دیمەنێکی غەززە
سبەی
تۆڕی "سی ئێن ئێن" ی ئەمەریكی ئاشكرایكردووە، بزوتنەوەی حەماس بەشداریكردنی لە دانوستانەكانی ئاگربەست لە غەززە راگرتووە.
ئەو تۆڕە ئەمەریكیە، بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوە بڵاویكردووەتەوە:"حەماس بەشداریكردنی لە دانوستانەكانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە راگرتووە".
پێشتریش رۆژنامەی "جیرۆسلام پۆست" ی ئیسرائیلی بڵاویكردبوەوە "بزوتنەوەی حەماس گفتوگۆكانی بەستووەتەوە بە بە گۆڕانكاریكردن لە دۆخی مرۆیی لە كەرتی غەززە".
بەوتەی ئەو رۆژنامەیە كە پشتی بە چەند سەرچاوەیەك بەستووە، "حەماس نێوەندگیرانی ئاگاداركردووەتەوە كە بەشداری دانوستانەكان ناكات تا دۆخی مرۆیی غەززە باش دەكرێت".
ئێستا دانوستانەكانی ئاگربەست لە غەززە چووەتە دۆخی سڕبوونەوە، هەرچەندە نێوبژیوانكاران هۆشداری دەدەن جارێكی دیكە شكستهێنانی گفتوگۆ دەبێتەهۆی زیاتر مەترسیداربوونی دۆخی غەززە.
پێشتر بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل ئەوەی ئاشكراكردبوو "وڵاتەكەی یاداشتێكی پێشكەش كردووە وەك وەڵامدانەوەی حەماس، كە گۆڕانكاری تێداكراوە، ئەوەش لەرێگەی نێوبژیوانكارە قەتەرییەكانەوە پێشكەش كراوە".
دەزگای پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە، لەلایەن خێزانی بارمتە ئیسرائیلیەكانەوە فشارەكان زیادیانكردووە، داوایان لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە بە ئاشكرا ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ واژۆكردنی رێككەوتنێكی گشتگیر كە تیایدا سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكرێن و جەنگ كۆتایی بێت.
نەتەنیاهۆ لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا وەڵامی خێزانی بارمتەكانی داوەتەوە و دەڵێت "لەوكاتەوەی شاندەكە لە قەتەر گەڕاونەتەوە، لە هەوڵەكانم نەوەستاوم".
نەتەنیاهۆ دەشڵێت "ئاستەنگی بەردەم گەیشتن بە رێككەوتن پێداگیری حەماسە". سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەختیشیكردەوە "پابەندە بە گێڕانەوەی بارمتەكان بە هەر رێگایەك بێت".
درەنگانی شەوی رابردوو ستیڤ ویتكۆڤ، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبوەوە، وەك هەوڵێك بۆ رزگاركردنی گفتوگۆكانی راگرتنی جەنگ لە غەززە و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەیرانە مرۆییەی لەو كەرتەی فەڵەستین دروستبووە.
كەمێك دوای گەیشتنی ویتگۆڤ بە ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند:"خێراترین رێگە بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانی مرۆیی غەززە رادەستبوونی حەماس و ئازادكردنی بارمتەكانە".
ویتكۆڤ ئەمڕۆ ناوەندێكی دابەشكردنی خۆراكیشی لە رەفەحی غەززە بەسەركردەوە، سەردانەكەشی هاوكاتە لەگەڵ زیاتربوونی فشارە نێودەوڵەتیەكان لەسەر حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ بەهۆی ئەو وێرانكارییەی حكومەتی ئیسرائیل لە غەززە دروستیكردووەو خەڵكەكەشی برسیكردووە، رێگەش نادات یارمەتی مرۆیی بە ئاسانی بچێتە ئەو كەرتە.
دوای كۆبوونەوەی ویتكۆڤ و نەتەنیاهۆ، بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل ئاشكرایكردووە "ئەمەریكا و ئیسرائیل تێگەیشتوون لەوەی پێویستە پلانی ئازادكردنی بەشێك لە بارمتەكان بگۆڕێت بۆ پلانی ئازادكردنی هەموو بارمتەكان، لەگەڵ چەكداماڵینی حەماس و غەززەش بكرێتە ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك".
بەوتەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە، "ئەمەریكا و ئیسرائیل هەوڵدەدەن ئاگربەست بگۆڕن بۆ رێككەوتنێكی گشتگیر، لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگیش هەوڵدەدەن هاوكارییە مرۆییەكان زیاتر بكرێت".