ویتكۆڤ لە ئیسرائیلە؛ ترەمپ: ئەوەی لە غەززە روودەدات ترسناكە

#ئیسرائیل#غەززە#فەڵەستین#ئەمەریکا
16 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند:"ئەوەی لەوێ روودەدات ترسناكە، بەڵێ ئەوە كارێكی ترسنامە، خەڵك بەدەست برسێتی قورسەوە دەناڵێنن، دەمەوێت دڵنیابم لەوەی خەڵك لەوێ خواردنیان پێدەگات".
Primary Asset

ترەمپ و ویتکۆڤ

سبەی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دۆخی كەرتی غەززە لە فەڵەستین بە "ترسناك" ناودەبات، وەك وەڵامێك بۆ لێدوانی مارگۆری تایلەر گرین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی كۆمارییەكان كە هێرشی ئیسرائیلی بۆسەر غەززە بە "كۆمەڵكوژی" ناوبردبوو".

ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند:"ئەوەی لەوێ روودەدات ترسناكە، بەڵێ ئەوە كارێكی ترسنامە، خەڵك بەدەست برسێتی قورسەوە دەناڵێنن، دەمەوێت دڵنیابم لەوەی خەڵك لەوێ خواردنیان پێدەگات".

وتەكانی ترەمپ لەكاتێكدایە، درەنگانی شەوی رابردوو ستیڤ ویتكۆڤ، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبوەوە، وەك هەوڵێك بۆ رزگاركردنی گفتوگۆكانی راگرتنی جەنگ لە غەززە و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەیرانە مرۆییەی لەو كەرتەی فەڵەستین دروستبووە.

كەمێك دوای گەیشتنی ویتگۆڤ بە ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند:"خێراترین رێگە بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانی مرۆیی غەززە رادەستبوونی حەماس و ئازادكردنی بارمتەكانە".

ویتكۆڤ ئەمڕۆ ناوەندێكی دابەشكردنی خۆراكیشی لە رەفەحی غەززە بەسەركردەوە، سەردانەكەشی هاوكاتە لەگەڵ زیاتربوونی فشارە نێودەوڵەتیەكان لەسەر حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ بەهۆی ئەو وێرانكارییەی حكومەتی ئیسرائیل لە غەززە دروستیكردووەو خەڵكەكەشی برسیكردووە، رێگەش نادات یارمەتی مرۆیی بە ئاسانی بچێتە ئەو كەرتە.

دوای كۆبوونەوەی ویتكۆڤ و نەتەنیاهۆ، بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل ئاشكرایكردووە "ئەمەریكا و ئیسرائیل تێگەیشتوون لەوەی پێویستە پلانی ئازادكردنی بەشێك لە بارمتەكان بگۆڕێت بۆ پلانی ئازادكردنی هەموو بارمتەكان، لەگەڵ چەكداماڵینی حەماس و غەززەش بكرێتە ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك".

بەوتەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە، "ئەمەریكا و ئیسرائیل هەوڵدەدەن ئاگربەست بگۆڕن بۆ رێككەوتنێكی گشتگیر، لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگیش هەوڵدەدەن هاوكارییە مرۆییەكان زیاتر بكرێت".

دوێنێ كارۆلێن لێڤیت وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی رایگەیاند:"بەرەبەیانی هەینی ( بە كاتی هەرێمی كوردستان شەوی پێنجشەممە دەكات) ستیڤ ویتكۆڤ دەگاتە غەززە، بۆ ئەوەی چاودێری پرۆسەی رادەستكردنی هاوكارییە مرۆیەكان بكات، هەوڵیش دەدات پلانێكی كۆتایی بۆ خێراكردنی هاوكارییەكان دابنێت".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی