لە یەکەم ساڵیادی دەستبەکاربوونیدا .. پزشکیان: گیرم خواردوە و لەکێشەکاندا چەقیوم

#مەسعود پزشکیان#سەرۆک کۆمار#ئێران#قەیران#ئیسرائیل#ئەمەریکا
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • سالێک بەسەر دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری ئێران تێپەڕدەبێت. بە چاوخشاندنەوەیە بە کارنامەی یەک ساڵەیدا دەردەکەوێت کە نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونییەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران تا هێرشی ئیسرائیل و دواتر ئەمەریکا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی رۆژێکی ئارامی تێپەڕنەکردوە.
Primary Asset

سبەی

سالێک بەسەر دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری ئێران تێپەڕدەبێت. بە چاوخشاندنەوەیە بە کارنامەی یەک ساڵەیدا دەردەکەوێت کە نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونییەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران تا هێرشی ئیسرائیل و دواتر ئەمەریکا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی رۆژێکی ئارامی تێپەڕنەکردوە.

پزشکیان لە ساڵی یەکەمیدا، لە قەیرانگەلی سیاسییەوە بگرە تا بێ ئاوی و بێ کارەبایی و گرانی لە رادەبەدەر، دۆخەکەی بەجۆرێک مەترسیدار کردووە کە پزیشکیان حاشای لێناکات و لە وتارێکدا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی دەستبەکاربوونیەوە ڕایگەیاند" گیرم خواردوە، زۆریش گیرم خواردوە، بەلام بەردەوام دەبم".

ئەمرۆ 2ـی ئاب، ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران تێپەربوو، سەرۆک کۆمارێك کە بریار بوو چەقۆی نەشتەرگەرییەکەی بەکاربهێنێت بۆ چاککردنەوەی سەدان نەخۆشی و شێرپەنجەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەی، لە چاکسازی سیاسییەوە بگرە تا گۆڕانکاریی بنەرەتی لە شێوازی پەیوەندی حکومەت و کۆمەڵگا و هاوکات ئاسایی کردنەوە یپەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی، بەڵام شارەزایانی سیاسی و ئابووری دەڵێن: پزشکیان لە جێبەجێکردنی بەڵێنییەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە و لایەنگرانی بێ هیوا کردوە.

مەسعود پزشکیان رۆژی هەینی و لە کاتی سەردانی پارێزگای زەنجان لە وتارێکدا رایگەیاند: حکومەتەکەی هاوکات لەگەڵ چەندین بەڵا و نەهامەتی دەجەنگێت، لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونیدا کارەساتەکان یەک لە دوای یەک دەخوڵقێن و تادێت یەکیان چارەسەر بکات لە شوێنێکی دیکەوە قەیرانێکی دیکە سەر هەڵدەات.

وتیشی " گیرم خواردوە و زۆر خراپیش گیرم خواردوە، بەڵام بەردەوام دەبم".

قەیرانەکان هەر لە بە ئامانجگرتنی ئیسماعیل هەنیە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە تاران لە شەوی یەکەمی دەستبەکاربوونی پزشکیان وەک سەرۆک کۆمار دەستی پێکرد و دواتر بە هێرشکردنی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا و روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و  لەناوچوون یان لاوازبوونی بەرەی مقاوەمە، کە تێیدا تەنها لە ماوەی چەند مانگێک سەرمایەگوزاری سەدان ملیار دۆلاری چەند ساڵەی کۆماری ئیسلامی لەناوچوو، بگرە تا هاتنەوە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ و گرتنەبەری سیاسەتی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران و تا ئەم دواییانە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەشێک لەو قەیرانانە بوون کە لە دەرەوەی وڵاتەکەوە بەسەر پزشکیاندا نازڵ بوون.

سەبارەت بە قەیرانە ناوخۆییەکانیش لە قەیرانی کەم ئاوی، پچرانی کارەبا و هەڵاوسانی لە رادەبەدەرەوە بگرە تا پیسبوونی هەوا و ژینگە ئاستەنگی جدیان بۆ پزشکیان دروست کردوە، ئەگەرچی جێبەجێنەکردنی یاسای باڵاپۆشیش وەک خاڵێکی ئەرێنی لە کارنامەی پزشکیان دێتە ئاراوە، بەڵام بە گوێرەی شارەزایانی سیاسی پزشکیان ئەگەر بەنیازیش بێت کیشەکان چارەسەر بکات، دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار لە چوارچێوەی یاسای بنەرەتی ئێران سنووردارە و دەستی بەستراوە.

ئەو دەستبەستراوییە کارێکی کردوە کە پزشکیان بە بێهیواییەوە بڵێت" دەمانەوێت دەست لەسەر هەر بابەتێک دابنیین دەڵێن دەستی لێمەدە، کێشە و قەیرانمان زۆرە،  کێشەمان هەیە لە کارەبا، لە ئاو، لە غاز، نەوت، بەنزین، پارە هەیە و قەیران دوابەدوای یەک بەسەرماندا دەبارێت".

بە گشتی پێدەچێت مەسعوود پزشکیان لە یەکەم ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا لە نێوان پاراستنی دۆخی ئێستا و چاکسازی لە پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکان گیری خواردبێت، بە جۆرێک لە لایەک ئیرادە و هێز و بوێری ئەوەی نییە کە لەبەرامبەر دەسەڵاتی سەرەکی لە ئێران واتا رێبەری کۆماری ئیسلامی بوەستێت و ئەوەی بەڵێنی داوە جێبەجێی بکات و لە لایەکی دیکەشەوە چەقۆکەشی  بۆ چارەسەرکردنی قەیران و ناهاوسەنگییەکان کولە.

بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئێران، بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکان وڵات لە دەستی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتەکانی دیکە بەبێ رەزامەندی و فەرمانی رابەر توانای بڕیاردانیان نییە لە دۆسیە گەورە و هەستیارەکاندا.

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی