هیچ دووكەڵێك بێ ئاگر نییە؛ ئایا راستڕەوێكی توندڕەوی نزیك لە ترەمپ دەیەوێت تۆم باراك لە دۆسیەی سوریا دووربخاتەوە؟

#سوریا#تورکیا#لوبنان#ئەمەریکا#تۆم باراک#لۆرا لۆمەر
8 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە چەند كاتژمێری رابردوودا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبوون لە هەواڵی دوورخستنەوەی تۆم باراك لە دۆسیەی سوریا و لوبنان لەلایەن ئیدارەی ئەمەریكاوە، دوای ئەوەی لۆرا لۆمەر میدیاكار و چالاكوانێكی كۆمارییەكان كە راستڕەوێكی پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایە هەواڵەكەی لە تۆڕی ئێكس بڵاوكردەوە، تێیدا داوا دەكات باراك لە دۆسیەی سوریا دووربخرێتەوە.
Primary Asset

تۆم باراك لە ئیستانبوڵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەتەوە

سبەی

"هیچ دووكەڵێك بێ ئاگر نییە" ئەوە وتەیەكی شەعبییە، دەكرێت بەسەر هەواڵی دوورخستنەوەی تۆم باراك لە دۆسیەی سوریا و لوبنان جێبەجێ بكرێت، كە هاوكات باڵیۆزی ئەمەریكایە لە توركیا.

لە چەند كاتژمێری رابردوودا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبوون لە هەواڵی دوورخستنەوەی تۆم باراك لە دۆسیەی سوریا و لوبنان لەلایەن ئیدارەی ئەمەریكاوە، دوای ئەوەی لۆرا لۆمەر میدیاكار و چالاكوانێكی كۆمارییەكان كە راستڕەوێكی پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایە هەواڵەكەی لە تۆڕی ئێكس بڵاوكردەوە، تێیدا داوا دەكات باراك لە دۆسیەی سوریا دووربخرێتەوە.

تەنانەت قسەو باسەكان لە رۆڵی تۆم باراك لە سوریا تێپەڕیوە و باس لەوە دەكرێت لە دۆسیەی لوبنانیش دووربخرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەتیدەكاتەوە هیچ پلانێكی هەبێت باراك لە دۆسیەی لوبنان دووربخاتەوە، بەبێ ئەوەی باس لە بەرپرسیارێتیەكەی بكات لە دۆسیەی سوریا.

لۆمەر لە پەیامەكەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" بابەتێكی بەناونیشانی "قەیرانی وردبوونەوە لە ئیدارەی ترەمپ تەنها لە كارمەنداندا كورت نابێتەوە، بەڵكو درێژ دەبێتەوە بۆ باڵیۆزەكانی ئەمەریكا" بڵاوكردووەتەوە.

ئەو دەڵێت "ملیاردێر تۆم باراك جەمسەری بیناسازییە، باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا، كە نێردەی تایبەتە لە سوریاش، تووشی لێكۆڵینەوەیەكی ورد بووە بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی دەرەكیی ئیسلامییەكانی كردووەتە پێشینە بەسەر بەهاكانی ئەمەریكاوە، پشتیوانی ئاشكرای بۆ توندوتیژی جیهادییەكان راستگۆیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێكدەدات".

بەپێی راپۆرتێكی "ئەسۆشەیتد پرێس" هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ رۆڵی لۆرا لۆمەری كەمكردووەتەوە لە پرۆسەی بڕیاردان لە ئیدارەكەیدا، بەڵام لیستی ئەو بەرپرسانەی ئیدارەكەی كە توڕەی كردوون لە زیادبووندایە، رەنگە هەندێكیان بەخێرایی دووربخاتەوە".

لۆمەر دەڵێت "دامەزراندنی باراك كارەساتێكە كە دەكرێت دەسەڵاتی جیهادیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بكات". تۆمەتباریشی دەكات بەوەی "توانای دیپلۆماسی و ئەمنیی نییە و كلاسیكییە، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ كۆكردنەوەی پارە بەكاردەهێنێت، پسپۆڕیەكانیشی یارمەتیدەری نییە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی ئەمەریكا لە ناوچەكە و بەتایبەتیش ناوچەیەكی پڕكێشەی وەك سوریا".

ئەو چالاكوان و میدیاكارە ئەمەریكیە دەڵێت "تۆم باراك لە ساڵی 2021 لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریكاوە تووشی لێپرسینەوە بووە، بەهۆی ئەو پەیوەندییە دارایی و سیاسییە دەرەكییەی هەیبووە، هەرچەندە هیچی لەسەر نەسەلماوە، بەڵام رێگاكانی ئاشكرایە، ئەمەش بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی دەرەوە پێی وتوم".

لۆمەر مێژووی تۆم باراك بە "پڕ لە تۆمەتی گەندەڵی ناودەبات، بەتایبەتی كاتێك كارە ئابورییەكانی كە لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریكا یەكینەگرتووەتەوە". هەروەها دەشڵێت "ئەوكاتەی باڵیۆز بووە لەتوركیا كارەكانی تورەیی لێكەوتووەتەوە و لەگەڵ سیاسەتی توركیا یەكیگرتووەتەوە، جگە لەوەی پشتیوانی ئیسلامیەكانی كردووە لەوانەش ئیخوان موسلیمین، ئەم كارانەش ناپاكییە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا بەتایبەت ئیسرائیل".

بەوتەی ئەو ژنە چالاكوان و میدیاكارە ئەمەریكیەی نزیك لە ترەمپ، "پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، بەخێرایی تۆم باراك دووربخرێتەوە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی