تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی
سبەی
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕەخنەی لەو زمانە گرت دەسەڵاتدارانی تورکیا و میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەکاری دەهێنن و دەڵێت: "هێشتا زمانی دەربڕینیان نەگۆڕیووە ئەو زمانەی پێی دەدوێن خزمەت بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ناکات."
تونجەر باکرهان ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025 لە میانی "دیدارەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەوە.
باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەو دیدار و کۆبوونەوە جەماوەرییانەی لەبارەی پرۆسەکەوە ئەنجامیان داوە و ڕایگەیاند نزیکەی دوو هەزار دیداریان ئەنجامداوە.
باکرهان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پرۆسەی ئێستا تەنها پرۆسەیەک نییە کورد بەڕێوەی ببات یان تەنها تاوتوێی پرسی کورد بکرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، دەڵێت: "ڕاستە لە دەرەوە تێگەیشتنێکی جیاواز هەیە. لەنێو ڕای گشتیدا مشتومڕ لە ئارادایە".
باکرهان ڕەخنەی لە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن گرت بەوەی ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن لە چەواشەکردنی ڕای گشتی لەبارەی پرۆسەکە و دەڵێت: "بەشێک لە میدیاکان بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەکی هەبێت، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئیدی 'تورکیا دابەش دەبێت'، بە دەرهێنانی دوو وشە لە پەرەگرافێکدا هەوڵی چەواشەکردنی خەڵک دەدەن. ئەوە لە میدیاکانی دەسەڵات هەر گەڕێن کە خەریکە جاڕی شەڕ دەدەن".
تونجەر باکرهان هەروەها دەڵێت: "هێشتا دەسەڵاتدارانی تورکیا و میدیاکان زمانی دەربڕینیان نەگۆڕیوە ئەو زمانەی پێی دەدوێن خزمەت بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ناکات. بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین لەگەڵ کۆمەڵگە، گەلان و زەحمەتکێشاندا ئەمە تێپەڕێنین".
جیهان لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە
باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی سیستەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستی بە دوای سیستەمێکی نوێدا دەگەڕێت و دەڵێت: "ئەو ڕێگایە ڕێگای ڕەنجدەران، ستەملێکراوان و گەلان نییە. ئەو ڕێگایە نییە کە ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین. ڕاستییەکەی بڵێین، ئێمەش لەم پرۆسەیەدا هەوڵ دەدەین ڕێگایەک بدۆزینەوە. لە لایەکەوە ناسیۆنالیزم، لە لایەکەوە دەسەڵاتخوازی، لە لایەکەوە کێبڕکێی سەرمایەداری هەیە؛ لە لایەکی دیکەشەوە تێکۆشانی ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسی هەیە کە ڕەنجدەران، هەژاران و ستەملێکراوان بەڕێوەی دەبەن. دیارە ئێمە لەگەڵ تێکۆشانی دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەریدا دەبین و سەردەم ئەمەمان لێ دەخوازێت".
باکرهان باس لەوە دەکات کە ئەوانەی لە ڕۆحی سەردەم تێناگەن، لەناودەچن، دەڵێت: "پێویستە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک ئێمە یان ئەو زەمینانەی وەک ئێمە کە ڕووبەڕووی هەموو ستەم و زۆردارییەکی دەوڵەت دەبنەوە، بە هەستیارییەکی زیاترەوە لە سەردەمەکە تێبگەن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سەردەمێکی نوێ، سیستەمێکی نوێ دادەمەزرێت. ئەوانەی لەمە تێناگەن، ئەوانەی لە بەرامبەر ئەمەدا خۆیان بە پتەوی ڕێک ناخەن دەدۆڕێن"
ئۆجەلان لە ڕۆحی سەردەمەکە تێدەگات
تونجەر باکرهان باس لەوە دەکات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی کەسێکە کە لە ڕۆحی سەردەم تێدەگات، دەڵێت: "بەپێی ئەمە بەردەوام دەستپێشخەری نوێ دەکات. هەموومان ئەمە دەزانین. پێش کودەتای 80، پێشبینیکردنی کودەتاکە و کشانەوەی، لە ساڵانی 90دا بیروبۆچوونەکانی سەبارەت بەوەی کە تێکۆشانی چەکداری چیتر دەبێت بەرەو زەمینەیەکی دیکە بڕوات و دواتریش هەڵوێست وەرگرتنی بەپێی هەموو پێشهاتەکان، دیسانەوە لەم دواییانەدا لە سەردەمی ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە نوێیەدا کە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین چەقەکەیەتی، تێگەیشتنی لەمە و وەستانی لە شوێنێکدا، تێگەیشتنە لە سەردەم. پێویستە بەهایەکی گەورە بۆ ئەمە دابنرێت. بەدوای ڕێگایەکی نوێدا دەگەڕێین. پێکەوە بەدوایدا دەگەڕێین. ئەمە هەڵسەنگاندنێک نییە کە تەنها باسی تورکیا بکات. لە جیهاندا هەموو بزووتنەوە چەپ، سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکان بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن. شەڕ لە هەموو شوێنێکە، پێکدادان لە هەموو شوێنێکە. هەژاری و نادادپەروەری لە هەموو شوێنێکە. لە پرۆسەیەکدا کە بەها دیموکراتییەکان لەسەر کاغەز ماونەتەوە، پشتگوێ خراون، کۆمەڵکوژی، وەحشیگەری، برسێتی، چەوساندنەوە بە هەند وەرناگیرێن، ئەگەریش وەربگیرێن هێزی کەس نایانگاتێ، هێزە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستییەکان چۆنیان بوێت ئاماژە بە خاڵی ناوەڕاست دەکەن، دڵنیابن گەورەترین ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە وەک شۆڕشگێڕان، ڕەنجدەران، ستەملێکراوان، ئەو گەلانەی تێکۆشانی ئازادی و دادپەروەری دەکەن".
ئەوانەی ئەگەر سێ ڕۆژ لە زیندان بن دەبن دان بە هەموو شتێکدا دەنێن، دژی ئاشتی دەوەستنەوە
تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوە دا کە ئەوانەی دژی ئاشتی دەوەستنەوە هەراسانن بە ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی ماوەی حوکمدانیان تەواو بووە دەڵێت: "ئەوان ڕاستەوخۆ ناڵێن 'با تابووتی گەنجان بێتەوە'، بەڵام دەڵێن ئەو کەسانەی 33 ساڵە لە زیندانن بۆچی ئازاد کراون؟ ئاخر، ئەم سیستەمە نادادپەروەر و نایاساییە ئەم سزایەی داوە. 33 ساڵ بە زمان ئاسانە. ئەوانەی لە 3 مانگدا چۆکدا دەدەن ئەمە دەڵێن. ئەوانەی ئەگەر 3 ڕۆژ لە زیندان بمێننەوە دەبن بە دانپێدانەر، بە گریان و فرمێسکەوە دەڵێن 'ڕزگارم بکەن'؛ دەڵێن ئەو کەسانەی 33 ساڵ لە زیندان بوون بۆچی ئازاد دەکرێن".
شەرمەزارترین شت دژایەتیکردنی ئاشتییە
باکرهان سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی شەرمەزارترین شت دژایەتیکردنی ئاشتییە دەڵێت: "مایەی خەم و نیگەرانییە وەک ئەوەی هێنانەدی ئاشتی تەنیا ئەرکی سەرشانی کورد بێت، هەر کورد باسی لێوە دەکات و کەسی دیکە نییە بیریشی لێ بکاتەوە. نامەوێت ناهەقی بکەم، دۆستانی وەک ئێوە لە دەرەوەی ئەم کەوانەیەن. ئەوانیش لەسەر شاشەکان دڵخۆشی بە شەڕ دەردەبڕن. لە سوەیدای سوریا شتێک ڕوودەدات، ئاگاداربن نەوەک پێشهاتەکانی ئێرە ببێتە هۆی ئەوەی کورد ماف بەدەست بهێنێت. هەرچی هەیە و نییە کوردە. هەرچی هەیە و نییە ماف و ستاتۆیەکە کە کورد بەدەستی دەهێنێت، لە وڵاتێکی ئاوەها سەیردا دەژین".
تورکیایەک لە ئاشتیدا
تونجەر باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە کاتێکدا ئەوان بەم پرۆسەیە دەڵێن پرۆسەی ئاشتی کەچی حکومەتی تورکیا ناوی ناوە تورکیای بێ تیرۆر، ئەمەیش لەو دوو هەزار دیدار و کۆبوونەوەیەی لەگەڵ جەماوەردا ئەنجامیان داوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە دەڵێت: "هاوڵاتیی هەست بە جیاوازییە زۆرەکانی ئەمە دەکات. داواکردنی مافی زمان، داواکردنی دیموکراسی؛ داواکردنی بوون بە هاووڵاتی یەکسان لە زەمینەیەکی دیموکراتیدا، وتنی ئەوەی کە عەلەوییەکان دەبێت ببن بە هاووڵاتی یەکسان، هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆر و تێرۆریست بوونەوە نییە".
ڕووبەڕووی دەرفەتێک بووینەتەوە
باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی ئەرکی ئەم لیژنەیەی لە پەرلەمان پێک هێندراوە دەبێت سارێژکردنی برینەکانی ڕابردوو بێت، دەڵێت: "دەبێت دیدگای هاوبەشی داهاتوو بکێشێت. ئەگەر لیژنەکە لەمەدا سەرکەوتوو بێت ئەوا هەر 86 ملیۆن هاوڵاتییەکەی تورکیا و دیموکراسی براوە دەبن. وەک نان و ئاو هەموومان پێویستمان بە ئاشتییە".
تونجەر باکرهان هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم پرسە تەنها پرسێک نییە کە لە لیژنەیەکی پەرلەماندا قەتیس بکرێت، دەڵێت: "زۆر دامەزراوە هەن، ڕۆڵی زۆر گرنگ دەگێڕن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و بەدیهێنانی ئاشتی. هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەرەوەی بازنەکە نەمێنێتەوە پرسەکە تەنها دیموکراتیزەکردنی پرسی کورد نییە، بەڵکو دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. دادپەروەرییە لە ئابووریدا. تەنها بە قسەکردنی سەرۆکی پارتەکان و کۆبوونەوەی 3-5 نوێنەری پارتەکان ئاشتی بەدی نایەت".