمەریكایە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووەوە بەسەر سوریادا سەپێندراوە.
Primary Asset

هێنری یوسف حەمرە

سبەی

بۆ یەكەمجار و لەدوای نزیكەی 58 ساڵ، حاخامێكی جولەكە خۆی بۆ پەرلەمانی سوریا كاندید دەكات، دوای ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی رابردوو رووخا و دەسەڵاتێكی نوێ بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع كە پێشتر سەرۆكی بەرەی تەحریر شام بوو هاتەسەر دەسەڵات.

بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە 2025-10-05، یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل لە سوریا بكرێت، ژمارەی كورسییەكانیش 210 كورسی دەبێت، 70 ئەندامیان لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریاوە دیاری دەكرێن، ئەمجارە و دوای 58 ساڵ كاندیدێكی پێكهاتەی ئایینی جوولەكە بەشداریی دەكات. هەرچەندە ئەو هەڵبژاردنە لەناوچە كوردییەكان بەڕێوەناچێت.

هێنری یوسف حەمرە، حاخامی سوری - ئەمەریكی كاندیدبوونی خۆی بۆ ئەنجومەنی گەلی سوریا بۆ ناوچەی دیمەشق ڕاگەیاند، ئەمەش بووە یەكەم كاندیدی جوو، لەو كاتەوەی لە سوریا لەدوای شەڕی حوزەیرانی ساڵی 1967 لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغەكران خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید بكەن.

هێنری حەمرە تەمەن 48 ساڵ، كوڕی سەرۆكی ڕابی جولەكەكانی سوریایە لە نیویۆرك، یوسف حەمرە ، لە ساڵی 1992 سوریای بەجێهێشت، دوای ئەوەی حافز ئەسەد سەرۆكی پێشووتری سوریا قەدەغەی گەشتكردنی جولەكەكانی هەڵگرت، لەو كاتەدا كەمتر لە ١٠ جولەكە لە پایتەختی سوریا مابوونەوە.

لە ڕاگەیاندنی كاندیدبوونی خۆی لە سۆشیال میدیا، حەمرە لە ژێر دروشمی: "بەرەو سوریایەكی ئاوەدان و لێبوردە و دادپەروەر"، "بۆ دادپەروەری و پاراستنی میراتی سوریا و هەڵگرتنی سزاكان"، كاندیدبوونی خۆی بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی گەلی سوریا پشتڕاستكردەوە، بەپێی ماڵپەڕی سوریا تیڤی.

هێنری یوسف دەڵێت: "من باوەڕم بە سوریایەكی یەكگرتوو هەیە بۆ هەموو سورییەكان، لە حەسەكەوە تا سوەیدا، لە دەرعاوە تا لازقیە و لە دیمەشقەوە تا حەلەب". هاوكات دووپاتی كردەوە، "بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ هاووڵاتییانی تاراوگەی سوریا لە ئەمەریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر بەبێ مەرج، كە كۆمەڵێك سزای ئەمەریكایە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووەوە بەسەر سوریادا سەپێندراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی