جموجوڵی گوماناوی لە كامپی هۆل؛ وایكردووە خێرابكرێت لەگواستنەوەی پەنابەران لەكامپەكانی رۆژهەڵاتی سوریا

#کامپی هۆل#داعش#رۆژئاوای کوردستان#سوریا
18 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 18 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئیدارەی كامپی هۆل كە دەكەوێتە باشوری شاری حەسەكە، دۆخی نائاسایی لە كەمپەكە راگەیاندووە، بەتایبەت لە بەشی كۆچبەران كە تایبەتە بە "بیانیەكان" دوای ئەوەی زنجیرەیەك پرۆسەی تێكدان و دەستدرێژی لە كامپەكە تۆماركرا، كە ژنانی سەركردە و چەكدارانی داعش تێوەگلاون و بەشێوەی شانەی نوستوو كاردەكەن. ئەمەش بەوتەی جیهان حەنان بەڕێوەبەری كامپەكە بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت.
Primary Asset

دیمەنێکی کامپەکە

سبەی

كامپی هۆل لە رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" بەمدواییە لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە، دوای ئەوەی راپۆرتی ئەمنیی گەیشت كە جموجوڵی گوماناوی شانەكانی داعش لەناو كامپەكەدا هەیە، ژنانی ئەو رێكخراوە لە بەشی كۆچبەران دەزگایەكیان بەناوی “حەسبە” پێكهێنا و بە ئەنقەست شوێنی رێكخراوە مرۆییەكانیان سوتاند و كەلوپەلەكانیشیان برد.

ئیدارەی كامپی هۆل كە دەكەوێتە باشوری شاری حەسەكە، دۆخی نائاسایی لە كەمپەكە راگەیاندووە، بەتایبەت لە بەشی كۆچبەران كە تایبەتە بە "بیانیەكان" دوای ئەوەی زنجیرەیەك پرۆسەی تێكدان و دەستدرێژی لە كامپەكە تۆماركرا، كە ژنانی سەركردە و چەكدارانی داعش تێوەگلاون و بەشێوەی شانەی نوستوو كاردەكەن. ئەمەش بەوتەی جیهان حەنان بەڕێوەبەری كامپەكە بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت.

بەوتەی بەڕێوەبەری كامپەكە، سێ ناوەندی سەر بە رێكخراوە مرۆییەكان تووشی سوتاندن و هەڵكوتانەسەر بوونەتەوە، جگە لەوەی تیمەكانیشیان بەبەرد هێرشیان كراوەتەسەر.

لە ترسی ئەو شانە نوستوانەی داعش، دانیشتوانی كامپەكە رەتیدەكەنەوە هاوكاری ئەو رێكخراوە مرۆییانە وەربگرن.

كامپی هۆل یەكێكە لە گەورەترین كامپەكانی سوریا، تائێستاش 34 هەزار كەسی تێدایە، كە 13 هەزاریان پەنابەری عێراقین، 15 هەزاریشیان ئاوارەی سوریان، جگە لە شەش هەزار ژن و منداڵی چەكدارانی داعش كە بیانین، تائێستاش نزیكەی 900 پەنابەری عێراقی كەمپەكەیان جێهێشتووە، ئەوەش بە هەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" و حكومەتی عێراق.

بەوتەی جیهان حەنان، ژمارەیەك لەو ژنانەی تووشی لێدان بوون بە ئەنقەست لە بەشی بیانییەكان و عەرەبەكان، ئاماژە بەوەدەكەن كە "شانە نوستووەكانی حەسبە لەلایەن داعشەوە پێكهێندراوە".

وەك بەڕێوەبەری كامپی هۆل دەڵێت "جگە لەوەی بە ئەنقەست هەڕەشە لە دانیشتوانی كامپەكە دەكەن، ژنانی حەسبە دروشمەكانی داعش دەنوسن و هانی كەسانی دیكە دەدەن جموجوڵ بكەن، ئەمەش دۆخێكی ئاڵۆزی لەناو كامپەكە دروست كردووە".

بەمەبەستی سنوردانان بۆ ئەم جموجوڵانە، هەروەها دەستگیركردنی ئەندامانی شانە نوستووەكانی داعش، هێزەكانی سوریای دیموكرات بە هەماهەنگی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ئەمەریكا سەرۆكایەتی دەكات، لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، هەڵمەتێكیان لەناو كامپەكە دەستپێكرد، توانییان چەند ئەندامێكی شانە نوستووەكە دەستگیر بكەن، لەوانەش بەرپرسی پرۆسە سەربازییەكانی شانەكە و بەرپرسی یەكەم لە پرۆسەی بە ئەندامكردنی داعش لەناو كامپەكە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی