کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
سبەی
سبەینێ دوا وادەیە بۆ یەكلابوونەوەی ئەو رێككەوتنەی 17 ی تەموز لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداد ئەنجامدرا، هەرێم داوای گرەنتی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكانی دەكات بەهۆی هێرشە درۆنییەكانیەوە تا بەرهەم بگەیەنێتە ئەو ئاستەی بەغداد داوایكردووە، بەغدادیش بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران داوای هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو دەكات و "پێی وایە كێڵگەكانی هەرێم لەوە زیاتر بەرهەم دەهێنن كە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان باسی دەكەن".
كێڵگە نەوتییەكان و كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی هەستیاردان، دوای ئەو زنجیرە هێرشەی بە درۆن كرایەسەریان كە زۆربەیان لە مانگی تەموزدا بوون، وایكرد بەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری بەرهەمهێنانی نەوت رابگیرێت و كۆمپانیاكان كارەكانیان رابگرن.
پێش هێرشەکان بەرهەمی نەوت چەند بووە؟
بەپێی ئەو زانیاریانەی پێشتر بڵاوكراونەتەوە، پێش هێرشەكان بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان 280 بۆ 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، بەڵام بەهۆی هێرشەكانەوە گەیشتووەتە نزمترین ئاست كە 81 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، ئێستاش بەشێوەیەكی پلەبەندی و بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" كە لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەستیكەوتووە، ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتەوە نزیكەی 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەڵام بەغداد گومانی هەیە لەوەی كێڵگەكانی نەوتی هەرێم دەتوانن لەو بڕە نەوتە زیاتر بەرهەم بهێنن، هەر ئەوەش وایكردووە لیژنەی وەزارەتی نەوتی عێراق وكۆمپانیای سۆمۆ زیاتر لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە و لێكۆڵینەوە لە بەرهەمهێنانی نەوت و هێرشە درۆنییەكان بكەن، ئەوەی گومانەكەشی زیادكردووە هەندێك كۆمپانیا لە بەشێك لە كێڵگەكان بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكیان بەركەوتبێت كارەكانیان راگرتووە.
هەرێم داوای چی کردووە؟
لەبەرامبەردا، هەر بەپێی زانیارییەكان هەرێمی كوردستان داوایكردووە رێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی كێڵگە و دامەزراوە نەوتییەكانی، لەوانەش بڵاوەپێكردنی هێزی زیاتر لەدەوری كێڵگە نەوتییەكان، لەگەڵ چالاككردنی سیستمی چاودێری و هۆشداری پێشوەختە، لەگەڵ ئەوەشدا گرەنتی دان بە پاراستنی وەبەرهێنان و بەردەوامیی بەرهەمهێنانی نەوت وەك شادەماری ئابوری ناوخۆیی.
بەشێك لە كێڵگەكان لەوانەش DNO ASAنەرویجی كە لە دوو كێڵگەی زاخۆ كاردەكات لەنزیك سنوری توركیا كارەكانیان راگرتووە، دوای ئەوەی 16 ی تەموز سێ درۆنیان ئاراستەكرا، بەڵام رایانگەیاندووە هەر گرەنتییان پێبدرێت كە سەلامەت دەبن دەست بەكار دەكەنەوە، بەڵام كۆمپانیای Gulf Keystone Petroleum ی بەریتانی لە كێڵگەی شێخان كاردەكات كارەكانی راگرتووە، هەرچەندە كێڵگەكە راستەوخۆ بەر هێرشی درۆنیی نەكەوتووە، بەڵام راپۆرتیان پێگەیشتووە كە دەوروبەری كێڵگەكە هێرشی دەكرێتەسەر.
كۆمپانیای HKN Energy ی ئەمەریكیش كارەكانی لە كێڵگەیەكی دهۆك راگرتووە، دوای ئەوەی بە درۆنێك هێرشی كرایەسەر، كۆمپانیای Hunt Oil ئەمەریكیش بە هەمانشێوە كارەكانی لە دهۆك راگرت.
22 هێرشی درۆنیی لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە
بەوتەی سەرچاوەیەكی بەرپرسی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە 22 هێرشی درۆنیی لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە كە زۆربەیان بۆسەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، بەڵام ئەو لیژنەیەی لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێكهێندراوە تا ئێستا راپۆرتی كۆتاییان نەداوەتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان ئامادەیە "ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمی دەهێنێت رادەستی عێراقی بكات و هەركاتیش بەرهەمهێنان گەیشتەوە ئەو ئاستەی عێراق داوایكردووە هەموو نەوت رادەست بكات جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ ناوخۆ پێویستە، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق مووچەی مانگی شەش بنێرێت و دەست بە ناردنی مووچەی مانگەكانی دیكەش بكات".
هەرێم ئامادەیە نەوت و داهاتی نانەوتیی رادەست بکات
هەر بەوتەی ئەو بەرپرسە، هەرێم ئامادەشە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد بكات، كە پێشتر و بەپێی رێككەوتنەكەی 17 ی تەموز لەسەر 120 ملیار دیناری مانگانە رێككەوتوون".
ئەو زانیارییانە لەكاتێكدان، دوای لێكتێگەیشتنەكەی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر مووچە و نەوت، سودانی بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی پێنجی دا، بەڵام دوای ئەوە دووبارە ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە كێشەی تێكەوت و چەند لیژنەیەك دووبارە پێكهێنرانەوە بۆ ئەم پرسە.
سبەی یەكشەممە دوایین وادەی كاركردنی ئەو چوار لیژنە هاوبەشەیە كە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بوارەكانی (نەوت، داهاتی ناوخۆ، بودجە، و هەژماری من) پێكهێنراون. هەرچەندە تەنها لیژنەی نەوت سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەڵام سەرجەم لیژنەكان دەبێت ڕاپۆرتی كۆتایی خۆیان ئاراستەی لیژنەی باڵای وزاری و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بكەن تا بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنەوەی نەوت و هێرشە درۆنییەكان بدرێت.