هەسەدە لەسەر پێکدادانەکەى دێر حافر وەڵامى سوریا دەداتەوە

#هەسەدە#سوریا
15 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 15 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • نوسینگەى راگەیاندنى "هەسەدە" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، هێزەکانیان مافى بەرگریکردن لە خۆیان بەکارهێناوە بەرانبەر هێرشى ئەو گروپانە بۆ سەر دێر حافر کە لەلایەن حکومەتى سوریاوە پشتیوانى دەکرێن.
Primary Asset

سبەى

هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) جەختدەکاتەوە هێزەکانیان مافى بەرگریکردنیان لەخۆیان بەکارهێناوە لە سنورى دێر حافر سەر بەپارێزگاى حەڵەب، ئەوەش لە وەڵامى وەزارەتى بەرگرى سوریا کە هەسەدەى بە هێرشکردن تۆمەتبارکردبوو.

درەنگانى شەوى رابردوو لە سنورى دێر حافر پێکدادان لەنێوان هێزەکانى هەسەدە و چەند گروپێکى چەکدارى سەر بە سوریا روویدا.

نوسینگەى راگەیاندنى "هەسەدە" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، هێزەکانیان مافى بەرگریکردن لە خۆیان بەکارهێناوە بەرانبەر هێرشى ئەو گروپانە بۆ سەر دێر حافر کە لەلایەن حکومەتى سوریاوە پشتیوانى دەکرێن.

هەروەها قسەکانى ئیدارەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى وەزارەتى بەرگرى سوریاى رەتکردووەتەوە لەبارەى ئەوەى هێزەکانى هەسەدە هێرشیان کردبێتە سەر خاڵێکى سوپا و دەڵێت، ئەو رووداوە بە پێچەوانەوە روویداوە، گروپە ناڕێکخراوەکانى ریزى هێزەکانى سوریا بەردەوام بوون لە هەراسانکردن و هێرشى دووبارە بۆ سەر هێڵەکانى تەماس لە دێر حافر و ئەوەش هۆکارى پێکدادانەکە بووە.

نوسینگەى راگەیاندنى "هەسەدە" جەختیشیکردووەتەوە، ئەو گروپانە ئێوارەى شەممە بەدۆشکە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانى نیشتەجێبوونى هاوڵاتیان بەبێ هیچ پاساوێک، هێزەکانى هەسەدەش لەچوارچێوەى مافى بەرگریکردن لەخۆیان وەڵامیان داونەتەوە.

داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى سوریا دەکات بەرپرسیارێتى دۆخەکە هەڵبگرن و گروپەچەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەپێی روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە پێکدادانەکەدا چەکی مامناوەند و قورس بەکارهێنراوە، لەگەڵ تۆپبارانکردنی یەکتر. 

ئاماژەى بەوەشکردووە، ڕۆژی 28ی نیسان، لە سنورى بەنداوی تشرین لە دەوروبەرى ڕۆژهەڵاتی حەلەب، جموجۆڵى سەربازی هەستى پێکراوە، لەگەڵ زیادبوونى گرژییەکانى نێوان هەسەدە و گروپەکانى سەر بە سوریا، کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر دەوروبەری بەنداوەکە.

روانگەى سورى دەڵێت، هێزە سەربازییەکانی هەردوولا گەڕاونەتەوە بەرەکانى پێشەوە، هێزەکانی هەسەدە لە گوندی ئەبو قەلقەل کە 7 کیلۆمەتر لە بەنداوەکەوە دوورە جێگیربوون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی