رەتكردنەوەی ناوخۆیی و دەرەكیی؛ یاسای حەشدی شەعبی تووشی پەرلەمانی داهاتوو دەكات

#عێراق#پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی#ئەمەریکا
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • هاوپەیمانی و كوتلە سیاسییەكانی حاكم لە عێراق، بەدووری دەزانن پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لەم خولەی پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێت، كە مانگی تشرینی دووەمی 2025 كۆتایی دێت.
Primary Asset

چەند ئەندامێکی حەشدی شەعبی لە موسڵ

سبەی

بەدوور دەزانرێت پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لەم خولەی پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێت، هۆكارەكەش رەتكردنەوەی ناوخۆییە لەگەڵ فشاری دەرەكیی.

هاوپەیمانی و كوتلە سیاسییەكانی حاكم لە عێراق، بەدووری دەزانن پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لەم خولەی پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێت، كە مانگی تشرینی دووەمی 2025 كۆتایی دێت.

هێزە شیعیەكان كە زۆرێكیان گروپەكانی سەر بە ئێرانن، بەرەو ئەوە هەنگاویان دەنا پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكەن، كە یاسای نوێ لەخۆدەگرێت بۆ گروپە چەكدارەكان، بەڵام ئەمەریكا بە توندی دژی تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە وەستایەوە، چونكە "دەبێتە هۆی چەسپاندنی هەژموونی ئێران و گروپە چەكدارەكان كە سیاسەتی عێراق بەڕێوەدەبەن".

بوونی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرەكیی رێگە لە تێپەڕاندنی دەگرێت

حسێن مالیكی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەوبارەیەوە دەڵێت "بوونی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرەكیی لەسەر یاسای حەشدی شەعبی رێگە لە تێپەڕاندنی دەگرێت".

مالیكی ئەوەشی خستووەتەڕوو "پرۆژەیاساكە لەم خولەی پەرلەمان تێناپەڕێنرێت، ئاڕاستەی خولی داهاتوو دەكرێت، ڤیتۆی ئەمەریكتا روونە و دژی یاسای حەشدی شەعبیە، هێزە عێراقیەكانیش ئەو هێڵە سورە تێناپەڕێنن، بۆیە هەموو ئەو هۆكارانە وادەكەن رێگری لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لەم خولەی پەرلەمان بكرێت".

بەوتەی چاودێران، سەرچاوەی نیگەرانی نێودەوڵەتی لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە، ئەوەیە كە حەشدی شەعبی ببێتە هێزێكی هاوتەریبی سوپای عێراق، وە رەنگە بە دەسەڵاتی زیاتر و توانای مرۆیی و چەكی زیاتریشەوە، هەرچەندە حكومەت وەڵامی ئەو دوودڵییەی داوەتەوە و دەڵێت "یاساكە بەشێكە لە پرۆسەی چاكسازی دەزگا ئەمنییەكان".

پەیامی ئەمەریكی گەیشتووەتە سەركردایەتی لایەنە سیاسیەكانی عێراق

مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پێشتر باسی لە "پەیامی ئەمەریكی كردبوو كە گەیشتووەتە سەركردایەتی لایەنە سیاسیەكانی عێراق". جەختیشیكردبوەوە كە "ئەمەریكا لەگەڵ دووبارە تێكەڵكردنەوەی حەشدی شەعبییە بە سیستمی ئەمنیی عێراق، نەك تەنها دووبارە قەوارەپێدانەوەی ئەو هێزانە".

هەفتەی رابردوو، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا "ترسی وڵاتەكەی نیشاندا سەبارەت بە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی، كە تائێستاش گفتوگۆی لەسەرە".

پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق و لە ساڵی 2016 دەركراوە

پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق و لە ساڵی 2016 دەركراوە، بەڵام كەموكورتی پەیكەریی و رێكخستنی هەیە، بۆیە ئێستا یاساكە هەموار كراوەتەوە و دەیانەوێت رۆڵی حەشدی شەعبی لە عێراق دیاری بكەن.ئەوەش لەكاتێكدایە هاوپەیمانییەكەی محەمەد شیاع سودانی كە بۆ هەڵبژاردن پێكیهێناوە "پشتیوانی ئەوە دەكات چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت".

حەمید شبلاوی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی "ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان" كە هاوپەیمانیەكەی سودانییە دەڵێت "پێویستە رێگری لە بەرپرسانی ئەو گروپانە بكرێت كە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید بكەن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی