ئەگەر ئەوروپیەكان سوربن لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم؛ وەزیری دەرەوەی ئێران: هیچ رێككەوتنێك بوونی نابێت

#ئێران#ئەوروپا#ئەتۆمیی
10 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • تەلەفزیۆنی ئێران لە زاری عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە بڵاویكردەوە، ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ئەوروپیەكان ناكات و پەیوەندیان لەگەڵ نابەستێت بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر بیر لە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەموو سزاكان دژ بە ئێران بكەنەوە.
Primary Asset

عەباس عەراقچی

سبەی

تەلەفزیۆنی ئێران لە زاری عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە بڵاویكردەوە، ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ئەوروپیەكان ناكات و پەیوەندیان لەگەڵ نابەستێت بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر بیر لە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەموو سزاكان دژ بە ئێران بكەنەوە.

عەراقچی رایگەیاند:"ئەگەر ئەوروپیەكان سوربن لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوەتی، ئەوا هیچ رێككەوتنێك روونادات".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد "ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەیەوێت رێبازێكی نوێ بۆ هاریكاری لەگەڵ ئێران پەیڕەو بكات، بۆ ئەو مەبەستەش ئاژانسەكە تیمێكی بۆ گفتوگۆ پێكهێناوە".

عەراقچی جەختیكردەوە لەوەی "گفتوگۆكانی ئەمجارە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل ئەوپەڕی قورس دەبن، پێویستە تێبگەن لەوەی هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانمان وایكرد رێگای گفتوگۆ زیاتر ئاڵۆز و قورس بێت".

"هیچ راگرتنێكی فەرمیی شەڕ دوای هێرشەكەی ئەمدواییە رووینەداوە، بۆیە هەموو ئەگەرێك كراوەیە، وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران لەم هێرشانەی دواییدا زیانێكی زۆریان بەركەوت". عەباس عەراقچی وای وت.

لەلایەن خۆیەوە، عەباس گوڵڕوو، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند:"پەرلەمان لە ڕووی یاساییەوە چۆنیەتی كشانەوەی ئێران لە پەیماننامەی سنوردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەكیی ئەتۆمیی تاوتوێ دەكات".

گوڵڕوو دەشڵێت "هیوادارین گفتوگۆكانی ئەمدواییە لەگەڵ ئەوروپیەكان بگاتە ئەنجام، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو نەبێت و ئەوروپیەكان بەرەو بەكارهێنانی ئامڕازی پەلەپیتكە هەنگاو بنێن، ئاساییە ئێرانیش وەڵامی خۆی هەبێت".

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، "پرسی پێشنیازكراو لە خشتەی كارەكانی ئێستای پەرلەمان، گفتوگۆی كشانەوەی ئێرانە لە پەیماننامەی سنوردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمیی، ئەگەر مانەوە تێیدا سودی نەبێت، بەڵكو ببێتە هۆی زیان و كارەسات، دەكرێت كشانەوەی خۆمان رابگەیەنین".

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە "ناپاكی" تۆمەتبار دەكات و دەشڵێت "گەورەترین پرۆسەی پشكنینیان ئەنجامدا، گەورەترین بودجەش لە ئێران بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دیاریكرا، گەورەترین تواناشیان خرایەبەردەست بۆ پشكنین، بەڵام پابەندی هیچ پەیماننامەیەك نەبوون لەگەڵماندا، سەرەڕای ئەوەش بەڵگەكانیان پێشكەش بە هەواڵگری دەوڵەتان كرد، ئەوەش گەورەترین ناپاكییە بەرامبەرمان".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی