سوریا و ئاڵنگاریی پێکهاتەکان؛ دواجار شەرع دەچێتە ژێر باری سیستمی فیدراڵی؟

#سوریا#فیدراڵی#کورد#شەرع
13 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هەر جارە و لە شوێنێکی سوریا بە کەمینەیەکی نەتەوەیی یان ئایینی جیاوازەوە ئاڵۆزییەک روو دەدات و دواتر کارەساتی لێدەکەوێتەوە، هاوکات دەستوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش پەرە دەستێنێت و پرسی کەمینەکان و فیدراڵیزم دەبێتەوە سەردێڕی ناکۆکییەکان، پرسیاری سەرەکیش ئەوەیە، ئایا دەسەڵاتی نوێی سوریا دواجار ناچار بە تەسلیم بوون لەبەرانبەر فیدراڵیزم دەبێت؟
Primary Asset

سبەی

هەر جارە و لە شوێنێکی سوریا بە کەمینەیەکی نەتەوەیی یان ئایینی جیاوازەوە ئاڵۆزییەک روو دەدات و دواتر کارەساتی لێدەکەوێتەوە، هاوکات دەستوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش پەرە دەستێنێت و پرسی کەمینەکان و فیدراڵیزم دەبێتەوە سەردێڕی ناکۆکییەکان، پرسیاری سەرەکیش ئەوەیە، ئایا دەسەڵاتی نوێی سوریا دواجار ناچار بە تەسلیم بوون لەبەرانبەر فیدراڵیزم دەبێت؟

لە کاتێکدا حکومەتی کاتی سوریا و ئەحمەد شەرع پێداگریی دەکەن لەسەر یەکگرتوویی سوریا، لەبەرانبەردا پیکهاتەی کورد و دروز داوای مافی خۆبەڕێوەبەری زیاتر دەکەن، ئەوەش دەسەڵاتی ناوەندی لە سوریا لە بەرانبەر ئەم نیگەرانییە گەورەیەدا دادەنێت ئایا فیدراڵیزم بەرگێک نییە بۆ جیابوونەوەی تەواوەتی ئەو پێکهاتانە لە سوریا؟

کۆبوونەوەی پاریس: چارەسەری سیاسییان سەپاندنی ئەجێندا؟

کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی پاریس لە نێوان ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و ژان نوێل بارۆ هاوتا فەرەنسییەکەی و تۆم باراک  نێردەی تایبەتی ئەمەریکاوە لە کاتێکی گرنگدا ئەنجام درا و لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر یەکگرتوویی سوریا و هاوکات داوای راوێژی راستەوخۆی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە کراوە لە پاریس، ئەمەش  جۆرێک پشتیوانییە بۆ بەهێزکردنی کورد لە سوریا.

لای خۆیەوە موئەیەد غەزلان قەبڵاوی شرۆڤەکاری سیاسی بە سکای نیوزی عەرەبی وتووە: لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەی پاریس ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل نەکراوە و هاوکات مەرجێک و پابەندبوونێکی روون بۆ هێزە چەکدارە ڕێکخراوەکانی دروز لە سوەیدا نەکراوە کە ئەمە بە واتای کەمکردنەوەی گرژییەکانە نەک کۆتاییهێنان پێیان.

ئەوە شرۆڤەکارە سیاسییە دەشڵێت: هەندیک گروپ داوای دەستکەوتی زیاتر دەکەن لەوەی یاسای سوریا پێی بەخشیون، بەشێک لە پێکهاتەکانیش بەهۆی پاڵپشتی دەرەکییەوە هەوڵی سەپاندنی فیدراڵیزم دەدەن کە دەبێتە هۆی دابەشبوونی سوریا.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت"ڕێگە بە جیابوونەوەی هیچ بەشێکی سوریا نادەین لە ژێر ناوی فیدراڵیزمدا، ئەوەی لە سوەیدا دەیبینین یاخیبوونێکی چەکدارییە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل".

لێدوانەکانی قەبڵاوی بە ڕاشکاوی ئیسرائیلی بە چەکدارکردنی گروپەکانی ناو سوەیدا تۆمەتبار دەکات ئاماژەی بەوەکردووە، "83%ـی دروزەکانی ئیسرائیل لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەت دەکەن، هەندێک کەسیش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دزەیان کردووەتە سەر سنوورەکان بۆ پشتگیریکردن لە گروپە ناوخۆییەکان".

هەر لەو پەیوەندییەدا قەبڵاوی ڕەخنەی لە هەوڵی هەندێک کەسایەتی گرت بۆ قسەکردن بە ناوی "عەرەبی سوننە"، وتیشی" زۆرینەی سوریا پشتگیری لە ڕێبازی سیاسی ئێستا دەکەن کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکات"، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیمەشق و حەلەب و حومس نارەزایەتییەک نابینرێت، بەڵکو لەو ناوچانە هاوڵاتیان داوای یەکڕیزیی و ئاشتی مەدەنی دەکەن".

لەبەرامبەردا نووسەر و لێکۆڵەر ڕوستەم مەحمود خوێندنەوەیەکی تەواو پێچەوانەی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە کۆبوونەوەی پاریس ڕەنگدانەوەی پرسێکی بنەڕەتییە: "پرسی سوریا چیتر بابەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی بەهۆی ڕەفتاری ڕژێمی دەسەڵاتدار و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی ڕاستەقینە".

ئەوە لێکۆڵەرە سیاسیە پێیوایە کە حکومەتی ئێستای سوریا بە مانای دامەزراوەیی بنەماکانی حکومەتێکی نیشتیمانی نییە، لەوانەش نەبوونی دەستوورێکی ڕوون تا دەگاتە هەڵوەساندنەوەی سوپا و دانەمەزرانی سیستەمێکی دادوەریی یەکسان.

ڕوستەم هاوکێشەی "زۆرینە و کەمینە" لە ڕوانگەیەکی دیموکراسییەوە پێناسە دەکاتەوە  و دەڵێت: "دیموکراسی بەمانای دەسەڵات و حوکمی زۆرینە نییە، بەڵکو رێزگرتنە لە مافی کەمینەکان و مافی هاوڵاتیبوون و یەکسانی".

ئەو نووسەرە سیاسییە دەشڵێت" عەرەبی سوننە کە زۆرینەی سوریا پێکدەهێنن، حکومەتی ئێستا وەک حکومەتێکی ڕاستەقینە نابینن، دووپاتیشی دەکاتەوە کە ڕژێمی نوێ بە ڕەتکردنەوەی فیدراڵیزم هەڵەکانی ئەسەد دووبارە دەکاتەوە و ئەو کەسانەی داوای فیدراڵیزم دەکەن بە خیانەت تۆمەتبار دەکات، هەرچەندە "هەموو دیموکراسییە گەورەکان" سیستمی حکومەتی فیدراڵی یان لامەرکەزی دەگرنەبەر.

فیدراڵیزم: هاوسەنگی یان هەڵوەشانەوە؟ مشتومڕێک لە نێوان مۆدێلە جیهانییەکان و تایبەتمەندی سوریا

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە فیدرالیزم پڕۆژەیەک نییە کە هەوڵی دابەشکردنی وڵات دەدات، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ زامنکردنی مافی لایەنەکان، بەتایبەتی لە وڵاتێکی دیکتاتۆری و مەرکەزی وەک سوریا، کە "دەیان ساڵە کەمیینە ئایینی و نەتەوەییەکان بەدەست  پەراوێزخران و نایەکسانییەوە دەناڵێنن.

رۆستەم وەک نموونە بودجەی یاریگای عەباسی لە دیمەشق دێنێتەوە کە بە وتەی خۆی بودجەی دیاریکرا بۆی لە کۆی گشتی بودجەی پارێزگای حەسەکە لە ساڵی 2008 زۆرتر بووە.

لە کۆتاییدا دەشڵێت "فیدراڵیزم بە مانای جیابوونەوە نییە، بەڵکو دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتە، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات دووبارەبوونەوەی ڕژێمێکی نوێی ئەسەدە بە بەرگی شەرعەوە".

متمانە بە حکومەتی ئێستا نییە و فیدرالیزم چارەسەری واقیعییە

ئایا شەرع  ئاشتەوایی نیشتمانی ڕاستەقینە هەڵدەبژێرێت، یان روبەڕوبوونەوەی نوێ لەگەڵ لایەنەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟

تۆم هارب، بەڕێوەبەری هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکی بۆ دیموکراسی، بۆچوونێکی پراگماتیکتر دەخاتەروو، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئیدارەی ترەمپ ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ سوریا نییە، بەڵام "کۆنگرێس پاڵپشتی ڕێزگرتن لە مافەکانی کەمینەکان و دەستەبەرکردنی فرەیی دەکات".

هارب جەختی لەوە کردەوە کە " ئەحمەد شەرع سوپایەکی ئاسایی و دەستووری نییە و پشت بە گروپە خێڵەکییە پەرشوبڵاوەکان دەبەستێت، ئەم مۆدێلە لە حکومەت دەوڵەت دروست ناکات، بەڵکو شکستی سیستەمی ناوەندی لە سوریا دووبارە دەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، فیدراڵیزم "تاکە گەرەنتی ڕێزگرتنە بۆ هەمووان" و بە ڕوونی ڕایگەیاند: "سیستەمی ناوەندی لە جیهانی عەرەبیدا کۆتایی هاتووە، تەنها فیدراڵی لیبڕاڵ دەتوانێت یەکێتی سوریا بپارێزێت لەکاتێکدا ڕێز لە پێکهاتەکانی دەگرێت".

پرسی فیدراڵی لە سوریا بوەتە بەردێکی بناغە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکان لە باشوور و بەردەوامی ناڕوونی لە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و پێکهاتەکانی کورد و دروز.

ئەمڕۆ شەرع خۆی لە گۆڕەپانێکدا دەبینێتەوە: یان وەک دەسەڵاتی پێشووتری سوریا جەخت لە سوریای یەکپارچە و ناوەندی دەکاتەوە یان لە ڕێگەی فیدراڵیزمەوە مافی پێکهاتە و کەمینەکان مسۆگەر دەکات؟ لە هەر دوو حاڵەتێکدا سوریا دەچێتە سەردەمێکی نوێ کە تێیدا چارەسەری ڕووکەش قبوڵکراو نییە و "دەوڵەتی ئەمنی"ش ئیتر کارا نییە. 

ئایا شەرع  ئاشتەوایی نیشتمانی ڕاستەقینە هەڵدەبژێرێت، یان روبەڕوبوونەوەی نوێ لەگەڵ لایەنەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی