سبەی
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە زەویدا رودەدات کاریگەریی تەواوی لەسەر جیهان دەبێن، بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کیشوەری ئەفەریقا هاوشێوەی ئەوەی لە چیرۆکە خەیاڵی و ئەفسانەییەکاندا باسکراوە دوو لەت دەبێت و درزێکی گەورە دەکەوێت نێوان هەردوو بەشەکەیەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، درزێکی گەورە دووەم کیشوەری گەورەی سەر زەوی لە باکووری رۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور دابەش دەکات. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە داهاتوودا دەبێتە دووبەشەوە و نەخشەی کیشوەری ئەفەریقا وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین نامێنێت و بۆ هەمیشە دەگۆڕدرێت.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا توێژەران بەڵگەیان لەسەر بەرزبوونەوەی بەردەوامی ماددە تواوەکان لە قووڵایی زەویەوە بۆ سەر رووی زەوی لە ئەسیوپیا دۆزیوەتەوە. ئەم جوڵە و دەرچوونی مادەی تواوەیە وردە وردە کیشوەری ئەفەریقا لەیەک جیا دەکاتەوە و زەریایەکی نوێ پێکدەهێنێت.
زانایان دەڵێن: ئەم جیابوونەوەیە پێشتر دەستی پێکردووە و ئێستا بە رێژەیەکی خاو لە نێوان پێنج بۆ 16 ملیمەتر لە ساڵێکدا بەردەوامە، لە رووی کاتەوە، پرۆسەی دابەشبوونی ئەفەریقا چەندین ساڵ دەخایەنێت.
زانایان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی، کاتێک درزەکە بە تەواوی دروست دەبێت- پێدەچێت لە پێنج بۆ دە ملیۆن ساڵی داهاتوودا- ئەفەریقا دابەش بێت بۆ دوو بارستەی زەوی جیاواز. زەوییە گەورەکە دەکەوێتە رۆژئاوا و زۆربەی 54 وڵاتی ئەفەریقای ئێستا لەخۆدەگرێت، وەک میسر، جەزائیر، نەیجیریا، غانا و نامیبیا.
لە هەمان کاتدا درزیکی بچوکتر لە رۆژهەڵات درووست دەبێت، وڵاتانی سۆماڵ، کینیا، تانزانیا، موزەمبیق و بەشێکی گەورە لە ئەسیوپیا دەگرێتەوە.
ناوچەی بەشی رۆژهەڵات نزیکەی یەک ملیۆن مایلی چوارگۆشە دەبێت، لە کاتێکدا بەشی درزە گەورەکە زیاتر لە 10ملیۆن مایلی چوارگۆشە دەبێت.
بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکە، تیمە پسپۆڕەکە زیاتر لە 130 نمونەی بەردی گڕکانیان لە سەرانسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی عەفار لە ئەفەریقا کۆکردەوە، کە سێ پلێتی زەوی لەخۆدەگرێت کە پێیان دەوترێت قڵیشی سەرەکی ئەسیوپیا، قڵیشی دەریای سوور و قڵیشی کەنداوی عەدەن. ئەم پلێتانە "لەیەکتر جیا دەبنەوە"، واتە وردە وردە لە یەکتر دووردەکەونەوە.
چینی یەکەمی زەوی کە ئەستوورترین چینە لە هەسارەکەدا، زیاتر لە بەردی رەق دروست بووە، بەڵام وەک تەنێکی چەسپاوە و و جیاکردنەوەی پلێتەکان یارمەتی بەرزبوونەوەی چینە یەکەمەکە دەدات.
لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا، لەگەڵ جیابوونەوەی پلێتی تەکتۆنی لە ناوچە درزەکانی وەک عەفاردا، درێژ و تەنک دەبنەوە تاوەکو دەشکێن و زەریایەکی نوێ لەدایک دەبن.