مژدە بۆ هاندەرانی سەرسەخت: سەیرکردنی یاریی تۆپی پێ ئاستی زیرەکی بەرز دەکاتەوە و مێشک چالاکتر دەکات

#مێشک#وەرزش#تۆپی پێ#یاری#هاندەر#سەیرکردن
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن ئەو هاندەرە سەرسەختانەی بە وردی سەیری تۆپی پێ دەکەن، لەو کاتەدا مێشکی خۆشیان گەشە پێدەدەن. ئەوانەیش لە کاتی سەیرکرندا یارییەکان شرۆڤە دەکەن ئەوا توانای سەرنج، یادگە و بڕیاردانیان بەهێزتر دەبێت.
Primary Asset

سبەی

توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن ئەو هاندەرە سەرسەختانەی بە وردی سەیری تۆپی پێ دەکەن، لەوکاتەدا مێشکی خۆشیان گەشە پێدەدەن. ئەوانەیش لە کاتی سەیرکرندا یارییەکان شرۆڤە دەکەن ئەوا توانای سەرنج، یادگە و بڕیاردانیان بەهێزتر دەبێت.

زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەیرکردنی یاریی تۆپی پێ تەنها شێوازێک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکوو بە ئاگاییانە سەیرکردنی یاری مێشک بە چالاکی دەهێڵێتەوە، توانای سەرنجدان و شیکاری پەرە پێ دەدات، تەنانەت ئاستی زیرەکیش بەرز دەکاتەوە.

بەپێی ئەو توێژینەوانەوە نەک تەنها ئەو هاندەرانەی بۆ بینینی یارییەکان دەچنە یاریگا، تەنانەت ئەوانەی لە شاشەکانیشەوە سەیری یارییەکان دەکەن، هەمان ئەو سوودانەیان پێ دەگات.

بەپێی ئەو توێژینەوانە کە لە سوید، ئەمەریکا و بەریتانیا ئەنجامدراون، دەرکەوتووە ئەوانەی بە وردی سەیری تۆپی پێ دەکەن، مێشکیان بەهێزتر دەبێت.

پەیمانگای کارۆلینسکا: یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ خاوەنی توانای هزریی بەرزن

پەیمانگای کارۆلینسکای ناسراوی جیهانی لە سوید، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر یاریزانانی خولی نایاب ئەنجامی داوە، گەیشتووەتە ئەنجامی سەرنجڕاکێش.

بۆ توێژینەوەکە توانای هزریی یاریزانەکان کە پێی دەوترێت "ئەرکی جێبەجێکاری" (پلاندانان، سەرنجدان، نەرمی لە گۆڕینی سەرنج، بڕیاردان) تاقی کرایەوە. 

لە ئەنجامدا دەرکەوت بەشی زۆری یاریزانەکان دەکەونە ناو پۆلێنی زیرەکترینی 2%ـی کۆمەڵگاوە.

جگە لەوە دەرکەوت بەدەستهێنانی نمرە بەرزەکانی ئەم تاقیکردنەوانە، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکەوتنی یاریزانەکانەوە هەیە لەناو یاریگادا. تۆمارکردنی گۆڵ و ئاستی گشتیی یاریی هاوتەریب لەگەڵ ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوانەدا گەشە دەکەن.

دکتۆر پرێدراگ پترۆڤیچ، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم ئەنجامانە دەریدەخەن نەک تەنها توانای جەستەیی، بەڵکو توانای هزریش لە سەرکەوتنی تۆپی پێدا یەکلاکەرەوەیە.

مێشکی بینەرانیش "لەناو یارییەکەدایە"

زانکۆی شیکاگۆوە توێژینەوەیەکی لەسەر ئەو وەرزشوان و بینەرانە ئەنجام داوە کە شرۆڤەی یارییەکانی تۆپی پێیان کردووە.

 لە کاتی سەیرکردنی یارییەکاندا، وێنەی مێشکی بەشداربووان تۆمار کراوە. لە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەدا دەرکەوت جگە لە وەرزشوانان، بەشەکانی پلاندانانی جوڵە و شیکردنەوەی مێشکی ئەو بینەرانەش بە هەمان شێوە چالاک بووە کە هاندەری سەرسەخت بوون و بە ئاگایی تەواوە سەیری یارییەکانیان کردووە. 

ئەم ئەنجامانە ئەوە نیشان دەدات بینەرانیش لە ڕووی هزرییەوە "بەشداری" لە یارییەکەدا دەکەن. بەتایبەت ئەو کەسانەی تاکتیکەکانی ناو یارییەکە شیدەکەنەوە، گۆڕانکاریی یاریزانەکان شرۆڤە دەکەن و ستراتیژ دادەنێن، ناوچەکانی چارەسەرکردنی کێشە لە مێشکیاندا زیاتر دەوروژێن.

زانکۆی ئۆکسفۆرد: زیرەکیی یاریزانانی تۆپی پێ بە زیرەکیی دەستکرد دەناسرێتەوە

لە توێژینەوەیەکدا کە ئەمساڵ بە سەرپەرشتیی زانکۆی ئۆکسفۆرد ئەنجامدرا و زیاتر لە 200 یاریزانی ئاستبەرزی گرتەوە، دەرکەوت کە یاریزانانی تۆپی پێ بە بەراورد بە دانیشتووانی گشتی، خاوەنی ئاستێکی زۆر باڵاتری یادگە، سەرنج و نەرمی هزریین.

هەروەها ئەم توێژینەوەیە بەهۆی پەرەپێدانی مۆدێلێکی زیرەکیی دەستکردەوە سەرنجی ڕاکێشا، کە توانیویەتی تەنها بە بەکارهێنانی تایبەتمەندییە هزری و کەسایەتییەکانی یاریزانەکان، بە ڕێژەی 97% پێشبینیی ناسنامەیان بکات.

 ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە تۆپی پێ تەنها بریتی نییە لە هێزی ماسولکە، بەڵکو زیرەکیی هزریش بەشێکی دانەبڕاوی یارییەکەیە.

سەرسەختی هاندەران سیستەمی پاداشتی مێشک دەوروژێنێت

بە سەرنجەوە سەیرکردنی تۆپی پێ، هەروەها سیستەمەکانی کاردانەوەی سۆزداری و یادگەش دەخاتە کار. 

لە توێژینەوەیەکی هاوبەشی پورتوگال و بەریتانیا و بە بەکارهێنانی تەکنیکی وێنەگرتنی مێشک (fMRI) لە کاتی سەیرکردنی یاریدا وێنەی مێشکی 53 هاندەری سەرسەخت تۆمار کرا. 

لە کاتی جوڵە ئەرێنییەکانی تیپی هاندەران، سیستەمەکانی پاداشت و هاندانی مێشکیان چالاک دەبوو؛ لە ساتە نەرێنییەکانیشدا، ناوەندەکانی ئازار و نائومێدی چالاک دەبوون.

ئەمە نیشانی دەدات کە سەرسەختیی هاندەران لە ئاستی سۆزدارییەوە  چ کاریگەرییەک دەکاتە سەر مێشک و چۆن ئەم کارلێکە دەتوانێت ڕەنگبداتەوە لە بوارەکانی وەک یادگە، سەرنج و هاوسۆزیی کۆمەڵایەتیدا.

ئەگەر بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی تاکتیکییەوە سەیری یارییەکان دەکەیت، ئەوا مێشکیشت بەشداری لە یارییەکەدا دەکات. تۆ تەنها کات بەسەر نابەیت، بەڵکو لە هەمان کاتدا توانا هزرییەکانیشت پەرە پێدەدەیت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی