یەدەگى غازی سروشتی هەرێمی کوردستان بە 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) دەخەمڵێنرێت، کە دەکاتە لە 3% ی تێکڕای یەدەگی جیهان
سبەى
خواستى تورکیا بۆ نوێکردنەوەى رێککەوتنى وزە لەگەڵ عێراق بەشێوەیەک کە جگە لە نەوت، غاز و کارەباش بگرێتەوە، پێدەچێت دواى 10 ساڵ گفتوگۆ دەرگا بۆ هەناردەکردنى غازى هەرێمى کوردستانیش بکاتەوە.
ڕۆژی 20ی تەمموزی 2025 سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆرى نەوتى لە عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەرکرد، کە لە 17ی ئابی 1973ەوە کاری پێدەکرا، بڕیارەکە لەمانگی ئابی 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دوای 52 ساڵ لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە.
دواى هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنەکە، تورکیا رەشنوسێکى نوێی گشتگیرى رێککەوتنى خستووەتە بەردەم عێراق، کە غاز و کارەباش دەگرێتەوە.
بەپێی شیکردنەوەیەکى رۆبن میڵز پسپۆڕى بوارى وزە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای قەمەر ئینێرجى تایبەت بە وزە کە لە پێگەى "زەناشناڵ" بڵاوکراوەتەوە، مەیلی ئەنقەرە بۆ گۆڕینی رێککەوتنەکە بە رێککەوتنێکی فراوانتر کە جگە لە نەوت غاز و کارەباش بگرێتەوە، دەتوانێت کارئاسانى بکات بۆ هەناردەکردنی غاز لە هەرێمی کوردستانەوە دوای دە ساڵ گفتوگۆ.
میڵز باس لەوە دەکات، چارەسەرکردنی کێشەی غاز یەکێکە لەو پڕۆسە کاریگەرانەی کە حکومەتی عێراق دەتوانێت بۆ ئابووری وڵات و ژینگە و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی ئەنجامى بدات، لەگەڵ گەیشتن بە خۆبژێوی لەم سامانە گرنگەدا، بۆ ئەوەى عێراق پشت بە سەرچاوە دەرەکییەکان نەبەستێت.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، پەرەپێدانی غاز لە کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عێراق کلیلی چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و داراییەکانی دیکەی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمە. ئەوەش ئابوری عێراق باشتر دەکات و یارمەتی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هەناردەی نەوت دەدات و دەبێتە هۆی زیادبوونی هاوردەکردنی غاز لەلایەن تورکیاوە و دواتر فرۆشتنی بە ئەوروپا.
لەگەڵ رێککەوتنى ناوەڕاستى تەمموزى 2025 ى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد لەسەر نەوت و مووچە، رەنگە تورکیا وەڵامی فشارەکانی ئەمەریکا بداتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بۆ ساڵێک سنووردار دەبێت و پابەندییەکانى بڕیارەکەی دادگای پاریس هەڵناوەشێنێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم ماوە کورتە بە پێویست دەزانرێت، بۆ تورکیا و بەغداد و هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕان بەدوای بژاردەی جێگرەوەدا، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى ناوەندى ئیمارات بۆ سیاسەت کە رۆژى 30ى تەمموز بڵاویکردەوە.
ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە ڕێگای ڕێککەوتننامەیەکی نوێوە هاریکارییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەرفراوانتر دەکرێن بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو و گازی سروشتیی عێراق بە خاکی تورکیادا.
وتیشى لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کردووە، پێویستە لە ڕەشنووسی ڕێککەوتننامە نوێیەکەدا میکانیزمێک هەبێت کە دڵنیایی بدات لە بەکارهێنانی تەواوەتیی ئەم هێڵە هێڵەکە بۆ باشووری عێراقیش درێژ ببێتەوە، بەم جۆرە دەتوانرێت هێڵی بۆرییەکە بە تەواوی بەکاربهێندرێت.
ژێرخانى کەرتى غاز
یەدەگى غازی سروشتی هەرێمی کوردستان بە 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) دەخەمڵێنرێت، کە دەکاتە لە 3% ی تێکڕای یەدەگی جیهان. ئەمەش رۆڵێکی گرنگ دەدات بە پێگەی کوردستان لە بازاڕە هەرێمیەکانی غازدا، ئەوەش بەپێی پێگەى فەرمى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان.
لە ساڵی 2003ەوە، بڕێکی زۆر لە دۆزینەوەکانی غاز ئەنجامدراوە و توانای بەرهەمهێنانی غازیش سەلمێنراوە. لە کاتێکدا چالاکیەکانی بەدواداگەڕان لە چڕ بوونەوەدان.
لە هەرێمى کوردستان 10 کێڵگەى غاز بوونیان هەیە کە بریتین لە، کۆرمۆر، چەمچەماڵ، میران، کوردەمیر، تۆپخانە، پەڵکانە، تازە، بنەباوێ، خورمەڵە، دهۆک.
لەو کێڵگانە تا ئێستا تەنها دوانیان غاز بەرهەمدەهێنن کە پێکهاتوون لە، کۆرمۆر 525 ملیۆن پێ سێجا و خورمەڵە 130 ملیۆن پێ سێجا واتە پێکەوە 655 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمیان هەیە.
هەرێمى کوردستان لە رێگەى گرێبەستە نوێیەکانەوە چاوى لەوەیە بەرهەمهێنانى غاز بۆ یەک ملیۆن مەتر پێ سێجا بەرزبکاتەوە، بۆ ئەوەى بتوانێت ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا بگەیەنێتە زیاتر لە هەشت هەزار مێگاوات، کە بەهۆى کەمى بەرهەمهێنانى غازەوە کە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنرێت، لە ئێستادا نزیکەی 4500 مێگاوات بەرهەمدەهێنرێت.
سەرەڕاى ئەوە هەرێمى کوردستان چاوى لە فرۆشتنى غازە ئەگەر بڕى بەرهەم لە پێداویستى ناوخۆیی زیاتر بوو.
حکومەتى هەرێمى کوردستان نۆ ساڵ لەمەوبەر پلانى هەبوو کە ئاستى بەرهەمهێنانى غاز بە جۆرێک بەرزبکاتەوە کە بتوانێت هەناردەى تورکیاى بکات، کە گەورەترین بەکاربەری غازە لە ناوچەکەدا.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ساڵى 2013 ئاماژەى بەوەکردبوو، چاوەڕواندەکرێت یەکەم هەناردەی غاز لە 2016 دا ئەنجام بدرێت، ئەمەش سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ تورکیا دەستەبەر دەکات. هەروەها، کوردستان چاوی بڕیوەتە ئەوروپاش کە پێویستی بە سەرچاوەیەکی دابینکردنی مسۆگەر و متمانەپێکراو و هەمەچەشنی غازە.