دیمەنێکی تاران
سبەی
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران هۆشداریی لە خراپتربوونی قەیرانی ئاوی تاران دەدا و دەڵێت" قەیرانی ئاو ڕەنگە 15 ملیۆن دانیشتووی تاران ناچار بە جێهێشتنی شارەكە بكات، پێشنیازیش دەكات پایتەختی ئێران بەزووترین كات بگوازرێتەوە.
پلانی گواستنەوەی پایتەختی ئێران لە تارانەوە لەلایەن هەموو حكومەتەكانك دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە ئێران باسی لێكراوە، هەموو كات مشتومڕێكی زۆری لە نێوان بەرپرسان و بەڕێوەبەران و شارەزایان بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەهۆی لێكەوتەكانی ئەو گواستنەوەیە تا ئێستا هیچ كام لە سەرۆك كۆمارەكانی ئێران بوێری جێبەجێ كردنی ئەم پلانەیان نەبووە.
ئایا پێویستە پایتەخت لە ئێران بگۆڕدرێت؟
لایەنگرانی گواستنەوەی تاران دەڵێن چیدیكە شارەكە بە هۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەیان قەیرانی ژینگەیی، ئابووری و كۆمەڵایەتی و جوگرافی توانای بەرگەگرتنی نەماوە، لە ئەگەری ئەوەی گەورەبوونی لە رادەبەدەری تاران بەو شێوەیە بەردەوام بێت كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە.
بە گوێرەی دوایین ئامارەكان زیاتر لە نۆ ملیۆن كەس لە تاران نیشتەجێین كە لە هەندێك كاتەكاندا بە هۆی هاتوچۆی هاوڵاتیان لە شارەكانی دیكەی ئێرانەوە بۆ تاران ڕێژەی دانیشتوانەكەی 15 ملیۆن كەس تێپەر دەكات.
لەو ساڵانەدا تاران لەگەڵ دوو گرفتی جددی و مەترسیدار رووبەروو بووەتەوە، لەوانەش پیسبوونی هەوا و لەم دواییانەشدا قەیرانی گەورەی كەم ئاوی و بێ ئاوی.
بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە و پاك لە تاران، پێنج هێندە زیاترە لە دابینكردن
لای خۆیەوە محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاندووە، بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە و پاك لە تاران، پێنج هێندە زیاترە لە دابینكردن.
موعتەمیدیان وتووشیەتی ، ئەو چوار بەنداوە سەرەكییەی ئاوی خواردنەوە بۆ تاران دابین دەكەن، ئاستی ئاوەكەیان لە 87% دابەزیوە. ئاماژەی بەوەشداوە تەنها بەنداوی تاڵەقان لە دۆخێكی تاڕادەیەك باش دایە.
بەوتەی پارێزگاری تاران، لە 62%ـی ئاوی خواردنەوەی تاران لە ڕێگەی بیر و سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوییەوە دابیندەكرێت، دەشڵێت " ئاستەنگە بەردەوامەكانی بەردەم كەرتی ئاو بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەكارهێنان و زیادبوونی خێرای دانیشتوانە".
پێشتر كۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران ڕایگەیاندبوو، بەهۆی وشكەساڵی پێنج ساڵی ڕابردوو و كەمی باران و كاریگەرییەكانی لەسەر سەرچاوە ئاوییەكان، ماوەی 100 ساڵە تاران دۆخی وەها خراپ نەبووە.
كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەداوە، یەدەگی ئاوی بەنداوەكانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاست، هۆشداریشی داوە، كە قەیرانەكە لە هاویندا خراپتر دەبێت.
سەبارەت بە قەیرانی پیسبوونی هەوا لە تاران پێویستە بوترێت ئاستی پیسبوون بەردەوام سنورە جیهانیەكان تێدەپەڕێنێت و مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەكات، بە گوێرەی ئامارەكان هەر لە ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 هەزار كەس لە تاران بە هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها تاران لەسەر هێڵی هەڵەی بوومەلەرزە هەڵكەوتووە و شارەزایان بەردەوام لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن، جگە لە ئاستەنگە ژینگەییەكان، زیادەڕۆیی دانیشتووان لە تاران كێشەی جددی لە بواری گواستنەوەی گشتی و هاتوچۆی قورس و پیسبوونی هەوادا دروست كردووە.
هەروەها پرسە ئابوورییەكان پەیوەندییەكی نزیكیان بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی تارانەوە هەیە، بەپێی توێژینەوەیەك كە لەلایەن ڕۆژنامەی جیۆپۆلەتیكەوە بڵاوكراوەتەوە، لە %23ی بەرهەمی ناوخۆیی ئێران پەیوەندی بە تارانەوە هەیە. ئەم چڕبوونەوە ئابوورییە لە یەك هەرێمدا مەترسی گەورە بۆ هەموو وڵات دروست دەكات، بەجۆرێك كە ڕوودانی كارەساتی سروشتی وەك بوومەلەرزە یان قەیرانی ئابووری دەتوانێت لێكەوتەی فراوانتری هەبێت بۆ هەموو وڵات.
چڕبوونەوەی سەرچاوە مرۆییەكان لە تاران، بووەتە هۆی چڕبوونەوەی ئاڵۆزی ئیداری و بیرۆكراتی لە شارەكەدا و پرۆسەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە حكومییەكان خاوتر و ناكارامەتر كردووە.