ترەمپ و ناتەنیاهۆ توڕەن؛ بڕیارەکەى ماکرۆن لەبارەى داننان بەدەوڵەتى فەڵەستین چى دەگۆڕێت؟

#ماکرۆن#ترەمپ#ناتەنیاهۆ#فەڵەستین#
19 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 19 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
پوختە :
  • بڕیاری ئیمانۆئێل ماکڕۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ دانان بە دەوڵەتی فەڵەستینی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و ئەمریکا بە توندی روبەڕوی بوونەتەوە و وڵاتانی عەرەبی لەوانەش سعودییە پێشوازیان لێکردووە، چاودێرانیش دەڵێن بڕیارەکە هیوا دەبەخشێتەوە بۆ گەلی لێقەوماوی غەززە کە شەڕی مەرگ و ژیان دەکەن.
Primary Asset

سبەى

بڕیارەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین شەپۆلێکی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە گرنگی بڕیاری فەرەنسا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین کەمکردەوە و رایگەیاند "بڕیارەکە هیچ قورسایییەکی نییە".

هاوکات ماکرۆن بە بڕیارەکەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلیشی بە توندی توڕەکرد، بێنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە توندی ئیدانەی بڕیارەکەی سەرۆکی فەڕەنسای کرد و رایگەیاند، بڕیارەکەی ماکڕۆن بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستینی "پاداشتی تیرۆر دەداتەوە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی فەلەستینی لە دۆخی ئێستادا وەک سەکۆیەک بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل دەبینرێت، نەک کیانێک بۆ پێکەوەژیان شانبەشانی ئیسرائیل.

وڵاتانی ئەوروپیش لەو بارەیەوە کاردانەوەیان هەبوو، کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، لەندەن تەنیا کاتێک هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەنێت کە “گەورەترین کاریگەری” هەبێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی 60 پەرلەمانتاری بەریتانی لە پارتی کرێکاران لەم دواییانەدا داوایان لە حکومەتی لەندەن کرد دەستبەجێ فەلەستین وەک دەوڵەت بناسێت.

هەروەها ئەڵمانیا کە زلهێزێکی تری گەورەی ڕۆژئاوایە لە یەکێتی ئەوروپا، پێی وایە دانپێدانان بە فەلەستین دەبێ لە کۆتایی وتووێژەکانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و لە چوارچێوەی چارەسەری دوو دەوڵەتیدا بێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی، سعودیە بڕیارەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی بە "مێژوویی" ناوبرد و ئوردنیش ئەو بڕیارەی بەرز نرخاند.

داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین مانای چییە؟

داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی تا ڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، بەڵام هاوکات سیاسیشە، ئەم هەنگاوە پەیامێکی بەهێز دەنێرێت کە تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەری دوو دەوڵەتە، کە بە مانای دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینیە شانبەشانی دەوڵەتی ئیسرائیل.

کاتێک زلهێزێکی گەورەی ئەوروپی وەک فەرەنسا ئەم هەنگاوە دەنێت و مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستینییەکان دووپات دەکاتەوە، هیوایەک دەبەخشێتە فەڵەستینییەکان کە خەونە درێژخایەنەکەیان ڕۆژێک دێتە دی.

بەڵام حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بە توندی دژی ئەو بیرۆکەیە و دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی بە مەحاڵ ناودەبات.

ئەم هەنگاوەی فەرەنسا کە دوای بڕیارێکی ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا دێت لە مانگی ئایاری 2024، دژایەتی ئیسرائیلی توندتر کردووە و هەڕەشەکانی بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو کە خاکی دەوڵەتی داهاتووی فەلەستینییە، زیاتر کردووە.

هاوکات لەگەڵ قوڵبوونەوەی ئازارەکانی فەلەستینییەکان و بانگەوازی وەزیرانی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل بۆ دەرکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە، ئەو بڕیارە گوشارەکان لەسەر بەریتانیا و زلهێزەکانی دیکەی جیهان زیاتر دەکات بۆ ئەوەی پێش ئەوەی درەنگ بێت هەڵوێستێکی پتەوتریان هەبێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی