سوریا بە نهێنی ئابووری خۆی لە قاڵب دەداتەوە؛ براكەی شەرع بەرپرسە

#سوریا#ئەحمەد شەرع#حازم شەرع#بەشار ئەسەد#ئاژانسی رۆیتەرز
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێكی بنكۆڵكاری ئاژانسی رۆیتەرز، كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە بە پشت بەستن بە 100 سەرچاوەی جیاواز، ئاشكرایكردووە حازم شەرعی برای ئەحمەد شەرع لەگەڵ كەسێكی دیكەی بەڕەگەز ئوسترالی بەناوی ئیبراهیم شوكریە، بە نهێنی نەك لێپرسینەوە لە بازرگانانی پێشوو ناكەن، بەڵكو دەستیان لەگەڵیان تێكەڵكردووە و هەمان رێگەی رژێمی پێشوو بەكاردەهێنن بۆ پارەداركردنی خۆیان.
Primary Asset

حازم شەرع و ئەحمەد شەرع لە ریازی پایتەختی سعودییە

سبەی

بەمەبەستی رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی رژێمی ئەسەد، حكومەتی كاتیی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەمەدی جۆلانی، كۆمیتەیەكی نهێنی بە سەرۆكایەتی حازم شەرعی برای دروست كردووە. لە رووكەشدا كۆمیتەكە بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵییە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا كۆمیتەكە هەمان رێگەی رژێمی ئەسەد بەكاردەهێنێت بۆ پارەداكردنی خۆیان.

بەپێی راپۆرتێكی بنكۆڵكاری ئاژانسی رۆیتەرز، كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە بە پشت بەستن بە 100 سەرچاوەی جیاواز، ئاشكرایكردووە حازم شەرعی برای ئەحمەد شەرع لەگەڵ كەسێكی دیكەی بەڕەگەز ئوسترالی بەناوی ئیبراهیم شوكریە، بە نهێنی نەك لێپرسینەوە لە بازرگانانی پێشوو ناكەن، بەڵكو دەستیان لەگەڵیان تێكەڵكردووە و هەمان رێگەی رژێمی پێشوو بەكاردەهێنن بۆ پارەداركردنی خۆیان.

وەك لە راپۆرتەكەی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە، لە بنەڕەتدا ئەركی لیژنەكە هەڵوەشاندنەوەی میراتی گەندەڵییەكانی رژێمی پێشوو و دادگایی كردنی بازرگانە گەندەڵە دەوڵەمەندەكان بێت، بەڵام لیژنەكە بە سەركردایەتی حازم شەرع، گرێبەستی تایبەت لەگەڵ بازرگانەكان دەكات، ئەوەش لەپێناو پارەداركردنی خۆیان.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز، بازرگانە دەوڵەمەندەكان رێگەیان دەدرێت بەشێك لە پارەكانیان كە لە سەردەمی رژێمی پێشوو كۆیان كۆكردووەتە بۆ خۆیانی هەڵبگرن و كێشەی یاساییان بۆ دروست نەكرێت، لە بەرامبەردا بازرگانەكان دەبێت دەست لە بەشێك لە سامانەكانیان هەڵبگرن بۆ حازم شەرع و ئیبراهیم شوكرییە. كۆمپانیا گەورەكانی وەك سوریاتێل و كۆمپانیای فڕۆكەوانی شەم وینگس دەستیان لە بەشێك لە پشكی كۆمپانیاكانیان هەڵگرتووە.

لە راپۆرتەكەی رۆیتەرزدا هاتووە، ئەركە نهێنییەكەی براكەی ئەحمەد شەرع، بەهاكەی بە بڕی یەك ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

كۆمیتە نهێنییەكەی سوریا گۆڕانكارییەكی گەورە دروست دەكات لە سیستمی ئابووری سوریا، بەهۆی ئەوەوە بازرگانییەكان پۆڵین دەكرێن و كۆمیتەكە بە سەركردایەتی براكەی شەرع بڕیار دەدات كێ خاوەنی كام بازرگانییە دەبێت.

ئەو پرۆسەی دەستیپێكراوە، بەو شێوەیە ناسێنراوە كە بۆ جێگیركردنی ئابووری سوریا بێت كە بە هۆی جەنگ و ئابڵوقە ئابوورییەكانەوە نا سەقامگیربووە، بەڵام پسپۆڕان، بازرگانان و دیپلۆماتكاران ترسیان هەیە ئەو سیستمە نوێیەی براكەی شەرع سەرپەرشتی دەكات، ببێتە شوێنگرەوەی سیستمەكەی رژێمی ئەسەد بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە.

سەرەڕای گومانەكان و نا شەفافیەتی حكومەتی نوێی سوریا، ئەمەریكا بڕیاریدا بە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكانی سەر سوریا، هەروەها وڵاتانی دیكەی وەك سعودیە پاڵپشتی داراییان بۆ حكومەتەكەی شەرع دووپات كردووەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی